
سبەی
مەهدی كەڕوبی، یەكێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی سەوزی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی ئێران لە وابەستەبوون بە روسیا گرتووە، راشیگەیاندووە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بەرگەی دەنگی خەڵكی نەگرت و پشتیوانی لە سەركوتكردن كرد.
مەهدی كەروبی، یەكێك لە سەركردەكانی بزووتنەوەی سەوزی ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ منداڵەكانی میر حوسێن موسەوی و زەهرا رەهنەوەرد، لە سەركردەكانی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 كە بۆ ماوەی 14 ساڵە لە ماڵەكەی خۆیاندا زیندانی كراون، هۆشداری دا لەوەی لادان لەو بیروباوەڕانەی كە شۆرشی ئیسلامی لە پێناویدا ئەنجامدرا، گەیشتووەتە ئەو رادەیەی كە هەندێك لەو ئەندام پەرلەمانانەی ئێستا كە پێشینەی سەربازییان هەیە بە جۆرێك پشتیوانی لە پوتین دەكەن كە ئەگەر حیزبی توودە لە ئێران لە دەسەڵاتدا بوایە بەو جۆرە لایەنگرییان لە پوتین نەدەكرد.
كەروبی لە كۆبوونەوەكەیدا، هەروەها ئاماژەی بە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حكومەت بۆ لایەنگری لە رۆژهەڵات كرد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لە ماوەی سەرۆكایەتی ئیبراهیم رەئیسی لە ساڵی 2021، سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە چڕی و توندی لە روسیا نزیك بووەوە و پەیوەندییەكان لەگەڵ مۆسكۆ لە لووتكەی پلانەكانی وەزارەتی دەرەوە بووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، چەند رۆژێك لەمەوبەر محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رەخنەی لە لێدوانەكانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی پێشوو و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران سەبارەت بە روسیا گرت، وتی " وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پێشوو بە هەڵوێستەكانیان زیان بە رێڕەوی هاوكاری ستراتیژی ئێران لەگەڵ روسیا گەیاندووە".
مەهدی كەروبی لە مانگی شوباتی 2011 دا، هاوكات لەگەڵ میر حوسێن موسەوی و زەهرا رەهنەوەرد لە ماڵەوە دەستبەسەركرا، دوای 14 ساڵ لە دەستبەسەربوون لە مانگی ئاداری 2025 بە بڕیارێكی حكومەت كۆتایی بە گۆشەگیرییەكەی هێنرا.
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئێران، هەروەها رەخنەی لە هەڵسوكەوتی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران گرت لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 دا و وتی "لەجیاتی ئەوەی دەنگی خەڵك قبوڵ بكرێت، ساختەكاری و سەركوتكردن پشتگیری دەكرێت و رەخنەگران بە ئاژاوەگێڕی و نەبوونی تێگەیشتن تۆمەتباركراون". كەروبی ئەنجامی ئەم بۆچوونەی بە تێكچوونی ئابووری و كلتوور و ئاسایش و ئەخلاقی كۆمەڵگا وەسف كردووە.
مەهدی كەروبی بە ئاماژەدان بە رووداوەكانی ساڵی 2009، جەختی لەوە كردەوە "لەو كاتەدا هێماكانی لادان لە رێڕەوی شۆڕش روون بووەوە و خۆی و موسەوی هەنگاویان ناوە بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسەیە".
هەروەها وتی "بە كاریگەری سوپای پاسداران و بەسیج و دامەزراوە ئەمنییەكان لە بوارەكانی دەسەڵات و ئابووری و سیاسیدا، بنكەی یاسایی وڵات لاواز بووە و گەندەڵی لە وڵاتەكە بڵاوبووەتەوە".
سەبارەت بە دۆخی ئابووری ئێران، كەروبی ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار و بێبایەخبوونی دراوی نیشتمانی وڵاتەكە كرد و رایگەیاند " ئەو ڕۆژەی چووینە زیندان(ساڵی 2009) یەك دۆلار 900 تمەن بوو و ئەمڕۆ 108 هەزار تمەنە و ئەگەر ئەم رێگایە راست نەكرێتەوە، خوا دەزانێت لە داهاتوویەكی نزیكدا چەندە دەبێت".
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئێران، هیوای خواست كەش و هەوای توندوتیژی لە وڵاتدا كۆتایی پێبێت و زەمینەی ئازادكردنی میر حوسێن موسەوی و زەهرا رەهنەوەرد لە داهاتوویەكی نزیكدا خۆش بكرێت.
