قەرز و کرێدیت؛ نزیکەی 400 ملیۆن دۆلارى مووچە "لە کەرتی دارایی هەرێمدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت"

#هەژمارى من#تەوتین
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا، لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەی نزیکەی 550 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین دەدات.
Primary Asset

سبەى

نزیکەی 550 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە هەرێمى کوردستان لە رێگەى هەژمارى منەوە مووچەى مانگى هەشت وەردەگرن، بەو پێیەش نزیکەی 400 ملیۆن دۆلارى مووچە لە کەرتی دارایی هەرێمدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا، لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەی نزیکەی 550 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین دەدات، کە لەنێویاندا نزیکەی 100 هەزار کەسیان لە پارێزگای سلێمانین.

وتیشى ئەم مانگە، زیاتر لە 60,000 خانەنشین بە دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.

بەوتەى عەزیز ئەحمەد، بە پارەدانی ئەم مانگە، نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار لە کەرتی دارایی هەرێمدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ بانکە سەرەکییەکان، کە بەشدارن لە (هەژماری من)، سەرنج و وزەیان بخەنە سەر بەردەستخستنی بەرهەمی نوێ و قەرز/کرێدیت و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

مانگى رابردوو، زیاتر لە 500 هەزار سوودمەند مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرت لە ڕێگەی تۆڕێکی بەرفڕاوانی زیاتر لە 400 ئامێری پارە ڕاکێشان، کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڵاون. ئەمەش لە پاڵ هەزاران خانەنشین کە لە هەنگاوی تاقیکاری دان. ئامانجى حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن فەرمانبەر خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار بکەن کە لە شوباتى 2023 راگەیەنرا.

هەژمارى من و تەوتین

فراوانکردنى پڕۆژەى هەژمارى من لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە لەکاتێکدایە، تا ئێستا بەغداد بەفەرمى دانى بەو پڕۆژەیەدا نەناوە و ناکۆکییەکانیان لەو بارەیەوە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر، تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق داواى رادەستکردنى زانیارییەکانى 800 هەزار فەرمانبەرى هەرێمى کوردستانى کرد کە لە پرۆژەى هەژمارى من تۆمارکراون بەمەبەستى گواستنەوەیان بۆ سەر بانکەکانى رەشید و رافیدەین و تەوتینکردنى مووچەکانیان.

ئەو داوایەى تەیف سامى لەمیانەى دانوستانەکانى بەغداد و هەرێمى کوردستاندا بوو، بەمەبەستى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ناوەڕاستى تەمموز لەبارەى نەوت و مووچە.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، تەیف سامى سورە لەسەر پێویستى گواستنەوەى زانیاریی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەى هەژمارى منەوە بۆ سەر بانکەکانى رەشید و رافیدەین و تەوتینکردنى مووچەکانیان کە ژمارەیان بە نزیکەى 800 هەزار فەرمانبەر دادەنرێت.

یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد کە 17 ى تەمموز ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر دەربڕى تایبەتە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆ تەواوکردنى پڕۆسەى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەپێى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق.

رێککەوتنەکە سێ مانگى دیاریکردووە بۆ تەواوکردنى کارەکانى لیژنەکە لەو بارەیەوە و جەختیکردووەتەوە کە لەو کاتە بەدواوە مووچە تەنها لە رێگەى لە رێگەى ئەو سیستمەوە لەلایەن بەغدادەوە بۆ فەرمانبەرانى هەرێم دابین دەکرێت.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژى 14 ى تەمموز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت جەختیکردەوە کە حکومەتى هەرێم پابەند نەبووە بە یاساى بودجە و بڕیارى دادگاى فیدراڵى کە یەکێکیان تایبەتە بە تەوتینى مووچەى فەرمانبەران.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 20 ى حوزەیران لە وتارێکدا لەبارەى رێککەوتنى هەرێم و بەغداد جەختیکردەوە، ئەو پەڕى مرونەتیان بەرانبەر بەغداد نیشانداوە و رازى بوون بە رادەستکردنى 230 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتى.

هەروەها باسى تەوتینى مووچەى کرد وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە و وتى "بەحساب سیستمى تەوتینیش جێبەجێ بکرێت کە ئەمەش بەشێکە لەو ئەرکەى حکومەتى هەرێم لە مێژەوە جێبەجێی کردووە، هەژمارى من خزمەتگوزارییەکانى زۆر لە تەوتین زیاترە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی