تۆمەتبارێکی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان لە فەرەنسا دادگایی دەکرێت

#دادگا#فەرەنسا#کۆمەڵکوژی#ئێزیدییەکان
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە فەرەنسا، تۆمەتبارێک بە ناوی سەبری سەید لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان دادگایی دەکرێت، لەسەر دەستدریژی سێکسی، بازرگانی بە مرۆڤ، ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، کڕین و فرۆشتنی ژمارەیەک کچ و ژن و منداڵی ئێزیدی لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا.
Primary Asset

سبەی

لە فەرەنسا، تۆمەتبارێک بە ناوی سەبری سەید لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان دادگایی دەکرێت، لەسەر دەستدریژی سێکسی، بازرگانی بە مرۆڤ، ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، کڕین و فرۆشتنی ژمارەیەک کچ و ژن و منداڵی ئێزیدی لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا. 

هەرچەندە وا بڵاوکراوەتەوە کە سەبری سەید ساڵی 2018 لە سوریا مردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیی نییە مردنی پشتڕاستبکاتەوە، بۆیە دادگای فەرەنسا بە نائامادەیی خۆی "غیابی" پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو تۆمەتبارەی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان بەڕێوەدەبات، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش لە 2014، لەنێوان عێراق و سوریا هاتوچۆی کردووە. خۆی و هاوسەرەکەی و سێ منداڵی و منداڵێکی هاوسەرەکەی لە مێردی پێشووی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە.

بڕیارە مانگی ئاداری 2026، پڕۆسەی دادگایی کردنی سەبری سەید بەڕێوەبچێت، لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و بازرگانی بە مرۆڤەوە.

دوای زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر روداوەکانی نێوان مانگی ئابی 2014 و ناوەڕاستی 2026، رۆژانی 16 بۆ 20ـی ئاداری 2026 پڕۆسەی دادگایی کردنی سەبری سەید بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە لە سوریا مردووە، بەڵام دادگای فەرەنسا سوورە لەسەر ئەوەی لەبەردەم دادگا ئامادەبێت بۆ ئەوەی تۆمەتەکانی کۆمەڵکوژیی و بازرگانی بە کچان و ژنانی ئێزیدی رووبەڕووی بکاتەوە.

سەبری سەید کێیە؟

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاوی کردەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دادگای لێکۆڵینەوە لە بەشی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی فەرمانی دادگایی کردنی سەبری سەیدی لە دایکبووی ساڵی 1984 لە ناوچەی تولوزی باشوری رۆژئاوای فەرەنسا دەرکرد، لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بەشداریی لە تاوانەکانی جەنگ لە سوریا، بەتایبەت دژی چوار ژنی ئێزیدی و حەوت منداڵەکەیان.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دادگا، سەبری سەید ژمارەیەک کچ و ژن و منداڵی ئێزیدی لە چەکدارانی داعش کڕیووە و لە روی سێکسییەوە بەکاریهێناون بەتایبەت ژن و کچەکانیان.

ئەو ژنە ئێزیدیانە بە دادگایان وتووە، خۆیان و منداڵەکانیانی لە ئاو و خۆراک و چاودێری تەندروستی بێبەشکردووە، ئازادی لێسەندونەتەوە، بەبەردەوامی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەریان، توندوتیژیی بەرامبەریان بەکارهێناوە و زیاتر وەک کاڵا و بوکەڵەی سێکسی مامەڵەی لەگەڵ کردوون.

دادپەروەری بۆ ئێزیدییەکان

کلیمانس بیتکارت، پارێزەری دۆسیەکە رایگەیاندووە: تاوانلێکراوان لە ترسی و تۆقاندندا ژیاون، بۆیە ئارامیان گرتووە و چاوەڕوانی دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارەن بۆ ئەوەی لە رێگای دادگای فەرەنساوە دەنگیان ببیسترێت و دادپەروەری بەدیبهێنرێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک، سەبری سەید لە ساڵی 2018 لە سوریا مردووە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی نەدراوەتە دادگای فەرەنسا، بۆیە دادگا سوورە لەسەر ئەوەی بە نائامادەیی "غیابی" دادگایی بکات و لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە سزای بدات.

بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە (10ـی ئاداری 2015) بڵاوکراوەتەوە، منداڵە تەمەن 12 ساڵەکەی هاوسەرەکەی دیلێکی فەرەنسی بە گوللـە دەکوژێت. ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو دۆسیانەی لە فەرەنسا کاری لەسەر دەکرێت، بەهۆی ئەوەی ئەو منداڵە پەیوەندی بە سەیدەوە هەیە و کوڕی هاوسەرەکەیەتی لە مێردێکی دیکەی.

بڕیارە دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی عەبدولناسر یوسف، ئەمیری داعش و هاوسەرەکەی سۆنیا مەجەڕی کە دواتر گەڕونەتەوە بۆ فەرەنسا، لەسەر هەمان دۆسیەی کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە ساڵی 2027 دادگایی بکرێن.

یەکەم دۆسیەی ئێزیدییەکان لە ئەڵمانیا

سۆنیا مەجەڕی، لەسەر دۆسیەی کچێکی هەرزەکاری ئێزیدی لە بەهاری 2015، وەک یەکەم هاوڵاتی فەرەنسی لە ئەڵمانیا روبەڕووی دادگا کرایەوە و بە سزای تا هەتایی سزا دەدرێت.

لە ئەڵمانیا زۆرترین پەنابەری ئێزیدی دەژین، دوای ساڵی 2015 و شەپۆلی کۆچ بۆ ئەو وڵاتە، ئەڵمانیای سەردەمی ئەنێگێلا مێرکڵ باوەشی بۆ زۆرترین کۆچبەری عێراقی و سوری و بەتایبەتی ئێزیدییەکان کردەوە

یەکەم دۆسیە لەسەر ئاستی جیهان لەو وڵاتە بۆ کۆمەڵکوژییەکانی سەردەمی داعش کرایەوە، لە مانگی تشرینی دووەمی 2021، دادگای فرانکفۆرت، سزای زیندانی تا هەتایی بەسەر هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی تەها جومەیلی سەپاند، لەسەر دۆسیەی جێهێشتنی منداڵێکی تەمەن پێنج مانگ لە فەلوجە تا لە تینوێتیدا بمرێت.

دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 و لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا، ئەو منداڵەی لە دایک و باوکی دوورخستوەتەوە و لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی