
سبەى
زیادەڕۆیی لە کاتژمێرەکانی کارکردن، کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی بەجێدەهێڵێت و بیرەوەری لاواز دەکات، هاوکات ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی دروست لە هەفتەیەکدا کاردەکەن و کاتژمێرەکانی کارکردنیان رێکخستووە، گەنجتر و چالاکتر دەردەکەون، بەراورد بەو کەسانەی خۆیان زیاتر ماندوو کردووە.
بە پێی راپۆرتێکی زانستی کە لە رۆژنامەی ئیڤینینگ ستاندارد (Evening Standard)ی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، زیادەڕۆیی لە کاتژمێرەکانی کارکردن، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو بەشانەی مێشک هەیە، کە بەرپرسن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یادەوەری. هەروەها کاریگەرییە خراپەکانی بۆسەر تەندروستی دەروونی درێژدەبێتەوە.
لە راپۆرتە زانستییەکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی هەفتانە زیاتر لە 52 کاتژمێر کاریان کردووە، زیان بە مێشکیان گەیشتووە. بەڵام زیانەکان لەگەڵ رێکخستنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنیان کەمتر بووەتەوە، ئەوەش وەکو بەڵگەیەک لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی زۆر کارکردن لە هەفتەیەکدا خراوەتەڕوو.
توێژەران سکانی MRI یان بۆ 110 کەس کردووە، کە زۆرینەکان پزیشک بوون و لەو ژمارەیەش 32 کەسیان زیادەرۆییان لە کاتژمێرەکانی کارکردن کردووە، لە بەرامبەردا 78 کەسیان کارکردنیان بە شێوەیەکی ستاندارد بووە، واتە لە 50 کاتژمێر زیاتر نەبووە.
بەهۆی پشکنینە پزیشکییەکەوە دەرکەوت، ئەو کەسانەی کاتژمێری زیاتر کاریان کردووە، بە رێژەی 19% مێشکیان زیاتر ماندوو بووە و دوچاری تێکچوونی ئەو خانانەی مێشک بوون، کە پەیوەندی بە چارەسەرکردنی کێشەکان و یادەوەریەوە هەیە.
لە بەرامبەردا ئەو کەسانەی کە پارێزگاریان لە کاتژمێرە دروستەکانی کارکردن کردووە، جگەلەوەی گەنجتر دەرکەوتوون، توانای زانینیان زیاتر بووە.
هاوکات توێژەرانی زانکۆی یونسی کۆریای باشوور ئەنجامی توێژینەوەکەیان پشتڕاستکردوەتەوە و دەڵێن: "ئەو کەسانەی کاتێکی زۆر لەسەر کارەکانیان بەسەردەبەن، گۆڕانکاری لە بەشێکی مێشکیان روویداوە، ئەو بەشانەش بەرپرسن لە توانای جێبەجێکردن و رێکخستنی سۆزداریی".
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئەم دۆزینەوانە بەڵگەی نوێی بایۆلۆجی دەمارەکان ئاشکرادەکەن و کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن بە گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکانی مێشکەوە دەبەستنەوە. ئەمەش پێویستی لێکۆڵینەوەی زیاتر دووپاتدەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە کارکردنەوە ".
دۆزینەوەکان جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی زیادەڕۆیی لە کارکردن، وەک پرسێکی تەندروستی دەکەنەوە و تیشک دەخەنە سەر پێویستی پەیڕەکردنی سیاسەتی شوێنی کار، کە کاتەکانی کارکردنی زیادە کەم بکاتەوە.
روت ویلکینسن بەرپرسی سیاسەت و کاروباری گشتی لە دامەزراوەی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دەڵێت: "شیکارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی نێودەوڵەتی کار دەریخستووە، کە زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارکردن بووە بە پرسێکی جیهانی، چونکە بەرپرسیارە لە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کارەوە".
داواش دەکات "رێوشوێنی بەپەلە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن بگیرێتەبەر و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی کرێکاراندا بکرێت، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن".
