
سبەی
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاشکرای کرد، چەندین راپۆرتیان پێگەیشتووە لەسەر ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی و تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی گەورە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە شاری فاشری ویلایەتی دارفۆر لە سودان.
نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، لەکاتی دەستبەسەرداگرتنی شاری فاشر لە ویلایەتی باکوری دارفۆر و شاری بارا لە ویلایەتی باکوری کوردڤان لە رۆژئاوای سودان، چەندین راپۆرتیان پێگەیشتووە سەبارەت بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە و گوللـەبارانکردن و کۆمەڵکوژیی و دەستدرێژیی و تاوانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی. هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە لە دۆخێکی مرۆیی سەختدان، بەبێ خۆراک و ئاو گەمارۆ دراون. بەردەوامی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دۆخێکی مرۆیی سەختی درووستکردووە.
لە رۆژی 10ـی ئایاری 2024، هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەمارۆی شاری فاشریان داوە، سەرەڕای هەوڵی سوپای سودان بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر شارەکە و بەهاناوەچوونی دانیشتوانی، هەوڵەکان بێسوودن بوون تا ئەوکاتەی سێ رۆژ لەمەوبەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا توانیان شارەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، چەکدارانی پشتیوانیی خێرا، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانیان گوللـەباران کردووە لەوکاتەی هەوڵیان داوە شارەکە بەجێبهێڵن، لەکاتێکدا ئەو کەسانە هیچ پەیوەندییان بە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەوە نییە و هیچ بەشدارییەکیان لە جەنگەدا نەکردووە.
نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لەو تۆمارە ڤیدیۆیانە نیشانداوە کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە، کە لەلایەن چەکدارانی پشتیوانیی خێراوە بە کۆمەڵ هاوڵاتیانی شاری فاشر گوللـەباران دەکەن و بەدەستدرێژی گوللـە دەیانکوژن بە پاساوی ئەوەی پشتیوانی سوپای سودانیان کردووە.
سەرەڕای ئەوەی سەدان هاوڵاتی دەستبەسەرکراون و لە ناوچە بیایان و وشکەکاندا بەبێ خۆراک و ئاو هێڵراونەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامیش بۆ سەر شاری فشار لە رۆژانی 22 بۆ 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی راگەیاندنی سودانیش، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، پێشێلکاریی گەورە بەرامبەر هاوڵاتیانی شارەکانی فاشر و بارا لە ویلایەتی باکوری دارفۆر و کوردڤان ئەنجامدراوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن، سوکایەتیان پێدەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەریان، سڵ لە هیچ پێشێلکارییەک ناکەنەوە.
