نوێنەرى ترەمپ هەڵوێستى خۆى لەسەر رێککەوتنى عێراق و تورکیا راگەیاند

#مارک ساڤایا#عێراق#تورکیا
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رۆژی یەكشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2025) بە چاودێریی و سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق مەراسیمی واژۆكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی چوارچێوەی هاوكاریی لەگەڵ توركیا لە كەرتی ئاو، لە نێوان فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و هاكان فیدران هاوتا توركییەكەی ئەنجامدرا.
Primary Asset

سبەى

مارک ساڤایا نوێنەرى ترەمپ بۆ کاروبارى عێراق پێشوازى لە رێککەوتنى نێوان عێراق و تورکیا دەکات لەبارەى دۆسیەى ئاو، پابەندبوونی ئەمەریکاش بۆ پشتیوانیکردنی عێراق دوپاتدەکاتەوە.

ساڤایا لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر هەژمارى خۆى لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەم ڕێککەوتنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ناوچەییەکان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی بەردەوام بە سەرچاوە ئاوییە گرنگەکان، کە پێویستن بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان عێراقی کە بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها پابەندبوونی بەهێزی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی عێراق و گەلەکەی دووپاتدەکاتەوە لە پێناو سەقامگیری زیاتر و خۆشگوزەرانیدا.

رۆژی یەكشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2025) بە چاودێریی و سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق مەراسیمی واژۆكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی چوارچێوەی هاوكاریی لەگەڵ توركیا لە كەرتی ئاو، لە نێوان فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و هاكان فیدان هاوتا توركییەكەی ئەنجامدرا.

بەپێی رێککەوتنەکە کۆمپانیا تورکییەکان سەرپەرشتی پرۆژەی ئاوی عێراق دەکەن و لە داهاتی نەوتی عێراق پارە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان دابیندەکرێت.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، رێككەوتنەكە دەبێتە چارەسەرێكی بەردەوام بۆ قەیرانی ئاو لە عێراق، لە ڕێگەی پاكێجێكی پرۆژەی هاوبەشی بەرفراوانی نێوان هەردوو وڵات كە لە كەرتی ئاودا جێبەجێ دەكرێت بۆ چارەسەركردن و بەڕێوەبردنی قەیرانی كەمئاوی لە عێراقدا.

هەروەها جەختی لە گرنگی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی دەرئەنجامەكانی ڕێككەوتنەكە كردەوە، كە ساڵی ڕابردوو لە سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەغداد ئەنجامدراوە و ئاماژەی بەوەكرد، قەیرانی ئاو قەیرانێكی جیهانییە، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی زیانمەندی ئەو قەیرانەیە.

لە مەراسیمی واژووكردنی رێككەوتنەكەدا، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، ستایشی هەوڵەكانی حكومەتی عێراقی كرد بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان كە لە ئەنجامدا چەندین ڕێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتن لە زۆربەی بوار و كەرتەكانی لێكەوتووەتەوە

ساڵانێكی زۆرە عێراق و توركیا لەسەر ئاو كێشەیان هەیە

ساڵانێکی زۆرە عێراق و تورکیا لەسەر ئاو کێشەیان هەیە، نزیکەی 70%ـی سەرچاوەى ئاوی عێراق لە تورکیاوە دێنە عێراق، بە تایبەت لە رێگەی دیجلە و فوراتەوە.

ئەو رێككەوتنە لە كاتێكدایە، بە وتەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق، ئەو قەیرانە ئاوییەی عێراقی گرتووەتەوە لە ساڵانی نەوەدەكانەوە هاوشێوەی نەبووە، دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فوڕات چاوەڕوان نەكراوە، دابەزینی ئاوی کۆگاکراویش لە بەنداوەكان بەشێوەیەكە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراك و كۆمەڵگە دەكات.

عێراق لەنێو ئەو پێنج وڵاتەدایە، كە زۆرترین زیانی بەردەكەوێت 

بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان و بانكی نێودەوڵەتیی، عێراق لەنێو ئەو پێنج وڵاتەدایە، كە زۆرترین زیانی بەردەكەوێت بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە، بەشێوەیەك لە سێ دەیەی رابردوودا نزیكەی 30% ی زەوییە كشتوكاڵییەكانی لەدەستداوە.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە تەموزی رابردوو رایگەیاند، عێراق لە ساڵی 2025 توندترین وشكەساڵی بەخۆوە بینیوە بەشێوەیەك لە ساڵی 1933 ەوە نەبینراوە، ئەوەش بەهۆی كەمیی بەردانەوەی ئاو لە توركیا و ئێران و كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهان.

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی بانكی نێودەوڵەتیی، عێراق تا ساڵی 2040 پێویستی بە 233 ملیار دۆلارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی گەشەسەندن و كەشوهەوا، كە یەكسانە بە 6% ی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی