لە هەرێمی کوردستان 303 کاندید کێبڕکێ لەسەر 46 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن

#هەرێمی کوردستان#هەڵبژاردن#ئەنجومەنی نوێنەران#عێراق#کورسی#کاندید#کۆتا#ژنان
13 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 303 کاندید کێبڕکێ لەسەر 46 کورسی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەو ژمارەیەش 209 کاندیدی پیاو و 94 کاندیدی ژنن.
Primary Asset

سبەی

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 303 کاندید کێبڕکێ لەسەر 46 کورسی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەو ژمارەیەش 209 کاندیدی پیاو و 94 کاندیدی ژنن.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماری کۆتایی ژمارەی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دابەشبوونی بەسەر پارێزگاکاندا بڵاوکردەوە، کۆی گشتی 7 هەزار و 754 کاندید کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن، کاندیدەکان 5 هەزار و 504 یان لەرەگەزى نێرن و 2 هەزارو 250 کاندیدیان لەرەگەزى مێن.

لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید، بە پلەی دووەم نەینەوا بە هەزار و 47 کاندید، دهۆکیش کەمترین کاندیدى هەیە کە 59 کاندیدە.

کورسی و کاندیدانی هەرێمی کوردستان

لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 46 کورسی هەیە لەو ژمارەیەش 12 کورسی بۆ کۆتای ژنانە لە کۆی 83 کورسی ژنان لەسەر ئاستی عێراق. 5 کورسی ژنان لە بازنەی پارێزگای سلێمانی، 4 کورسی ژنان لە بازنەی پارێزگای هەولێر، 3 کورسی بازنەی پارێزگای دهۆک.

لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگاکان، لە پارێزگای سلێمانی 135 کاندید کێبڕکێ لەسەر 18 کورسی دەکەن، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پارێزگای هەڵەبجە لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانی ئەژمارکراوە.

پارێزگای هەولێر 108 کاندید کێبڕکێ لەسەر 16 کورسی دەکەن، 15 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای مەسیحی، لە دهۆک 59 کاندید کێبڕکێ لەسەر 12 کورسی دەکەن، 11 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای مەسیحی.

دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان

لەسەر ئاستی عێراق، تائێستا 21 ملیۆن و 404 هەزارو 291 دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش 3 ملیۆن و 77 هەزارو 384 دەنگدەری هەرێمی کوردستانن کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون.

هەولێر، یەک ملیۆن و 87 هەزار و 880 دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووتەوە و مافی دەنگدانیان هەیە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 210 هەزار و 658 دەنگدەر و لە دهۆک 778 هەزارو 846 دەنگدەر کاری بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە و مافی دەنگدانیان هەیە.

بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و دوو رۆژ پێشتریش دەنگدانی تایبەت بە هێزە سەربازی و ئەمنی و نەخۆشخانە و گرتوخانەکان بەڕێوەبچێت.

کۆی گشتی دەنگدەران 21.404.291 دەنگدەرە، دابەش دەکرێن بەسەر 8703 ناوەندی دەنگدان کە لە 39285 وێستگە پێکهاتوون، بەوەش هەر وێستگەیەکی دەنگدان 550 دەنگدەر لە خۆی دەگرێت.

 هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەشکراوە بەسەر 18 بازنەدا و هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە، بۆ دابەشکردنی دەنگەکان بۆ کورسی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراوی 1.7 پەیڕەو دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سیستمەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023 پەیڕەوکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی