
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى نەوت، ساڵى رابردوو بەگشتى زیاتر لە 11 ملیار لیتر بەنزین بەکارهێنراوە
سبەى
وەزارەتى نەوتى عێراق کردنەوەى ئەزموونى پڕۆژەى ستراتیژیى بەرهەمهێنانى بەنزینى موحەسەنى لە نەوتى رەش راگەیاند، بە ئامانجى گەیشتن بە ئاستى خۆبژێوى لە دابینکردنى ئەو سوتەمەنییە و پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆیی.
پڕۆژەکە رۆژى شەممە لە مەراسیمێکدا لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانەوە کرایەوە لە پارێزگاى بەسرە کە بە تەکنیکى پاڵاوتنى (FCC) کاردەکات، کە بەیەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانى پاڵاوتنى نەوت و گۆڕینى نەوتى رەش بۆ سوتەمەنى وەک بەنزین بەکاردەهێنرێت.
وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیەنراوێکدا پڕۆژەکەى بە "ستراتیژیى و بێوێنە" لە بوارى پاڵاوتن ناوبردووە کە ماددە خاوەکەى نەوتى رەشە کە بە پاشماوەى پاڵاوگەکان دادەنرێت و لە رێگەى تەکنیکى پاڵاوتنى (FCC) دەگۆڕدرێت بۆ بەنزینى موحەسەن.
پاڵاوگەکە تواناى بەرهەمهێنانى رۆژانەى زیاتر لە 4500 مەتر سێجا بەنزینى هەیە، لەگەڵ بەرهەمهێنانى غازى شل بەبڕى 750 تۆن لە رۆژێکدا.
بودجەى پڕۆژەکە لەرێگەى قەرزى ژاپۆنییەوە دابینکراوە کە بڕەکەى زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە و لەماوەى 30 ساڵى داهاتوو دەدرێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مەراسیمى کردنەوەى پڕۆژەکە رایگەیاند، حکومەتەکەی پلانێکی داڕشتووە بۆ گەڕاندنەوەى نزیکەی 10 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت لە رێگەی ڕاگرتنی هاوردەکردنی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دوای گەیشتن بەئاستى خۆبژێوی.
سودانی جەختی لەوەکردەوە کە ئامانجێکی دیاریکراویان داناوە کە تا ساڵی ٢٠٣٠، ٤٠%ی ئەو بڕە نەوتەی عێراق هەناردەی دەکات بەکاریدەهێنن بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمە نەوتییەکان و تا ئێستا ٣٥%ی ئەو ئامانجەیان بەدەستهێناوە.
دەشڵێت، پلانەکە چوار ملیار دۆلار پاشەکەوت دەکات، کە بۆ هاوردەکردنی غاز تەرخانکرابوو، لەگەڵ شەش ترلیۆن دینار کە بۆ هاوردەکردنی سوتەمەنى خەرجدەکرێت.
پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغى ئەزموونیدایە و وەزارەتى نەوت دەڵێت لەگەڵ تەواوبوونى ئەو قۆناغە و دەستپێکردنى قۆناغى کارپێکردنى تەواوەتى دەگەن بە قۆناغی خۆبژێوی لە بەنزین.
حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند "ئەم پڕۆژەیە هاوردەکردنی بەنزین بەتەواوی ڕادەگرێت، بەمەش ئەو بودجەیە پاشەکەوت دەکرێت کە پێشتر بۆ هاوردەکردن خەرج دەکرا”.
وتیشى دواى گەیشتن بە ئاستى خۆبژێوى بەنزین، ئەو بەرهەمە هەناردەى دەرەوە دەکەن.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى نەوت، ساڵى رابردوو بەگشتى زیاتر لە 11 ملیار لیتر بەنزین بەکارهێنراوە کە لەلایەن پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە بەرهەمهێنراوە.
پاڵاوگەکان لەعێراق لە 14 پاڵاوگە پێکهاتوون لەلایەن سێ کۆمپانیاى حکومییەوە بەڕێوەدەبرێن کە پێکهاتوون کۆمپانیاى نەوتى باکور و ناوەڕاست و باشور و نزیکەى 70%ى پێداویستى ناوخۆیی بەنزین پڕدەکەنەوە کە دەگاتە 31 ملیۆن لیترى رۆژانە.
