دوای کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا .. ئەردۆغان و شاندی ئیمرالی دەم پارتی کۆدەبنەوە

#ئەردۆغان#شاندی ئیمرالی#دەم پارتی#چەکدانانی پەکەکە#کشانەوەی پەکەکە
13 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • چوار رۆژ دوای بڕیاری کشانەوەی ژمارەیەک گەریلا لە سنورەکانی باکوری کوردستانەوە بەرەو قەندیل، سبەینێ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.
Primary Asset

سبەی

چوار رۆژ دوای بڕیاری کشانەوەی ژمارەیەک گەریلا لە سنورەکانی باکوری کوردستانەوە بەرەو قەندیل، سبەینێ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە هەریەک لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سینجار ئەندامانی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە کۆشکی باشتەپە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.

کۆبونەوەکە سەهات (5:30) دوانیوەڕۆی سبەینێ دەبێت بە کاتی ناوخۆی تورکیا.

کۆبونەوەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی و ئەردۆغان، دوای ئەوەی هات کە سێ رۆژ لەمەوبەر ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو خاکی تورکیا و باکوری کوردستانەوە بەرەو چیای قەندیل کشانەوە.

دەم پارتی داوای هەنگاوی سیاسی و یاسایی لە تورکیا دەکات

رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی یەکەمی 2025) تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، رایگەیاند: دوای بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لەناو خاکی تورکیا، کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی یاسایی و سیاسی و گواستنەوە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بنرێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای لە دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، لەگەڵ قۆناغی نوێی پرۆسەکەدا زۆر گرنگە بە خێرایی هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنرێت بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە. 

کشانەوەى گەریلاکانی پەکەکە لە تورکیا 

رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2025) لە بەیاننامەیەکدا کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قەندیل خوێندرایەوە، سەبری ئۆک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەناوی تەڤگەری ئازادیی کوردستانەوە رایگەیاند: له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رنامه‌ و بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی 12 و به‌ ده‌ستووری عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌ستمانكرد به‌ هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌مان له‌ توركیا له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری مه‌ترسی پێكداداندان و زه‌مینه‌ له‌بارن بۆ ڕوودانی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو".

"كشانه‌وه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی توركیاوه‌ به‌ره‌و هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ده‌كرێت و به‌شێك له‌و گرووپانه‌ی گه‌یشتوون به‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا و به‌شدارن له‌م کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات له‌و سه‌نگه‌رانه‌ی ناوچه‌ سنوورییه‌كانیشدا كه‌ ئه‌گه‌ری پێكدانان و هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراویان له‌سه‌ره‌، ڕێوشوێنی هاوشێوە گیراونه‌ته‌به‌ر".

بانگەوازەکەی ئۆجەلان

رۆژی (27ـی شوباتی 2025) عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمرالییەوە،  بانگەوازێکی بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە رێگەی شاندی دەم پارتی ئیمراڵییەوە بڵاوکرەوە.

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: ئەو ئامانجەی پەکەکە بۆی دروست بوو بەشێکی بەدیهات و بەرامبەر ئەو دەستپێشخەریەی دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند و سەرۆککۆمار پاڵپشتی کرد، بانگەوازی چەکدانان لە پەکەکە دەکەم و ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆ دەگرم، داوا لە پەکەکە دەکەم کۆنگرەی خۆی بکات و هەموو گروپەکان خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

ئۆجەلان دشڵێت: هۆکاری دروستبوونی پەکەکە بە هۆی نکۆڵیکردن بوو لە ناسنامەی کورد و لە بەرئەوەی ڕێگای دیموکراسی داخرابوو بۆیە پەکەکە لەلایەن خەڵکەوە پشتگیری بەدەستهێنا. ئەم بانگەوازی دیموکراسییە کەس ناتوانێت خۆی لێ لابدات.

کۆنگرەی 12ـی پەکەکە 

رۆژانى (5-7ـى ئایارى 2024) لەسەر بنەماى پەیامەکەى ئۆجەلان بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، پەکەکە لە دوو ناوچەى هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا کۆنگرەى بەست و بڕیاریدا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

ئاژانسى فەرمى پەکەکە، رۆژى (22ـى ئایاری 2025) زانیارى نوێى لەبارەى کۆنگرەى پەکەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند كۆنگرەكە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە کە لە ڕۆژانی 5-7ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجامی دراوە.

ئاماژەیان بەوەكردوە، خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت، گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد کە  بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن ئۆجەلان بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە.

سوتاندنی چەک لە ئەشکەوتی جاسەنە

کاتژمێر (11:30)ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی (11ـی تەمموزی 2025) بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رێبەرایەتی 30 گەریلای کوڕ و کچی کرد بۆ سوتاندنی چەکەکانیان لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و میدیاکانی ناوخۆ و جیهان، وەک بەدەمەوەچونێک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات و کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دەستپێکردین قۆناغی نوێی چارەسەریی.

لە راگەیاندراوەکەی گروپەکەدا هاتووە: وه‌ك نیازپاكی و هه‌نگاوی بڕیارداری له‌ پێناوی به‌كرداری سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی) و له‌ ئێستا‌وه‌ به‌ ئامانجی به‌رده‌وامیدان به‌ تێكۆشانی ئازادیی و دیموكراسیی و سۆسیالیزمیمان به‌ ڕێبازی سیاسه‌تی دیموكراتی‌ و یاسایی و هاوكات له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ركردنی یاساكانی دیموكراتی؛ له‌ ئامادەبوونی ئێوه‌دا به‌ ئیراده‌ی ئازادی خۆمان چه‌كه‌كه‌مان له‌ناو ده‌به‌ین.

هەروەها هیوایان خواستووە: ئه‌م هه‌نگاوه‌یان ببێته‌ مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌ تایبه‌تی بۆ ژنان و گه‌نجان و بۆ گه‌لانی توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و ئاشتی و ئازادی له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی