دۆزینەوەی دەرمانێکی نوێ نزیکە؛ لە سێ هەفتەدا چارەسەری کەچەڵی دەکات

#کەچەڵی
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لە هەنگاوێکی زانستیدا کە رێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەرێکی سادە و کاریگەر بۆ کەچەڵی. توێژەرانی زانکۆی نیشتمانی تایوان پەرەپێدانی سیرۆمێکی پێستیان راگەیاند، کە بە سەرکەوتوویی لە مشکدا تاقیکراوەتەوە، بەو پێیەی تەنیا لە ماوەی 20 رۆژدا ئەنجامی سەرسوڕهێنەری هەبووە.
Primary Asset

سبەى

جیهان لە لێواری دۆزینەوەی دەرمانێکی نوێدایە، کە لە ماوەی سێ هەفتەدا چارەسەری کەچەڵی دەکات. تاقیکردنەوەکان لە سەر مشک سەرکەوتووبوون . ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دڵخۆشکەرن و دەکرێت وەکو هەنگاوێکی گرنگ لە رێگای گەیشتن بە دەرمانی کەچەڵی لێکبدرێتەوە.

لە هەنگاوێکی زانستیدا کە رێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەرێکی سادە و کاریگەر بۆ کەچەڵی. توێژەرانی زانکۆی نیشتمانی تایوان پەرەپێدانی سیرۆمێکی پێستیان راگەیاند، کە بە سەرکەوتوویی لە مشکدا تاقیکراوەتەوە، بەو پێیەی تەنیا لە ماوەی 20 رۆژدا ئەنجامی سەرسوڕهێنەری هەبووە.

لە توێژینەوەکەدا، کە لە گۆڤاری Cell Metabolism بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، ئەم سیرۆمە پشت بە ترشە چەورییە سروشتییەکان دەبەستێت، کە هانی خانە بنەڕەتییەکانی ناو تاڵە قژەکان دەدەن بۆ گەشەکردن.

میکانیزمێکی داهێنەرانە

سونگ جان لین سەرۆکی تیمە زانستییەکە روونیکردەوە، کە سیرۆمەکە لەسەر بنەمای چالاککردنی چینە چەورییەکەی ژێر پێست دامەزراوە. لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکاندا زاناکان مادەیەکی پێستیان بەکارهێناوە، کە بە SDS ناسراوە. لە ئاکامدا ترشە چەورییە تایبەتەکانی دروستکردووە، کە لەلایەن خانە بنەڕەتییەکانی قژەوە هەڵمژراون. ئەو میکانیزمەش بووە هۆی دروستبوونەوە و دەرکەوتنی قژی نوێ لە ماوەی 10  بۆ 11 رۆژدا. 

سیرۆمە نوێیەکە؛ بەبێ پێکهاتەی هەستیاری

لە تاقیکردنەوەکاندا توێژەران ئەو ماددانەی کە هەستەوەری دروستدەکەن، بە تێکەڵەیەک لە ترشە چەورییەکانیان گۆڕی، وەک ترشی ئۆلیک و ترشی پاڵمیتۆلیک و بۆیان دەرکەوت، کە ئەم تێکەڵەیە بە تەنها بەسە بۆ هاندانی گەشەی قژ بەبێ هیچ زیانێک لە پێست یان هەوکردن. لین بە پێگەی نیو ساینتیستی وتووە: "بۆ ماوەی سێ هەفتە خۆم سیرۆمەکەم لەسەر قاچەکانم تاقیکردەوە، لە راستیدا تێبینی گەشەکردنی موی نوێم کرد، لەو شوێنانەی کە بۆم بە کارهێنا". بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکەش، سیرۆمەکە سوودێکی روونی هەبووە لە رێژەی گەشەی قژ و نەبوونی کاریگەری لاوەکی. 

هەنگاوی داهاتوو؛ تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ

سەرەڕای ئەنجامە ئومێدبەخشەکان، توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، کە چارەسەرەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایدایە. تیمەکە خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ ئامادە کردووە، ئەویش بۆ دیاریکردنی ژەمە گونجاوەکان و سەلامەتی بۆ بەکارهێنان لەسەر پێستی سەر.

لین وتوویەتی "ئەو ترشە چەوریانەی کە بەکاردەهێنرێن، بە شێوەیەکی سروشتی لە شانەکانی جەستە و زۆرێک لە زەیتی رووەکیدا هەیە، بۆیە پێمان وایە سەلامەتن، بەڵام پێویستە کاریگەرییەکانیان لە کۆمەڵێک خۆبەخشی فراوانتردا تاقیبکەینەوە".

بۆچی سەرڕووتانەوە روودەدات؟

کەچەڵی بۆماوەیی لە پیاواندا، لە ئەنجامی تەنکبوونەوەی تاڵە قژەکان لەژێر کاریگەری هۆرمۆنەکان و هۆکارە بۆماوەییەکان، تا وەستانی بەرهەمهێنانی قژ بەتەواوەتی دروستدەبێت.

لە کاتێکدا چارەسەرەکانی ئێستا سنووردارن بە دەرمانی مینۆکسیدیل، فیناستەرید، یان چاندنی قژ، بەڵام ئەو چارەسەرانە کاتین یان لەوانەیە ببنە هۆی کاریگەری لاوەکی، وەک خەمۆکی یان ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان.

لەبەرئەوە ئەم دۆزینەوەیە، یەکێکە لە پێشکەوتنە گرنگەکان لە توێژینەوەکانی هەڵوەرینی قژ. شارەزایان پێیان وایە سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ، دەتوانێت دەرگای چارەسەرێکی سروشتی و ئاسان بکاتەوە، کە هیوا بۆ ملیۆنان کەس بەتایبەتی پیاوان لە سەرانسەری جیهاندا دەگەڕێنێتەوە، کە بەدەست کەچەڵییەوە دەناڵێنن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی