عەراقچی و ویتکۆڤ
سبەی
نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرای كرد، گفتوگۆكان لە نێوان واشنتۆن و تاران بەردەوامە، میدیایەكی ئێرانیش ئاماژەی بەوەكردووە وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، سەرۆكی ئاژانسی نێودوڵەتی وزەی ئەتۆمیش هۆشداری داوە لەوەی هێشتا نیگەرانییەكان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران وەك خۆی ماوەتەوە.
واشنتۆن هیوادارە لەگەڵ ئێران بگات بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی
ستیڤ ویتكۆڤ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێس" رایگەیاند: لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین، ئێرانییەكان خوازیاری دانوستان و دەستپێكردنەوەی گفتگۆكانن لەگەڵ ئەمەریكا".
جەختیشی كردەوە لەوەی "واشنتۆن هیوادارە لەگەڵ ئێران بگات بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی بۆ كۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییە درێژخایەنەكانی نێوانیان و بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێنەوە".
لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی "هەفتی سوبحی"ـی ئێرانی ئاشكرای كردووە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نهێنی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەگەری هەیە هەردوو وڵات بەم زووانە بە شێوەیەكی نهێنی لە قەتەر یان عەممان كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران.
هەر لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ئاژانسەكە پشتڕاستی كردووەتەوە، عەراقچی و ویتكۆف لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تەلەفۆن قسەیان كردووە، بابەتی سەرەكی گفتوگۆكانیان پرسی چەكی ئەتۆمی ئێران و دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.
لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە لێدوانەكانی ویتكۆف، دەربارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران رایگەیاند:" پەیوەندییەكان بە نێوەندگیریی لایەنی سێیەم، وەك پێشوو بەردەوام بوونە، بەڵام ناتوانین بڵێین لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەیەكی دانوستانداین لەگەڵ ئەمەریكا".
ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ میدیایەكی ئەوروپی ڕایگەیاندووە "نیگەرانیەكان سەبارەت بە ئەگەری دەستراگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەكراوە".
گڕۆسی جەختی لەوە كردەوە " پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم باوەڕیان بەوە نییە كە ئێران بڕێكی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە شوێنی نادیاردا شاردبێتەوە". ئاماژەی بەوەشكرد "زۆربەی ئەم یۆرانیۆمە پیتێندراوە لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەوانەش ئیسفەهان، فۆردۆ و تا ڕادەیەك لە نەتەنز هەڵگیراوە".
گرۆسی وتیشی:" پشكنەران تەنیا كاتێك دەتوانن دەستیان بە شوێنە ئەتۆمییەكانی ئێران بگات كە تاران ئەم كارە بە ئاراستەی بەرژەوەندی نیشتمانی خۆی بزانێت". بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاماژەی بەوەدا "هاوكارییەكانی ئێران لەگەڵ ئاژانسەكەدا هەرچەندە سنوردارە، بەڵام تا ئەو ڕادەیە نییە كە بتوانین باس لەوە بكەین كە بە تەواوی ئاگاداری وردەكارییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تارانین". دەشڵێت "دانیشتنی هەموو لایەنەكان جارێكی دیكە لەسەر یەك مێز، دەتوانێت لە مەترسی خولێكی نوێی ململانێ و بۆردومان ڕزگارمان بكات".
ئێران نزیكەی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60% ی هەیە
گرۆسی دەڵێت "ئێران نزیكەی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60% ی هەیە و بڕیاردان لەسەر ئەوەی كە چی لەم بڕە یۆرانیۆمە دەكات یەكێكە لە ئاستەنگە سەرەكییەكانی دیپلۆماسی داهاتوو".
" ئەگەر گفتوگۆكان بەردەوام نەبن، مەحاڵە پێشبینی ئەوە بكرێت كە ئەم پرۆسەیە بەرەو كوێ دەڕوات". گرۆسی وا دەڵێت.
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، لە گەشتەكەی هەفتەی ڕابردووی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وتارێكدا لە كنێستی جووەكان لە ئیسرائیل، پێشكەشیكرد ڕایگەیاند: "شتێكی زۆر باش دەبێت ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕێككەوتنی ئاشتی ئەنجام بدەین، پێموایە ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێت."
لە چەند مانگی ڕابردوودا، شاندی دانوستانكاری ئێران و ئەمەریكا، چەندین جار بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی كۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن.
لە كاتێكدا بڕیاربوو كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەبێت، ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان چەندان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە.