
سبەی
زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار سەرباز و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی سوپا و ئاسایشی ناوخۆ، دوو رۆژ پێش دەنگدانی گشتی، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ دەدەن، بەشێکی زۆریان لەژێر فشاری سیاسیدان و بەشێکیشیان ئینتیمای حیزبی و مەزهەبی ئاڕاستەیان دەکات بۆ دەنگدان، دەنگی ئەوان یەکلاکەرەوەیە و زۆرجار وەک کارتی فشاریش بەکاردەهێنرێن.
هاکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق کە کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، چەندین راپۆرت و زانیاریی بڵاوکراونەتەوە، لەسەر سکاڵای سەربازانی سوپا و کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر ئەو فشارانەی دەکرێتە سەریان بۆ دەنگدان، بەشێکی کارمەندان سکاڵای ئەوەیان کردووە فشاریان لەسەرە دەنگ بە کاندید و لیستێکی دیاریکراو بدەن، یان ئەو لیستانەی کە لە ئەفسەر و پلەداران و بەرپرسانی فەوجەکانی حەشدی شەعبییەوە نزیکن، ئەوەش ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دووبارە دەکاتەوە، کە دەنگدانی بە لێشاوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بوو بە لیست و کاندیدە دیاریکراوەکان.
هۆگر چەتۆ، شارەزا و چاودێری هەڵبژاردنەکان لە عێراق پێیوایە، دەنگدانی هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کاریگەرە لەسەر بەشێکی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی دەنگی ئەو هێزە کە نزیک دەبێتەوە لە یەک ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەر لە دامەزراوە جیاوازەکانی سوپا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا.
ئاماژەی بەوەکردووە، رێژەی دەنگدانی تایبەت بەشێویەکی گشتی بەرزە بەراورد بە دەنگدانی گشتی، ئەو گروپە دەتوانێت لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا باڵانسەکە بگۆڕێت و سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانیان دەچێت بۆ لیستە جیاوازەکان، رەنگە ئەوە بەشێکی کاریگەرییەکان کەمبکاتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی دەنگدانی تایبەت کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بە زۆری دەنگیان بۆ پارتە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکان بوو، چونکە ئەو هێزانە هەژموونی گەورەیان بەسەر دامەزراوە سەربازی و هێزەکانی ناوخۆیەوە هەیە.
شارەزایانی هەڵبژاردن بە پێویستی دەزانن، رێکاری روون و ئاشکرا بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگریی لەوە بکرێت فشار بخرێتە سەر چەکدار و سەرباز و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان. رێگریی بکرێت لە بەکارهێنانی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی بێلایەنی دامەزراوە سەربازیی و چەکدارییەکان بپارێزرێت و پارێزگاریی لە پاکی و بێگەردی و شەفافی هەڵبژاردنەکان بکرێت.
پەرلەمانتاران و بەتایبەتی فراکسیۆنەکانی دەرەوەی دەسەڵات، رەخنە لە هێزە دەسەڵاتدار و مەزهەبییەکان دەگرن کە فشاری زۆر دەخەنە سەر هێزەکانی سوپا و ناوخۆ، هەڕەشەی دەرکردن و سزادانیان دەکەن ئەگەر دەنگ بە لایەنەکانی ئەوان نەدەن و بۆ ئەوەش ئاڕاستەیان دەکەن بۆ دەنگدان بە لیست یان کاندیدێکی دیاریکراو، پێشتریش باس لەوە دەکرا کە کارمەندی ئاسایشی ناوخۆ یان سەرباز هەیە زیاتر لە 10 دەنگی پێدراوە بۆ بەرژەوەندی کاندید یان لیستێکی دیاریکرا.
بەوتەی عائید هیلالی، شیکەرەوەی سیاسی کە قسەی بۆ رۆژنامەی "عالەم جەدید" کردووە، دەنگدانی تایبەتی سوپا و هێزە ئەمنییەکان، دەتوانێت گۆڕانکاریی گەورە بکات و رەنگدانەوەی لەسەر شانۆی هەڵبژاردن بە گشتی دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەر بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ناوچەیی جیاوازن.
دەنگدان تایبەتی، دەتوانێت لە سنوری بازنەیەکی دیاریکراوی هەڵبژاردن یەکلایی کەرەوە بێت، بە تایبەتی لەو ناوچانەی بنکەی دەنگدانی تایبەتی زیاتر لێیە.
مەترسی هەیە دەنگدانی تایبەت، بگۆڕێت بۆ فشاری سیاسی و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر وێنەی سوپا و هێزەکانی ناوخۆ هەبێت وەک هێزێکی نیشتیمانی بێلایەن، بۆ ئەوەش شارەزایان و چاودێران داوا دەکەن چاودێریی زیاتری دەنگدانی تایبەتی بکرێت و گرنتی نهێنی و رێگریی لە هەر دەستێوەردانێک بکرێت، بەتایبەت لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە.
بەوتەی شارەزایان و چاودێرانی هەڵبژاردن، لە دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دەستوەردان و ئاڕاستەکردن بۆ دەنگدان کەمترە، بەراورد بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری، بەهۆی ئەوەی ئەو گروپە چەکدارانە مەزهەبی و بە زۆری کەسیین و پەیوەندییان بە لایەنێکی ئاینی، مەزهەبی، سیاسی و کەسایەتییەکانەوە هەیە.
رێگەیەکی دیکە، بۆ راگرتنی فشار و هەڕەشەی سەر هێزە ئەمنییەکان ئەوەیە، دەنگدانی تایبەتی هەڵبوەشێنرێتەوە و یەک سیستم و رۆژی دەنگدان هەبێت و دەنگدانی گشتی و تایبەت پێکەوە دەنگەکانیان جیابکرێتەوە و هەژمار بکرێت، بۆ ئەوەی فشار و ئاراستەکردن لەسەر ئەو هێزانە کەمبکرێتەوە.
نبراس ئەبو سودە، جێگری وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرووە، دەنگدەرانی تایبەت سەر بە وەزارەتەکانی بەرگری، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و فیدراڵ و دەستەی دەروازە سنورییەکانن.
جەختی کردووەتەوە، مافی دەنگدانی ئەوان پارێزراوە، دەنگەکانیان دەخرێتەوە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی و پێکەوە هەژمار دەکرێن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەیشتووەتە 1.323.980 دەنگدەر و بەسەر 809 بنکەی دەنگداندا دابەش کراون، کە 4501 وێستگەی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکان لە خۆدەگرێت.
