
سبەى
زۆرێک یاری کلاسیکۆ بە گرنگترین رووبەڕووبوونەوەی تۆپی پێ لە جیهاندا ناودەبەن. کلاسیکۆ بۆچی هێندە گرنگە و رکابەریی نێوان ئەم دوو یانەیە لە کوێوە دەستیپێکرد؟
لە 13ی ئایاری ساڵی 1902 تیمی تۆپی پێی بارسێلۆنا، بۆ یەکەمجار گەیشتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، بۆئەوەی بەرامبەر تیمێکی ناوخۆیی بە ناوی مەدرید یاری بکات. لەو رۆژەدا کەس نەیدەزانی ئەم یارییە دەبێتە سەرەتای گەورەترین رکابەری لە مێژووی تۆپی پێدا.
بەناوبانگترین یاری
یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 1899 لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی بیانییەوە دامەزرا، کە لەو شارەدا دەژیان و خولیای ئەوەیان هەبوو، ناوبانگی تۆپی پێ و وەرزشەکانی دیکەی بەریتانیا لە سەرانسەری ئەوروپا بڵاوبکەنەوە. لە بەرامبەردا یانەی مەدرید لەلایەن جولیان پالاسیۆسی ئەندازیاری ئیسپانییەوە لە ساڵی 1900 دامەزرا.
کاتێک یەکەم کلاسیکۆ ئەنجامدرا، تیمە کەتەلۆنییەکە یاریزانێکی سویسری و ئەڵمانی و سێ یاریزانی ئینگلیزی لە ریزەکانیدا بوو، بەڵام تیمی مەدرید (کە لە ساڵی 1920 بوو بە ریال مەدرید) تەنها یەک یاریزانی بیانی لە پێکهاتەکەیدا هەبوو.
تۆپی پێ لە یاریگای هیپۆدرۆم
یارییەکە کاتژمێر 11ی بەیانی لە یاریگای هیپۆدرۆم دی لا کاستیلا لە مەدرید ئەنجامدرا، کە ناوچەیەکی مێژووییە و ئێستا یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی لێیە.
ئارسەر جۆنسن تاکە یاریزانی بیانی لە تیمی مەدرید، گۆڵی یەکەمی یارییەکەی تۆمارکرد و بووە یەکەم گۆڵکاری مێژووی کلاسیکۆ، هەرچەندە بارسێلۆنا یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردبۆوە.
سەرەتای رکابەری
لە نێوان ساڵانی 1920 بۆ 1916، مەدرید و بارسێلۆنا حەوت جار رووبەڕووی یەکتری بوونەوە و لەو ژمارە یارییەش بارسێلۆنا پێنج بردنەوەی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر دوو یەکسانبووندا.
چۆن کلاسیکۆ هێندە بەناوبانگ بوو؟
خولی ئیسپانیا کە ئەمڕۆ بە لالیگا ناسراوە، لە ساڵی 1929 دەستیپێکرد و یارییەکانی نێوان هەردوو یانەش بە شێوەیەکی رێکوپێکتر ئەنجام دەدرا.
رکابەریی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا فۆرمێکی نوێی وەرگرت، بەو پێیەی لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیانکرد بە راکێشانی ئەستێرەکانی دەرەوەی ئیسپانیا، بە وێنەی یۆهان کرۆیڤی هۆڵەندی و پۆڵ برایتنیری ئەڵمانی. بەڵام ئەو دوو ئەستێرەیەی کلاسیکۆیان گەیاندە لوتکە، بریتی بوون لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی.
زۆرترین بینەری کلاسیکۆش لە 23ی نیسانی 2017دا تۆمارکرا، کاتێک لە زیاتر لە 185 وڵاتدا و لە 50 تۆڕی جیاوازدا پەخشکرا و نزیکەی 650 ملیۆن بینەری هەبووە.
تا ئێستا هەردوو یانە بە گشتی 262 جار رووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە، ریال مەدرید چیرۆکی 106 بردنەوەی نووسیوەتەوە، لە بەرامبەر 104 بردنەوە بۆ بارسێلۆنا، 52 یاری نێوانیشیان چارەنووسی یەکسانبوون بووە.
گەورەترین سەرکەوتن لە مێژووی کلاسیکۆدا لە حوزەیرانی ساڵی 1943دا بوو، کاتێک ریاڵ مەدرید سەرکەوتنی بەئەنجامی 11-1 بەدەستهێنا. ئەنجامێک کە پەیوەست دەکرێتەوە بە فرانسیسکۆ فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانیا، کە بەهەموو توانایەوە پشتگیری ریاڵ مەدریدی دەکرد.
دەوترێت پێش یارییەکە هێزەکانی فرانکۆ هەڕەشەیان لە یاریزانانی بارسێلۆنا کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەم تۆمەتە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە. فرانکۆ حەزی لە وەرزش و بەتایبەت تۆپی پێ بوو، کە وەک ئامرازێک بۆ بەرزکردنەوەی وێنەی نێودەوڵەتی رژێمەکەی بەکاری دەهێنا.
