
سبەی
زیندانیکردنى نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکى پێشووى فەڕەنسا، ئەو سەرۆک و دەسەڵاتدارانەى جیهان دەهێنێتەوە بەرباس کە بەتۆمەتى جیاجیا سزادراون و ناچاربوون کۆشکی سەرۆکایەتی بەرەو زیندان بەجێبهێڵن.
نیکۆلا سارکۆزی-فەڕەنسا
نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا کە بە تاوانی وەرگرتنی هاوکاری دارایی لە حکومەتی پێشووی لیبیا بۆ دابینکردنی پارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ بە 5 ساڵ زیندانیکردن سزا درا، ئەمەش ڕووداوێکە کە لە چەندین دەیەی ڕابردوودا لە فەرەنسادا وێنەی نەبووە.
سارکۆزی یەکەم سەرۆکی فەرەنسایە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بچێتە زیندانەوە، هەروەها یەکەم سەرۆکی فەرەنسایە لە مێژووی کۆماری پێنجەمدا کە لە ساڵی 1958ەوە دەچێتە زیندان.
سارکۆزی تۆمەتبارە بەوەی نزیکەی ٥٠ ملیۆن یۆرۆی بە کاش وەرگرتووە کە دوو هێندە زیاترە لە سنووری یاسایی رێگەپێدراو بۆ خەرجکردنی پارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو پارەیە لە لایەن موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیا لە ڕێگەی نێوندگیرێکی بازرگانی لیبیا و فەرەنسییەوە و بە جانتای دیپلۆماسی گەیشتووەتە دەست سارکۆزی، لێکۆڵینەوەکان باس لەوەش دەکەن کە سەرۆکی لیبی ئەو یارمەتییە داراییەی پێشکەش بە سارکۆزی کردەوە بە مەبەستی نزیکبوونەوە لە فەڕەنسا و یارمەتیدانی پاریس بۆ رزگارکردنی لیبیا لە گۆشەگیری نێودەوڵەتی وڵاتەکەی.
ئیهود ئۆلمێرت، ئیسرائیل
ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل دوای ئەوەی لە دۆسیەی گەندەڵی ناسراو بە "خاکی پیرۆز"دا سزا درا، کە یەکێکە لە گەورەترین گەندەڵییە دارایییەکان لە مێژووی ئیسرائیلدا، بووە یەکەم سەرۆکی حکومەتی وڵاتەکە کە چووە زیندانەوە.
دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی ئۆلمێرت لە ساڵی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٣ سەرۆکی شارەوانی قودس بووە، تۆمەتبار کرا بە وەرگرتنی نزیکەی ٥٦٠ هەزار شیکلی ئیسرائیلی، واتە نزیکەی ١٥٠ هەزار دۆلار، وەک بەرتیل لە بازرگانان بۆ ئاسانکاری مۆڵەتی بیناسازی بۆ پڕۆژەیەکی لوکس لە شارەکەدا.
لە ساڵی ٢٠١٤ دادگای ناوەندیی تەلئەبیب سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئۆلمێرتدا سەپاند، بەڵام بە تانەدان سزاکە بۆ ١٨ مانگ کەمکرایەوە. لە کۆتاییدا ١٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بە ئەمەش بووە یەکەم سەرۆک وەزیران لە مێژووی ئیسرائیلدا کە سزاکەی لە پشت مێزی دادگادا تێپەڕاندبێت.
دۆسیەی ئیهود ئۆلمێرت وەک خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی ئیسرائیلدا سەیر کرا، چونکە دەریخست کە دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە توانای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پلە باڵای هەیە و هیچ کەسایەتییەکی سیاسی لە یاسا بێبەری نییە.
لولا دا سیلڤا، بەڕازیل
چیرۆکى لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا کە لە باکووری بەرازیلەوە دەستیپێکرد و لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ وەک یەکەم سەرۆک کۆمار لە پارتی چەپی کرێکارییەوە دەسەڵاتی لە وڵاتەکەی بەدەستەوە بووە، دوای چەند ساڵێک بە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە زیندانی کرا.
ئەو دۆسیەیەی کە بووە هۆی سزادانی سەرۆکی بەڕازیل بەشێک بوو لە گەورەترین دۆسییەی گەندەڵی لە مێژووی ئەمریکای لاتیندا کە بە "ئۆپەراسیۆنی کارواش" ناسراوە، کە تۆڕێکی بەرفراوانی بەرتیل و گرێبەستی نایاسایی نێوان سیاسەتمەداران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی پترۆبراس و بەڵێندەرە گەورەکانی ئاشکرا کرد.
