ترەمپ داوای لە زیلینسکی کردووە بە مەرجەکانی پوتین رازی ببێت ئەگەرنا لەلایەن روسیاوە تێکدەشکێنرێن

#ئەمەریکا#روسیا#ئۆکراینا#دۆناڵد ترەمپ#ڤۆلۆدمیر زیلینسکی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • جارێکی تر گفتوگۆی توند لەنێوان ترەمپ و زیلینسکی دروست دەبێتەوە، ترەمپ داوا دەکات بە مەرجەکانی پوتین رازی ببێت و رازی بێت هەرێمی دۆنباس رادەستی روسیا بکات
Primary Asset

زیلینسکی و ترەمپ

سبەی

جارێکی دیکە گفتوگۆی توند لەنێوان ترەمپ و زیلینسکی دروست دەبێتەوە، ترەمپ داوا دەکات بە مەرجەکانی پوتین رازی ببێت و هەرێمی دۆنباس رادەستی روسیا بکات.

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی یەکەمی 2025)، لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد، هەرچەندە هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی پێناسە کرد، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی فاینانشەڵ تایمز، ترەمپ توڕە بووە و داوای لە زیلینسکی کردووە بە مەرجەکانی پوتین رازی ببێت.

بەپێی راپۆرتەکەی فاینانشەڵ تایمز، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی، گفتوگۆی توند لە نێوان ترەمپ و زیلینسکی روویداوە و ترەمپ زۆر بە توندی قسەی کردووە.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەمەریکا، نەخشەی بەرەکانی شەڕی ئۆکراینای دوورخستووەتەوە و جەختی لە رادەستکردنی تەواوی هەرێمی دۆنباسی کردووە و بەردەوام قسەکانی ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیای بە زیلینسکی وتووەتەوە.

کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و زیلیسنکی دوای ئەوە هات، فشارەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراینا و روسیا دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت. ترەمپ دەیەوێت شەڕی ئۆکراینا و روسیا هاوشێوەی ئیسرائیل و حەماس رابگرێت.

چوونی زیلینسکی و تیمەکەی بۆ کۆشکی سپی، بۆ بەدەستهێنانی موشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆک بوو، بەڵام ترەمپ رەتی کردووەتە ئەو موشەکە بە ئۆکراینا بدات.

لە کۆبوونەوەکەی هەینی، بەپێی راپۆرتەکەی فاینانشەڵ تایمز، کە لە سەرچاوە ئەوروپییەکانی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە دەستی کەوتووە، ترەمپ بەشێکی زۆر لە قسەکانی لە کۆبوونەوەکە دژی قسەکانی پێشووی بووە لەسەر شەڕی ئۆکراینا.

بەپێی سەرچاوە ئەوروپییەکان، وەک لە راپۆرتەکەی فاینانشەڵ تایمزدا هاتووە، ترەمپ بە زیلینسکی وتووە، "پوتین پێی وتم، بۆ روسیا شەڕەکە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە نەک جەنگ، بۆیە ئۆکراینییەکان پێویستە رێککەوتن بکەن یان تێکدەشکێن،" هەروەها ترەمپ بە زیلینسکی وتووە: "جەنگەکە دەدۆڕێنیت ئەگەر پوتین بیەوێت، پوتین تێکتدەشکێنێت."

لە کۆبوونەوەکەدا، ترەمپ نەخشەی بەرەکانی شەڕی خستووەتە لاوە و توویەتی: "شێت بووم بە دەست بینینی نەخشەی بەرەکانی شەڕی ئۆکراینا هەموو جارێک دووبارە و دووبارە،" وتووشیەتی: "من هەر نازانم ئەو هێڵە سورانە لە کوێیە، من هەرگیز لەوێ نەبووم،" بەپێی راپۆرتەکەی فاینانشەڵ تایمز.

سەبارەت بە دۆخی ئابووری روسیا، بە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا بە زیلینسکی وتووە: "ئابووری روسیا زۆر باشە،" هەرچەندە پێشتر وتبووی ئابووری روسیا داڕوخاوە.

هەڵوێستی ئۆکراینییەکان لەسەر دەستهەڵگرتن لە هەر بەشێکی خاکەکەیان زۆر توندە و بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکەنەوە دەستبەردانی خاکەکەیان ببن بۆ روسیا.

لە چاوپێکەوتنێکی نوێیدا زیلینسکی دەڵێت: "روسیا گەورەترین وڵاتە لە رووی خاکەوە،" بۆیە وەک زیلینسکی دەڵێت: "ئەوەی پوتین دەیکات بۆ بە دەستهێنانی چەند کیلومەترێک خاک نییە، بەڵکو دەربارەی سەربەرخۆیی و سەرەوەی ئێمەیە."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی