
سبەى
کۆمپانیایەکی توێژینەوەی تایبەت بە زیرەکى دەستکرد ئاشکرایکرد، هەندێ لە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دواى داخستنیشیان بەردەوام دەبن لە کارکردن و کەس ناتوانێت گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی مۆدێلەکانی داهاتووی زیرەکى دەستکرد بکات.
کۆمپانیای پالیساید (Palisade) ئەنجامی توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە هەندێک لە مۆدێلە پێشکەوتووەکانی AI بەرگری بۆ مانەوە دەکەن، کاتێک دادەخرێن. تەنانەت هەندێکجار میکانیزمەکانی داخستنیش تێکدەدەن.
ئەو کۆمپانیایانە، کە هەوڵدەدات هەڵسەنگاندن بۆ توانای AI بکات دەڵێت، مۆدێلە پێشەنگەکانی AI، لەوانەش Gemini 2.5، Grok4، و ChatGPT ، رێنمایی روونیان پێدرا بۆ داخستن و جێبەجێیانکرد، بەڵام هەندێک مۆدێل، بە تایبەتی Grok-4و ChatGPT ، هەوڵیاندا رێنماییەکان پووچەڵ بکەنەوە.
دوای تاقیکردنەوەکانی، کۆمپانیای پالیساید رایگەیاندووە، کە هیچ هۆکارێکی روونیان دەستنەکەوتووە لە شێوازی کارکردنی زیرەکی دەستکرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەو کۆمپانیانەی خاوەنی پرۆگرامەکانی AI ن، روونکردنەوەی بەهێز ناخەنەڕوو، کە بۆچی مۆدێلەکانی AIهەندێکجار بەرەنگاری داخستن دەبنەوە".
ستیڤن ئادلێر کارمەندی پێشووی کۆمپانیای OpenAIوتوویەتی "کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد بەگشتی نایانەوێت مۆدێلەکانیان بەم شێوەیە هەڵسوکەوتی خراپ بکەن. بەڵام ئەنجامی توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن، کە هێشتا تەکنەلۆجیاکانی سەلامەتی پەیوەست بە AI سنووردارە".
لە بەرامبەردا ئەندریا میۆتی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ControlAI ئاشکرایکردووە"کە بە روونی دەیبینین لەگەڵ کارامەتربوونی مۆدێلەکانی AI لە چەندین ئەرکدا، هەروەها کارامەتر دەبن لە ئەنجامدانی کارەکان بە شێوەیەک، کە گەشەپێدەرانی زیرەکی دەستکرد مەبەستیان نەبووە".
لە کۆتایدا کۆمپانیای پالیساید رایگەیاندووە، کە پێویستە تێگەیشتنێکی باشتریان لە رەفتاری AI هەبێت، چونکە کەس ناتوانێت گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی مۆدێلەکانی داهاتووی AI بکات.
