
سبەی
توێژینەوەیەکی زانستی باسی لەوە کردووە، کە بوونەوەرە ئاسمانییەکان لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردەوەوە، لە بۆشایی ئاسمانەوە چاودێری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی مرۆڤیان کردووە.
لە توێژینەوەکەدا بەڵگەی وێنەیی خراوەتەڕوو، کە پێش ئەوەی مرۆڤ یەکەم مانگی دەستکرد رەوانەی خولگەی زەویی بکات، رەنگە بوونێکی نا مرۆڤی (بوونەوەری ئاسمانی)، لە ئاسمانەوە چاودێری شوێنە ئەتۆمییەکانی کردبێت.
بیاتریس ڤیارۆئێل، مامۆستا لە پەیمانگای سکاندیناڤی بۆ فیزیای تیۆری لە سوید، پەیوەندییەکی روونی لە نێوان تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان و زیادبوونی ژمارەی ئەو تەنە رووناکییە نهێنییانەی کە لە ئاسماندا دەبینران ئاشکرا کردووە.
دەفری فڕیو
ڤیارۆئێل روونی کردەوە، کە باوەڕ ناکات ئەم تەنانە دیاردەی سروشتی بن، ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە دەفری فریوی بوونەوەرە ئاسمانییەکان بووبن، کە لە خولگەی زەویدا دەسوڕانەوە. دەرکەوتنی ئەم تەنانە لە ئاسماندا پێش یان راستەوخۆ دوای تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بە رێژەی 45% زیاتر بووە.
ئەو زانا فیزیاییە دەڵێت، "ئەم تەنانە پێش هەڵدانی مانگی دەستکرد بوونیان هەبووە. بەو شێوەیەشن کە زۆر تەختن، بریقەدارن، وەک ئاوێنەیەک، هیچ دیاردەیەکی سروشتیش نازانم کە لەوان بچێت".
شیکاری وێنەی ئەرشیفی
توێژینەوەکە، پشتی بە شیکاری وێنە ئەرشیفییەکان بەستووە، کە لە کاتی تاقیکردنەوە ئەتۆمییە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیەتدا گیراون. توێژەران وێنەی 124 تاقیکردنەوەی ئەتۆمییان دەستکەوتووە، کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ئەنجامدراون، کە تیایدا بۆمبەکان لە ئاسماندا دەتەقێنرانەوە.
ڤیارۆێل بە ئاژانسی نیوزنەیشن (NewsNation)ی راگەیاندووە، "سروشت هەمیشە دەتوانێت بەو شتانە سەرساممان بکات، کە هەرگیز بیرمان لێنەکردۆتەوە، بۆیە من روونکردنەوەیەکی دیکە لە دەرەوەی زانیارییەکانم رەت ناکەمەوە. بەڵام بڕوام وایە، کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ شتێکی دەستکرددا دەکەین، نەک رووداوێکی سروشتی".
دۆزینەوەکە بە رەهایی رەتناکرێتەوە
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری بەناوبانگی (Scientific Reports) بڵاوکراوەتەوە. چونکە زۆربەی توێژینەوەکان لەسەر دیاردە ئاسمانییە نەناسراوەکان، زۆرجار لەلایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە رەتدەکرێتەوە.
بەو پێیەی زانایانی دیکە پشکنینیان بۆ داتاکان کردووە و هیچیان بەدی نەکردووە، کە دۆزینەوەکە پووچەڵ بکاتەوە، واتە بەرەهایی بوونی بونەوەری ئاسمانیان رەتنەکردۆتەوە.
