
سبەى
بنیامین نەتەنیاهۆ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد دەستبەجێ "هێرشی چڕ" بۆسەر غەززە ئەنجام بدات و حەماسیش وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، رادەستکردنی تەرمی بارمتەیەک دوادەخات، ئەمەش فشارێکی نوێی خستووەتەسەر ئاگربەست کە بەنێوەندگیریی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
ئەم فەرمانەی نەتەنیاهۆ دوای هەڵکشانى گرژییەکان دێت، ئیسرائیل حەماسی بە “پێشێلکردنی” ئاگربەست لە غەززە تۆمەتبار کرد و دەڵێت بەشێک لە دوایین پاشماوەی بارمتە کە گەڕێنراونەتەوە هی بارمتەیەکن کە پێشتر تەرمەکەی لە کەرتی غەززە لەلایەن سوپاوە دەرهێنرابووەوە، لەکاتێکدا حەماسیش هەمان تۆمەتى “پێشێلکردنى“ ئاگربەست ئاڕاستەى ئیسرائیل دەکات.
لەبەرانبەردا حەماس رۆژی سێشەممە دواخستنی رادەستکردنی تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلی راگەیاند بەهۆی "پێشێلکاری" ئیسرائیلەوە.
کەتائیبى قاسام، باڵی سەربازیی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە تونێلێک لە باشووری کەرتی غەززە، تەرمی یەکێک لە بارمتةكانىدۆزیوەتەوە، بەڵام بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلەوە، رادەستکردنەکە دوادەخەن، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت.
جەختیشیکردوەتەوە، هەر پەرەسەندنێک دەبێتە ڕێگر لەبەردەم گەڕان و هەڵکەندن و دەرهێنانەوەی تەرمەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی دواخستنی دەرهێنانی تەرمی بارمتەکانى دیکە.
ئاگربەستى غەززە کە لە 10ى تشرینى یەکەمەوە دەستیپێکردووە، تاڕادەیەکی زۆر بەردەوام بووە سەرەڕای ئەوەی پێشتر لانیکەم دوو جار توندوتیژیی روویداوە.
لاى خۆیەوە بەرپرسێکى ئەمەریکى داوای لە ئیسرائیل کرد رێوشوێنى توند نەگرێتەبەر کە بتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی رێککەوتنی ئاگربەست، ئەوەش بەپێی پێگەى ئەکسیۆسى ئەمەریکى.
هێشتا تەرمی 13 بارمتە لە غەززە ماون. پێدەچێت گەڕانەوەی هێواشی تەرمی بارمتەکان ئاڵنگارییەک بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی ئاگربەست دروست بکات، وەک چەکداماڵینی حەماس، جێگیرکردنی هێزێکی ئەمنی نێودەوڵەتی لە غەززە و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ ئیدارەی خاکەکە دەکات.
حەماس دەڵێت، لەناو وێرانکارییە بەرفراوانەکانی غەززەدا لە هەوڵدایە بۆ دیاریکردنی شوێنی تەرمەکان، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئەو گروپە چەکدارەی تۆمەتبارکردووە بەوەی بە مەبەست گەڕانەوەیانى دواخستووە.
میسر تیمێکی پسپۆڕ و کەرەستەی قورسی جێگیرکردووە بۆ یارمەتیدانی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو بارمتانەى ماونەتەوە.
