
رژانى ماددەیەکى رەش لە گۆمە جولەکەى نزیک گوندی قامیشە سەر بە ناحیەی خەلەکان لە قەزاى دوکان
سبەى-هانا مەحمود
قایمقامى دوکان دیاریکردنى تۆمەتبارى رژاندنى ماددە رەشەکەى سنورى دوکانى راگەیاند، کە کوردە و خەڵکى سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینە.
هەفتەى رابردوو ڤیدیۆى رژانى ماددەیەکى رەش لە گۆمە جولەکەى نزیک گوندی قامیشە سەر بە ناحیەی خەلەکان لە قەزاى دوکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى، بەو پێیەى شوێنەکە رێڕەوێکى ئاوە کە لەکاتى باران باریندا دەڕژێتە ناو تەنگى بوک و زاوا لە دەریاچەى دوکان کە شادەمارى ئاوى خواردنەوەى پارێزگاى سلێمانییە.
سیروان سەرحەد قایمقامى دوکان رۆژى 28ى تشرینى یەکەم بە "سبەى" راگەیاند، کەسێک وەک تۆمەتبارى رووداوەکە دیاریکراوە و داوامانکردوە دەستگیر بکرێت دوای رەزامەندی دادوەر و دادگا.
وتیشى ئەو کەسە خەڵکی سنوری ئیدارەی راپەڕینە و کوردە و دۆسیەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراوە.
کۆتایی هەفتەى رابردوو دواى فراوانبوونى کاردانەوەکان لەو بارەیەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانى دوکان بە خۆڵ ئەو ماددەیەیان داپۆشى و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێکرد.
قایمقامى دوکان دەڵێت "رێوشوێنی سەرەتایمان گرتووەتەبەر و لە ئێستادا داپۆشراوە و پێشنیازکراوە کە بگوازرێتەوە بە شێوەیەکی زانستی بۆ کارگەکانی بازیان و دوبارە بەکاربهێندرێتەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی چاوەروانی ئەوانین تا بڕیار لەو بارەیەوە بدرێت".
سبەى پەیوەندى بە شای ئاوات بەڕێوەبەرى ژینگەی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکات و تەنها وتى لە ماوەی داهاتوودا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا زانیارییەکان دەخەنەروو.
بەپێی قسەی قایمقامی قەزای دوکان، ئەمە سێیەم جارە ماددەی لەو جۆرە و لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لەو شوێنانە دەڕژێندرێت، بەڵام تێکەڵ بە ئاوى دوکان نەبوو و لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە رۆنی ڕەشە و زیان دەگەیەنێت بەژینگە و هاوڵاتییان.
لەدوای قەزای دوکان هەمان ماددە لە چەند ناوچەیەکی دیکەش بینراوە لەناویاندا ناحیەی تانجەرۆ بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار قسەى لەو بارەیەوە نەکردووە.
مەعروف مەجید سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنى ژینگە پێشتر لە لێدوانێکیدا بۆ "سبەى" گومانى خۆى نيشاندابوو لەوەى ئەو ماددەیە رۆن یان نەوتى رەش بێت و دەڵێت، نەوتى رەش هەر تەنێکى 250 دۆلار دەکات بۆیە بەدوورى دەزانن ئەو ماددەیە رژێنرابێت، ئاماژەکان بۆ ئەوەن پاشماوەى تێزاب بێت کە بەهەر جۆرێک لەناوببرێت کاریگەریی خراپ لەسەر ژینگە جێدەهێڵێت.
ئاماژەى بەوەشکردبوو، بەپێی بەدواداچوونەکانیان ئەو ماددەیە تەنها لەیەک ناوچە نەڕژێنراوە، بەڵکو لەچەند ناوچەیەکى دیکەش هەمان حاڵەت بینراوە، لە سنورى هەڵەبجە و تانجەرۆ و چەمچەماڵ ناحیەى ئاغجەلەر.