داواکارانی گشتی لولایان تۆمەتبار کرد بەوەی کە باڵەخانەیەکی لوکسی لە شاری گواروجای کەنار دەریاکان کە بەهای نزیکەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە، وەک بەرتیلێک لەلایەن کۆمپانیایەکی بیناسازییەوە بۆ ئاسانکاری لە پێدانی گرێبەستە گەورەکانی حکومەت.
لە ساڵی ٢٠١٨ دادگایەک سزای ١٢ ساڵ و یەک مانگ زیندانی بەسەر لولا دا سیلڤادا سەپاند؛ سزایەک کە بووە هۆی ئەوەی لە شاری کوریتیبا زیندانی بکرێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی کاندید نەکات.
بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ دادگای باڵای بەرازیل سزاکەی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند کە دادوەر سێرجیۆ مۆرۆ بنەماکانی بێلایەنی دادوەری پێشێل کردووە و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێناوە، بەتایبەتی کە دواتر پەیوەندی بە حکومەتی جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی ڕاستڕەو و ڕکابەری داسیلڤا کرد.
ئەمڕۆ لایەنگرانی لولا وەک هێمای بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی و بەرگریکردن لە دادپەروەری چینایەتی دەیبینن، لە کاتێکدا نەیارەکانی وەک هێمای گەندەڵی لەمێژینەی دەزانن کە لە ژێر پەردەی دیموکراسیدا ژیانێکی نوێی پێدراوە.
پارک گێن-هی، کۆریای باشوور
یەکێک لە پڕ گێژاوترین بابەتەکانی مێژووی سیاسی هاوچەرخی کۆریای باشوور چیرۆکی پارک گیون-هی، یەکەم سەرۆکی ژنی وڵاتەکە و کچی سەرۆکی پێشوو پارک چۆنگ هیە، کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە مشتێکی ئاسنین لە کۆریای باشور حوکمرانی دەکرد.
پارک گێن هی لە ساڵی ٢٠١٣ بە دروشمی چاکسازی و شەفافیەت هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام تەنها چوار ساڵ دواتر لەناو توڕەیییەکی بەرفراوانی گشتیدا، بە دەستبەسەرکراوی ڕووبەڕووی دادگا کرایەوە، لەکاتێکدا سەدان هەزار خۆپیشاندەر لە شەقامەکانی سیئۆلی پایتەخت داوای دورخستەنەوەی پارک گێن-هی یان دەکرد.
پارک گێن هی تۆمەتبار کرا بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی بۆ سوود گەیاندن بە چۆی سون سیل هاوڕێ نزیکەکەی، ، ژنێک کە هیچ پۆستێکی فەرمی نەبووە، و لە ڕێگەی نزیکایەتی بە سەرۆک کۆمارەوە هەوڵی داوە بۆ کاریگەری دانان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت و فشارخستنە سەر کۆمپانیا گەورەکانی کۆریا، لەنێویاندا سامسۆنگ و ئێڵ جی، بۆ کۆکردنەوەی زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراوە تایبەتەکانی ئیدارەکەی.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە چۆی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە نووسینی وتارەکانی پارک و ڕێنماییکردنی بڕیارە سیاسەتییەکانی، تا ئەو ڕادەیەی کە میدیاکان بە "سێبەری پشت پەردەی دەسەڵات لە کۆریا" ناویان بردووە.
لە ساڵی ٢٠١٧ دوای چەند هەفتەیەک لە ناڕەزایەتی بەرفراوان کە بە "شۆڕشی مۆمدار" ناسراوە، پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگی دا بە لێپێچینەوە لە پارک و دادگای دەستووریش بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە. ڕووداوێکی لەم شێوەیە لە مێژووی وڵاتدا بێ وێنە بوو.
دواتر سزای 22 ساڵ زیندانی کردن بۆ سەر پارک گێن هی سەپێندراو و وەک یەکەم ژنە سەرۆکی کۆریای باشوور هاوکات لەگەڵ ئەوە لە دەسەڵات دابوو زیندانیکرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ پارک گیون های دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە چوار ساڵ لە زیندان، بە هۆکاری پزیشکی لێخۆشبوونی تایبەتی سەرۆکایەتی پێدرا.
