
دەروازەیەکی سنوریی هەرێمی کوردستان
سبەی
لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢٨-١٠-٢٠٢٥ ەوە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدادن، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی دەروازە سنورییەکان بکەن و باس لە جێبەجێ کردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان بکەن.
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە هەریەک لە (سامی جەلال راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، کەمال رەئوف بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، جەوهەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باج) ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢٨-١٠-٢٠٢٥ گەیشتنە بەغداد و ئەمڕۆ گفتوگۆکانیان دەستپێکرد.
سەردانی شاندەکە ئەمرۆش بەردەوام دەبێت و بەپێی زانیارییەکان تا رۆژی پێنج شەممە شاندەکە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
حکومەتی عێراق پێشتر بڕیاری دابوو سیستمی "ئەسیکۆدا"ی گومرگیی جێبەجێ بکات، ئەو بڕیارەش سەرجەم گومرگ و دەروازە سنوریەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە، بەشێوەیەک جێبەجێکردنەکەی لە یەکی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥ تێنەپەڕێت.
حکومەتی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەو سیستمە رازی نییە
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی "سبەی" حکومەتی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەو سیستمە رازی نییە و دەیەوێت جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانی لێبەدەر بکرێت، لەبەرامبەردا ئەو سیستمەی خۆی پەیڕەوی دەکات بمێنێتەوە و تەنها لەنێوانیان زانیاریی ئاڵوگۆڕ بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان خاڵی ناکۆک ئەوەیە بەرپرسانی هەرێم پێیان وایە، ئەو سیستمەی خۆیان بەکاری دەهێنن لە سیستمی "ئەسیکۆدا" ی عێراق باشترە کە بڕیارە جێبەجێ بکرێت.
سیستمی ئەسیكۆدا چییە؟
ئەسیكۆدا پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی نێودەوڵەتییە كە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) پەرەی پێدراوە بۆ دیجیتاڵكردنی رێكارە گومرگییەكان و كەمكردنەوەی تێچوونەكان و بەرزكردنەوەی شەفافیەت.
سوودەكانی سیستمەكە بریتین لە:
تۆماركردنی ئەلیكترۆنی مامەڵە بازرگانییەكان.
كەمكردنەوەی دەرفەتەكانی دەستكاریكردن و گەندەڵی.
خێراكردنی ڕێكارەكانی پاككردنەوەی گومرگی.
بەدواداچوونی وردی قەبارەی بازرگانی و داهاتەكان.
حكومەت دەیەوێت لە رێگەی ئەو سیستمەوە چاكسازی لە سیستمی گومرگیدا بكات، كە لە مێژە بەدەست ملیارەها دۆلاری لەدەستچوو بەهۆی گەندەڵیەوە دەناڵێنێت. پلاتفۆرمەكە داتای ورد و متمانەپێكراو دابین دەكات كە چاودێریكردن و لێپرسینەوە ئاسان دەكات. هەروەها ئامرازێكی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئابووری عێراق دوور لە پشتبەستنی زۆر بە نەوت.
كۆدی گومرگی
كۆدی گومرگی وەك ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ بازرگان یان كۆمپانیاكە لەناو سیستمەكەدا كاردەكات. بەبێ ئەم كۆدە، هیچ باركردنێك ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونكە بەستراوەتەوە بە هەموو داتاكانەوە، وەك:
ناوی هاوردەكار
ژمارەی مۆڵەتی بازرگانی
مێژووی باركردن و بەڵگەنامە
