
ژنەکە پونجاجییەکە و ئەندام پەرلەمانەکە
سبەی
ژنێکی 29 ساڵانی پونجابی چیرۆکى ئەزموونی دۆزەخی لە عێراق دەگێڕێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە بەڵێنی موچەی باش و ژینگەی کارکردنی باش چووە ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو چیرۆکەی خۆی دەیگێرێتەوە بۆ میدیای وڵاتەکەی، ژنێکی پونجابى لە رۆژهەڵاتی پاکستان بۆ دەستکەوتنی کار چووەتە عێراق، بەڵام ئەو بەڵێنانەی لەسەر کارەکە پێیدراوە هیچیان راست دەرنەچوون.
ژنە پونجابییەکە لە هەشتی کانوونی دووەمی 2024 گەیشتە عێراق، بەڵێنی کاری بەرگدرووی پێدراوبوو لەگەڵ هەبوونی پشوو، هەروەها رێگەدان بە بەکارهێنانی مۆبایل بۆ پەیوەندیکردن بە خێزانەکەیەوە، بەڵام ئەوەی لە عێراق ئەزموونی کردووە تەواو جیاواز بووە لە بەڵێنەکان.
ژنە رزگاربووەکە دەڵێت، کۆمەڵێک دەڵاڵ بە بەڵێنی درۆ ژنانی وڵاتانی هەژار هەڵدەخەڵەتێنن و دەیانبەن بۆ وڵاتانی کەنداو.
ژنەکە جارێک لە عێراق ناچارکراوە کاری خزمەتکاری ماڵان بکات و باس لەوەدەکات، خاوەن ماڵەکە هەوڵیداوە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر، بەڵام بەرەنگاریی بووەتەوە و بۆ بەڵگە هەوڵیداوە تۆماری ڤیدیۆیی خاوەن کارەکە بکات، دواتر لەسەر فەرمانی دەڵاڵەکەی بەشێوەیەکی دڕندانە لێیدراوە.
ژنەکە دەڵێت: "رۆژێک هێندە بە دار لێیاندام تا دارەکە شکا." بەهۆی ئەو ئازار و لێدانانەوە ئەزموونی کردووە، چەندین مانگ توشی خەمۆکی و ناڕێکی دەروونی بووە.
دوای نزیکەی هەشت مانگ لەو بارودۆخە، دواجار ژنەکە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توانیویەتی ئەندام پەرلەمانێکی پونجاب بە ناوی سانت بالبیر سیچێوال بدۆزێتەوە و یارمەتی بدات بۆ دەربازبوون لە عێراق.
ژنەکە دەڵێت: "هەرگیز رۆژە ناخۆشەکانم لە عێراق بیرناچێتەوە."
ئەندام پەرلەمانەکەی پونجاب ژنەکە بە سومبولی ئازایەتی ناودەبات کە شەڕدەکات بۆ مافەکانی.
بەپێی وتەی ژنە رزگاربووەکە، نزیکەی 20 بۆ 25 ژنی دیکەی پونجابی لە عێراق گیریان خواردووە و مامەڵەی خراپ ئەزموون دەکەن.
ئەندام پەرلەمانەکە داوا لە ئەو ژنانە دەکات لە وڵاتانی دیکە گیریانخواردووە و ئەزموونی ژیانێکی کارەساتبار دەکەن، دەنگیان بڵند بکەن بۆ ئەوەی ئازادبکرێن و مافەکانیان بەدەستبهێننەوە.