عمران خان، پاکستان
عمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە پاڵەوانێکی نیشتمانییەوە بوو بۆ زیندانی سیاسی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە پاکستان و لەدوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٤٧ تا ئێستا هیچ سەرۆک وەزیرانێک نەیتوانیوە ماوەی خۆی تەواو بکات و عمران خانیش لەوە بێبەری نەبووە.
عمران خان لە ساڵی 2018 بوو بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان و دواتر لە ساڵی 2022 دەستبەسەر و ڕووبەڕووی زیاتر لە 100 دۆسیەی یاسایی بووەتەوە، لە گەندەڵییەوە تا دزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنی دیپلۆماسی، تەنانەت هەندێک لەو کەیسانە دەتوانن سزای لەسێدارەدان بەدوای خۆیاندا بهێنن، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی فرۆشتنی خەڵاتە حکومییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە دواتریش چەندین سزای دیکە بەسەریدا سەپێندراوە.
ئەلیخاندرۆ تۆلیدۆ، پیرۆ
لە ساڵانی نەوەدەکانەوە زۆربەی سەرۆکەکانی پیرۆ چارەنووسێکی هاوشێوەیان بەسەردا هاتووە: تۆمەتی گەندەڵی، دادگاییکردنی درێژخایەن و سزای زیندانیکردن. بەڵام دۆسیەی ئەلیخاندرۆ تۆلیدۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە یەکێکە لە بەرچاوترین ئەو گەندەڵییە سیاسییانە کە وڵاتەکەی هەژاندوە.
لە ساڵی ٢٠١٧دا، داواکارانی گشتی تۆمەتباریان کرد بەوەی کە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلار بەرتیل لە کۆمپانیای زەبەلاحی بیناسازی ئۆدیبرێختی بەڕازیلی وەرگرتووە لە بەرامبەر پڕۆژەی گەورەی بیناسازی و ڕێگاوبان لە وڵاتەکەدا.
دوای هەڵاتنی بۆ ئەمریکا، تۆلیدۆ ساڵانێک لە کالیفۆرنیا ژیاوە تا ئەو کاتەی واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕادەستکردنەوەی بۆ لیما لە ساڵی ٢٠٢٣ دوای دانوستانێکی درێژخایەن. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دادگای پیرۆ بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و بەرتیلدان سزای ٢٠ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، بەمەش بووە پێنجەمین سەرۆکی پیرۆ لە نەوەیەکدا کە زیندانی کراوە.
نەجیب ڕەزاق، مالیزیا
لە مالیزیا، نەجیب ڕەزاق، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە بە گەندەڵی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕێکی سپیکردنەوەی پارە لە چەند وڵاتێکدا تۆمەتبارکرا.
سندوقی گەشەپێدانی نیشتمانی مالیزیا لە ساڵی 2009 لەسەر دەستپێشخەریی نەجیب ڕەزاق بە ئامانجی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و پتەوکردنی ئابووری نیشتمانی دامەزراوە، بەڵام وردە وردە بووە ئامرازێک بۆ گەندەڵکردنی ملیارەها دۆلار لە سامانی گشتی. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی هەژماری بانکی و کۆمپانیاکانی توێکڵەوە لە وڵاتانی وەک سویسرا، ئەمەریکا، سەنگافورە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، گەندەڵی یان خراپ بەکارهێنراون.
لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لەم پارەیە ڕاستەوخۆ بۆ هەژماری تایبەتی نەجیب ڕەزاق گواستراوەتەوە؛ بەشێکی بۆ دابینکردنی دارایی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بەکارهات و ئەوەی دیکەش بۆ موڵکی لوکس و زێڕینگەریی و دیاری گرانبەها خەرجکرا.
لە ساڵی ٢٠٢٠ دادگای باڵای مالیزیا نەجیب ڕەزاقی بە حەوت تۆمەتی تاوانبار زانی، لەوانە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پێشێلکردنی متمانە و سپیکردنەوەی پارە و سزای ١٢ ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی ٥٠ ملیۆن دۆلاری بەسەردا سەپێندرا.
نەجیب ڕەزاق تا ئێستاش لە زینداندا بەسەر دەبات، لە کاتێکدا دادگاییکردنی بەرپرسان و کۆمپانیاکانی پەیوەست بەو دۆسیەیە بەردەوامە، کە وەزارەتی دادی ئەمریکا بە "گەورەترین دزینی سەروەت و سامانی گشتی لە مێژووی ئاسیادا" وەسفی کردووە.
