ئۆکراینا بە چڕیی ژێرخانی ووزەی روسیا دەکاتە ئامانج

#ئۆکراینا#روسیا#سێکتەری وزەی روسیا
12 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی وتەی وەزیری بەرگریی روسیا و پارێزگاری مۆسکۆ، دوو شەوی رابردوو (27 و 26ـی تشرینی یەکەمی 2025)، سوپای ئۆکراینا لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر مۆسکۆی پایتەختی روسیا
Primary Asset

دیمەنی هێرشەکەی ئۆکراینا بۆ سەر روسیا

سبەی

جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراینا بەردەوامە. لە دوو شەوی رابردوودا ئۆکراینا ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر روسیا و سێکتەری وزەی وڵاتەکەی بە ئامانج گرتووە.

بەپێی وتەی وەزیری بەرگریی روسیا و پارێزگاری مۆسکۆ، دوو شەوی رابردوو (27 و 26ـی تشرینی یەکەمی 2025)، سوپای ئۆکراینا لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر مۆسکۆی پایتەختی روسیا.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی روسیا، شەوی رابردوو هێزە ئاسمانییەکانی روسیا توانیویانە 17 درۆنی ئۆکراینا تێکبشکێنن.

لە راگەیەندراوەکانی روسیادا باس لە زیانەکان نەکراوە، بەشێک لە ستراتیژی مۆسکۆ ئاشکرانەکردنی زیانی هێرشەکانە. روسیا تەنها لە کاتی بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی و دامەزراوە سڤیلییەکاندا زیانەکان ئاشکرا دەکات.

بە پێچەوانەی راپۆرتەکانی روسیا لەسەر زیانەکان بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرایناوە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای ئۆکراینا قووڵایی خاکی روسیای بە ئامانجگرتووە.

بەپێی وتەی زیلینسکی، لە رێگەی هێرشە دوورمەوداکانی سوپای ئۆکرایناوە بۆ قوڵایی خاکی روسیا، نزیکەی 20%ـی بەرهەمهێنانی نەوتی روسیا کەمبووەتەوە.

سەبارەت بە جۆری ئەو موشەکانەی ئۆکراینا بەکاریدەهێنێت، زیلینسکی رایگەیاند، "زیاتر لە 90%ـی هیرشەکانمان قووڵایی خاکی روسیا دەکاتە ئامانج، بە موشەکی دروستکراوی ئۆکراینا ئەنجامدەدرێت."

فشارەکانی رۆژئاوا لەسەر روسیا

هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی بڕیار بوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لە هەنگاریا كۆبوونەوەی لوتكە ئەنجامبدەن، بەڵام كۆبوونەوەكەیان شكستیهێنا، ئەوەش دوای بێ ئەنجامی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و روسیا.

دوای ئەوەی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان سەرۆكانی هەردوو وڵات، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (23ـی تشرینی یەكەمی 2025)، كۆشكی سپی ژمارەیەك سزای بەسەر دوو گەورەترین كۆمپانیای نەوتی روسیا، روزنەفت و لوكئۆیڵ-دا سەپاند، ئەوەش وەك فشاری زیاتر بۆ سەر مۆسكۆ بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆكان.

جگە لە سزاكانی ئەمەریكا، هێرشەكانی ئەمدواییانەی سوپای ئۆكراینا سێكتەری وزەی روسیا بە ئامانج دەگرێت، ئەوەش لە پێناو وەشاندنی گورزی كوشندە لە ژێرخانی ئابووری مۆسكۆ.

بەپێی راپۆرتێكی سكای نیوزی بەریتانی سزا ئابوورییەكان بەس نین بۆ راگرتنی روسیا لە شەڕكردن دژی ئۆكراینا.

وەك لە راپۆرتەكەی سكای نیوزدا هاتووە، بەرەوپێشچوون هەیە لە ناردنی چەك بۆ ئۆكراینا. ئەو چەكانە پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی درۆنە خۆكوژییەكانی روسیا.

سەبارەت بە كڕینی چەك بە پارە بلۆككراوەكانی روسیا لە بانكەكانی ئەوروپا، بەپێی راپۆرتەكەی سكای نیوز، نزیكبوونەوە لە نێوان ئەوروپا و ئەمەریكا هەیە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بیروڕای خۆی نەگۆڕێت و نەرمی نەنوێنێت بەرامبەر پوتین.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی