پزیشکەکان سەریان سوڕماوە؛ سەگێک ژنێک لە کۆما بەئاگا دەهێنێتەوە

#سەگ#کۆما
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لە ئەمەریکا سەگێک بووە پاڵەوانێکی راستەقینە، ئەویش بەهۆی یارمەتیدانی ژنێکی تەمەن 39 ساڵ و بە ئاگاهێنانەوەی لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدا، کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو.
Primary Asset

سبەى

لە رووداوێکی ناوازە و دەگمەندا، سەگێک ژنێک لە کۆما بەئاگا دەهێنێتەوە، دوای ئەوەی تووشی دۆخێکی تەندروستی قورس ببوو. پزیشکەکان سەریان سوڕماوە و تێناگەن، کە چۆن سەگەکە بووەتە هۆکاری رزگارکردنی ژنەکە، لە کاتێکدا رێژەی مانەوەی لە ژیاندا زۆر کەم بووە.

لە ئەمەریکا سەگێک بووە پاڵەوانێکی راستەقینە، ئەویش بەهۆی یارمەتیدانی ژنێکی تەمەن 39 ساڵ و بە ئاگاهێنانەوەی لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدا، کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو.

ئەو چیرۆکە کاتێک دەستیپێکرد، کە پریسیلا تیمونز تووشی جەڵتەی سییەکان (مەینی خوێن لە سییەکان) بوو، کە جگە لە زیان گەیاندن بە چەند ئەندامێکی جەستەی، بووە هۆی ئەوەی سێ جار لەسەریەک جەڵتەی دڵ لێیبدات.

پزیشکانی نەخۆشخانەی میمۆریال وێست لە ویلایەتی فلۆریدا، ئەگەری مانەوەی نەخۆشەکەی بە 10% دیاریکردبوو. دانیال مێیەر پزیشک و سەرۆکی یەکەی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکە رایگەیاند: "دڵی پریسیلا تیمونز بۆ ماوەی 40 خولەک بە تەواوی وەستا، بەڵام تیمی چاودێری چڕ وازیان نەهێنا و لە رێگەی هەوڵێکی بەکۆمەڵەوە لێدانی دڵیان گەڕاندەوە".

ئەوەی بۆ پزیشکەکان  چاوەڕوان نەکراو بوو، ئەوە بوو کە لە کاتی سەردانێکی چارەسەریدا، بڕیاریاندا رێگە بە سەگێک بدەن کە لە تیمۆنز نزیک بێتەوە. سەگەکە دەستی کرد بە سوڕانەوە بە دەوریدا و دەمی لەسەر دەستی دانا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی لەلایەن سەگەوە.

لەو ساتەدا پەنجەکانی تیمۆنز دەستیان بە جووڵە کرد و دەستی کەمێک بەرزکردەوە، واتە لە دۆخی بێ هۆشی کە بەکۆما ناسراوە بەئاگاهاتەوە.

دوای چاکبوونەوەی پریسیلا تیمونز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "گوێم لە دەنگەکانی دەوروبەرم بوو، بەڵام نەمدەتوانی بجوڵێم. کاتێک هەستم بە بەرکەوتنی سەگەکە کرد، بۆم دەرکەوت کە تەنیا نیم و دواتر پەنجەکانم و دەستم کەوتنەوە جوڵە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی