مووچەى مانگى نۆ دوو هەنگاوى ماوە؛ هەرێم چاوەڕوانى ناردنى دوو مووچەیە لەمانگى داهاتوودا

#هەرێم#عێراق#مووچە
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رێباز حەملان: ليستى مووچەى مانگى نۆ رەوانەى بەغداد کراوە و ماوەتەوە تەرازووى پێداچوونەوەکەى بنێردرێت
  • رێباز حەملان: فشارێکى زۆر کراوە سەرەتاى مانگى 11 مووچەى مانگى نۆ بێت و لەکۆتایی ئەو مانگەش مووچەى مانگى 10
Primary Asset

سبەى

حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى نۆى رەوانەى بەغداد کردووە، بەڵام هێشتا تەرازووى پێداچوونەوە و داهاتى ناوخۆى نەناردووە، چاوەڕوانیشە بەغداد لەمانگى داهاتوودا دوو مووچە رەوانە بکات.

رێباز حەملان یاریدەدەرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان رۆژى 28ى تشرینى یەکەم بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند "ليستى مووچەى مانگى نۆ رەوانەى بەغداد کراوە و ماوەتەوە تەرازووى پێداچوونەوەکەى بنێردرێت".

وتیشى وەزارەتى دارایی و بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران خەریکى ئامادەکارییە بۆ کۆکردنەوەى 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ، کە 48 ملیار دینارى لە سلێمانى دەبێت و ئەوەى دیکەشى لە هەولێر و دهۆک، بۆ ئەوەى سەرەتاى مانگى 11 موچەى مانگى نۆ بنێردرێت و دابەش بکرێت.

رێباز حەملان باسى لەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانى هەرێم لەرۆژى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەوە سودانى ئاگادارکردووەتەوە کە هەرێم سەرجەم پابەندییەکانى جێبەجێکردووە و پێویستە بەغداد سەرجەم مووچەکانى ئەمساڵ بنێرێت، هەر بەم هۆیەشەوە فشارێکى زۆر کراوە کە لەسەرەتاى مانگى 11 مووچەى مانگى نۆ بێت و لەکۆتایی ئەو مانگەش مووچەى مانگى 10، هەروەک چۆن لەمانگى 10 دا دوو مووچە هات.

ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیار لاى بەغداد و سەرۆک وەزیرانى عێراقە و پێویستە پارەکە بنێردرێت، چونکە حکومەتى هەرێم سەرجەم پابەندییەکانى لە هەناردەکردنەوەى نەوت و داهاتى ناوخۆ و پاککردنەوەى لیستى مووچەى جێبەجێکردووە، بەغداد هیچ پاساوێکى نییە ناردنى مووچە دوابخات.

بەوتەى رێباز حەملان، عێراق ناتوانرێت پاساوى کەمى سیولە بەرانبەر هەرێم بەکاربهێنێت، لەبەرئەوەى سیولەى پێویست لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى لەبەردەستە بۆ دابەشکردنى مووچەیەک زیاتر.

رۆژى 26ى تشرینى یەکەم، تەمویلی مووچەی مانگی هەشت لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کە بڕەکەى  ( ٩٤٥،٨١٧،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو چل و پێنج ملیارو هەشت سەدو حەڤدە ملیۆن دینار بوو.

هەمان رۆژ وەزارەتى دارایی هەرێم خشتەى مووچەى راگەیاند کە لە ٢٧ ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و رۆژى ٢٩ ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت.

ناردنى مووچەى مانگى هەشت لەلایەن بەغدادەوە دواى نزیکەى هەفتەیەک هات لە رادەستکردنى بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی هەشت كە بڕەكەی 120 ملیار دینار بوو، کە بەشێوەی كاش خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

مانگی رابردووش لە رۆژی (25ـی ئەیلولی 2025) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تەمموز کە بڕەکەی 120 ملیار دینار بوو، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، پێنج رۆژ دواتر و لە (30ـی ئەیلولی 2025)، وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی کە بڕەکەی 956 ملیار و 928 ملیۆن دینار بوو.

دواتر لە رۆژی (2ـی تشرینی یەکەمی 2025) دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و لەماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی