مۆساد یەکەیەکی تایبەتی سوپای قودسی ئاشکرا کرد؛ تۆمەتبارن بە ‌هێرشکردنە سەر جووەکان لە ئەوروپا و ئوسترالیا

#مۆساد#ئێران#ئیسرائیل#فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران
6 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ناسنامەی بەرپرسان و فەرماندەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاوکردەوە
Primary Asset

سبەی

بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ناسنامەی بەرپرسان و فەرماندەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاوکردەوە.

پێکهاتەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران

بەپێی راگەیەندراوەکەی مۆساد، لە ساڵانی 2024 و 2025، فەرماندەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چەندین پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل داڕشتووە.

راگەیەندراوەکەی مۆساد لەلایەن ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکەمجارە ناسنامەی یەکەیەکی سوپای قودسی پاسداران ئاشکرا بکرێت کە کارەکانی تایبەتە بە هێرش بۆ سەر دامەزراوە و هاوڵاتییانی جوو لە جیهاندا.

بەپێی راگەیەندراوەکەی مۆساد، یەکە ئاشکراکراوەکە لەلایەن سەردار عەمار، فەرماندەی باڵای سوپای قودس و لە ژێر چاودێری ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کار دەکات.

سەردار عەمار

یەکەکەی سەردار عەمار تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆن لە ئوسترالیا، یۆنان و ئەڵمانیا، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوەکەی مۆساد.

هێرشەکانی یەکە تایبەتەکەی عەمار لەلایەن مۆسادەوە بە "تیرۆر بەبێ شوێنپەنجەکانی ئێران" پێناسە کراوە. واتە هێرشەکان لە رێگەی بەکرێگرتەی هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکەی جگە لە ئێران ئەنجامدراوە، ئەوەش بۆ شاردنەوەی دەستی ئێران لە هێرشەکاندا. مۆساد دەڵێت: لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وڵاتانی دیکە توانیومانە رێگریی لە دەیان هێرشی ئێران بکەین و ژیانی چەندین کەس رزگار بکەین لە مردن.

دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، یەکەیەکی عەمار تۆمەتبار دەکات بە هەوڵەکانی هێرش لە وڵاتانی وەک یۆنان، ئوسترالیا و ئەڵمانیا، ئەو کردەوانە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵی ئەنجامدانی دراوە. 

لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، ئوسترالیا، ئەحمەد سادقی، باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد و رایگەیاند دەزگای هەواڵگریی ئێران دەستی هەیە لە زنجیرەیەک هێرش دژی جووەکان لە میلبۆرن و سیدنی.

لە ئەڵمانیاش لە تەمووزی ئەمساڵ، ماجید نیلی ئەحمەدئابادی، باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکە بانگکرد، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی دانیمارکی بەکرێگیراوی ئێرانی بە تۆمەتی چاودێریکردنی ژمارەیەک باڵەخانەی جووەکان و پەیوەندیدار بە ئیسرائیلەوە لە بەرلینی پایتەخت. 

لە ساڵی 2024، پۆلیسی یۆنان ژمارەیەک هاوڵاتیی لە نێویاندا ئێرانی و پاکسانی دەستگیرکرد بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هۆتێلێک کە خاوەنەکەی جووە. لە 2023 دوو پاکستانی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر شوێنێکی جووەکان سزادران کە لەلایەن ئێرانەوە بە کرێگیرابوون بۆ هێرشەکەیان.

لە کۆتاییشدا دەزگای هەواڵگریی مۆساد رایدەگەیەنێت، ستراتیژی درێژمەودای ئێران بۆ زیانگەیاندنە بە ئیسرائیل لە رێگەی بە ئامانجگرتنی کەسانی بێتاوان لە سەرانسەر جیهاندا. هەرچەندە بەردەوام ئێران ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە، بەڵام مۆساد رایگەیاندووە، ئێستا کاتی نکۆڵیکردن لە هێرشەکان کۆتایی هاتووە، ئێران دەبێت رووبەڕووی سزادانی دیپلۆماسی ببێتەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی