
سبەى
بەریتانیا بڕیاریداوە بە جێگیرکردنى ئەو کۆچبەرانەى داواى مافى پەنابەرى دەکەن لە دوو بنکەی سەربازیدا، ئەوەش بە ئامانجى کۆتاییهێنان بە نیشتەجێکردنی 32 هەزار کەس لە هۆتێلەکاندا کە ناڕەزایەتی توندی لێکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی بی بی سی بەریتانی، بڕیارە سەدان پەناخواز لە دوو بنکەی سەربازی لە ئینڤێرنێس (لە باکووری سکۆتلەندا) و ئیست ساسێکس (لە ئینگلتەرا) نیشتەجێ بکرێن و گفتوگۆ لە ئارادایە بۆ بەکارهێنانی ئەو دوو بنکە سەربازییە بۆ نیشتەجێکردنی نزیکەی ٩٠٠ پیاوی پەناخواز.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست بی بی سی کەوتووە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگریی ڕاسپاردووە، کە پرۆسەی دۆزینەوەی بنکەی سەربازیی گونجاو بۆ جێگیرکردنی پەناخوازان خێراتر بکەن.
حکومەت بەڵێنی داوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو کۆتایی بە بەکارهێنانی هۆتێل بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران بهێنێت، کە بە ملیارەها پاوەندی تێچووە و بووەتە ناڕەزایەتی پارت و هاوڵاتیانی دژە کۆچبەری لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی پلانەکە کە لەلایەن بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی حکومەتی بەریتانیا ئامادەکراوە، بڕیارە تا کۆتایی مانگی داهاتوو پەناخوازان لە بنکەی سەربازی کامیرۆن لە شاری ئینڤێرنێس و کەمپی مەشقیسەربازی لە کرۆبۆرۆ لە ساسێکس نیشتەجێ بکرێن.
لۆک پۆلارد وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت، ئەو شوێنە سەربازیانە ئەگەرچی شوێنێکی تایبەت بە هەموو پێداویستییەکەوە نییە بەڵام بە شێوازی کاتی دەتوانێت میوانداری پەناخوازان بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی فشارەکان لەسەر هۆتێلەکان لاببەین و ڕێگەمان پێدەدات خێراتر دایانبخەین".
سەبارەت بە تێچووی ئەم بنکە سەربازییانە بۆ ئەوەی وەک شوێنی نیشتەجێکردنی پەناخوازان بەکار بهێندرێن، پۆلارد جەختی لەوە کردەوە بە گوێرەی شوینەکان تێچووەکەی جیاوازە، وتیشی "شتێکی گرنگتر هەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بینیومانە و ئەوەش خواستی بەربڵاوی گشتییە بۆ داخستنی هەموو ئەو هۆتێلانەی بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران تەرخانکراوە".
وەزیری بەرگری بەریتانیا باسی لەوە نەکرد کە بەپێی پلانەکە چەند پەناخواز دەگوازرێنەوە و پلانەکە چ کاتێک ئەنجام دەدرێت و دوپاتیکردەوە کە گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامە.
وتیشی: "پێویستە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێیەکان ئەنجام بدرێت و ڕێکاری ئەمنی پێویست بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرمانگەی وردبینی نیشتمانی بەریتانیا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بنکە گەورەکانی وەک ناوەندە سەربازییەکان تێچووی زیاتری دەبێت بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان بەراورد بە هۆتێلەکان.
هاوکات ئەنگوس ماکدۆناڵد، پەرلەمانتاری لیبراڵ دیموکراتەکان لە ئینڤێرنێس، بە بی بی سی راگەیاندووە، پشتگیری لە نیشتەجێکردنی پەنابەران دەکات لە بنکە سەربازییەکان، بەڵام هەڵبژاردنی ئەم بنکە تایبەتەی بە "کەمێک سەیروسەمەرە" ناوبرد، چونکە لە ناوەندی شارەکەدایە و هێچ ڕێوشوێنێکت ئەمنی لە بنکە سەربازییەکە نەگیراوەتەبەر.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی :"پێموابوو مەبەست لە نیشتەجێکردنی پەناخوازان لە کەمپە سەربازییەکان ئەوەیە کە لە دەرەوەی شار بمێننەوە بۆ ئەوەی نەبنە کێشە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە".
ماکدۆناڵد ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر پلانی بەکارهێنانی بنکەی کامیرۆن بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەرانی زانیوە کاتێک فەرمانی چۆڵکردنی دانیشتوانی ئەو بنکە سەربازییە دراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا زانیویەتی کە پلانەکە بریتییە لە نیشتەجێکردنی ٣٠٠ پەنابەر لەوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، سکۆتلەندا پێشینەیەکی باشی نییە لە ڕاگرتنی کۆچبەران و پێویستە وەزارەتی ناوخۆ بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا ئەم پەناخوازانە لەم ناوەندانەدا دەمێننەوە یان نا؟
