سبەى
چوارچێوەى هەماهەنگى دەسەڵاتدار لە عێراق دیاریکردنى نێردەى ترەمپ بۆ کاروبارى عێراق بە دەستوەردانى روون لە کاروبارى ناوخۆیی وڵات دادەنێت، لەکاتێدا بەپێی کەناڵێکى ئەمەریکى ئەو هەنگاوەى ترەمپ لەچوارچێوەى جموجۆڵەکانیدایە بۆ فراوانکردنى بازنەى رێککەوتنەکانى ئەبراهام و بوونى بەغداد بەبەشێک لە رێککەوتنەکان.
رۆژی یەكشەممە (19ـی تشرینی یەكەمی 2025)، دۆناڵد ترەمپ، بازرگانێكی كلدانی بە ڕەچەڵەك عێراقی بەناوی (مارك ساڤایا)ـی وەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق دیاریكرد، کە لە هەڵبژاردنەكانى سەرۆکایەتى ئەمەریکا بەخشەرێكی گەورەی پارە بوو بۆ كەمپەینی هەڵبژاردنەكانی ترەمپ.
بەپێی راپۆرتێکى کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمەریکى، دیاریکردنى مارك ساڤایا وەک نێردەى ترەمپ بۆ عێراق، لە چوارچێوەى هەوڵەکانى ترەمپدایە بۆ فراوانکردنى رێککەوتنەکانى ئەبراهام و گرتنەوەى وڵاتى دیکە لەناویاندا عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵێکى دیبلۆماسی بە ئامانجى پتەوکردنى پێگەى واشنتن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دواى واژۆکردنى رێککەوتنى ئاشتى نێوان حەماس و ئیسرائیل کە کۆتایی هاتنى شەڕى غەززەى لێکەوتەوە.
بەپێی کەناڵەکە، مارك ساڤایا پەیوەندى باش و بەرفراوانى هەیە لەناوچەکە، پێشبینى دەکرێت رۆڵێکى میحوەرى بگێڕێت بۆ کردنەوەى رێگا لەبەردەم بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا و بەشداریکردنى وڵاتان لەهەوڵەکانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەناوچەکە، بەتایبەتى دواى لێدوانەکانى ترەمپ لە لوتکەى شەرم شێخ لەبارەى غەززە کە گەشبینى خۆى دەربڕى بەوەى ژمارەیەکى زیاتر لە وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامى بچنە ناو رێککەوتنەکانى ئەبراهامەوە.
رێککەوتنەکانى ئەبراهام ئاماژەیە بۆ ژمارەیەک رێککەوتنى ئاشتى و ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتى عەرەبى بەسەرپەرشتى ئەمەریکا. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2020 ئەو زاراوەیە بەکارهێنرا لەبەیاننامەیەکى هاوبەشى ئیسرائیل و ئیمارات و ئەمەریکادا کە دواتر بووە ناوى رێککەوتنەکانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هەریەکە لە ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سودان.
ساڤایا كاری بازرگانی دەكات و دامەزرێنەری كۆمپانیای لیف و بەد (Leaf and Bud)ـە. كۆمپانیاكە لە بواری حەشیش كار دەكات و هەردوو جۆری ماریوانای پزیشكی و كاتبەسەربردن دەفرۆشێت.
بەپێی پرۆفایلەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی لینكتن، مارك ساڤایا هیچ پێشینەیەكی لە بواری حكومەت، سیاسی و دیپلۆماسییدا نییە، ئەوەش نیگەرانیی لەسەر تواناكانی لە بەڕێوەبردنی پۆستێكی دیپلۆماسیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
تا ئێستا بەفەرمى عێراق هیچ هەڵوێستێکى لەو بارەیەوە دەرنەبڕیوە، بەڵام ئەندامێکى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعى دەسەڵاتدار دەڵێت ئەو هەنگاوەى ترەمپ رەتدەکەنەوە بەتایبەتى کە ساڤایا هیچ شارەزاییەکى دیبلۆماسی و سیاسی نییە و بۆ وڵاتێک دیاریکراوە کە رووبەڕووى ئاڵنگاریی ئەمنى و سیاسی و ئابورى گەورە بووەتەوە.
عیمران کەرکوشى ئەندامى هاوپەیمانێتییەکە بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاندووە، ئەو بڕیارەى ترەمپ دەستوەردانى روونى کاروبارى ناوخۆیی عێراقە، رەنگدانەوەى خواستى واشنتنە بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆى بەسەر بڕیارەکانى عێراقدا و پرسیارى زۆر دەوروژێنێت لەبارەى نیازى ئەمەریکا بۆ شێوازى مامەڵەکردنى لەگەڵ عێراق.
بەپێی بڵاوكراوەكانی سۆشیاڵ میدیاكەی، پەیوەندییەكانی نێوان ساڤایا لەگەڵ ترەمپ بەهێزە و لە چەندین بۆنەدا هەردووكیان بەشداربوون. لە كەمپەینی هەڵبژاردنەكاندا، رۆڵی مارك ساڤایا كاریگەر بوو، بە تایبەت كاریگەریی لەسەر دەنگدەرانی موسڵمانی ئەمەریكی لە ویلایەتی میشگن.
سەبارەت بە هۆكاری دەستنیشانكردنی مارك ساڤایا وەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا، ترەمپ رایگەیاند "مارك تێگەیشتنێكی قووڵی هەیە بۆ پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا، هەروەها پەیوەندییەكانی لە ناوچەكە یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا."
دیاریکردنى مارك ساڤایا بۆ ئەو پۆستە پێش کەمتر لە مانگێک دێت لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە 11 ى تشرینى دووەمى داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا ترسەکان لەبارەى ئەگەرى دەستپێکردنەوەى شەڕى ئێران و ئیسرائیل هێشتا نەڕیوەتەوە کە لەئەگەرى روودانیدا رەنگە کاریگەرى لەسەر دۆخى عێراق دروستبکات.
لە سیستمى دیبلۆماسی ئەمەریکادا، نازناوى نێردەى تایبەت ئاماژەیە بۆ کەسێک کە لەلایەن سەرۆک یان وەزیرى دەرەوە دیاریدەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەیەکى دیاریکراو، کە زۆربەیجار لەدەرەوەى چوارچێوەى کارکردنى باڵیۆزخانەکاندایە.
نێردە هەڵگرى سیفەتى باڵیۆز نییە، بۆیە پێویستى بە دەنگدان نییە لە ئەنجومەنى پیران.
هەرچەندە هیچ لێدوانێکى فەرمى نییە لەبارەى رۆڵى پێشووى مارك ساڤایا لە عێراق، بەڵام ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئەو توێژەرە روسی- ئیسرائیلییەى مانگى رابردوو دواى دوو ساڵ لە رفاندنى لەلایەن گروپە چەکدارە عێراقییەکانەوە ئازادکرا، رۆڵى ساڤایاى ئاشکراکرد، کاتێک رایگەیاند کە رۆڵى هەبووە لە پڕۆسەى ئازادکردنیدا.