لە سوریاوە بۆ عێراق؛ ئەردۆغان: ئیستەنبوڵ و دیاربەکر وەک یەک براوەى پڕۆسەى ئاشتى دەبن

#توركيا#پەکەکە#پڕۆسەى ئاستى
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەردۆغان: هیچ شتێک بە تیرۆر و توندوتیژی و چەک و ئەجێندای جوداخوازی بەدەست ناهێنرێت
  • ئەردۆغان: کاتێک پڕۆسەى ئاشتى سەردەکەوێت ئیستەنبوڵ و دیاربەکر (ئامەد) وەک یەک دەیبەنەوە
Primary Asset

سبەى

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا رایگەیاند، پڕۆسەى ئاشتى سودى بۆ ناوچەکە دەبێت لە سوریاوە تا عێراق، هەروەها ئیستەنبوڵ و دیاربەکر (ئامەد) وەک یەک براوەى پڕۆسەکە دەبن.

ئەردۆغان رۆژى دووشەممە لە وتارێکدا لەبارەى پڕۆسەى ئاشتیەوە ئاماژەى بەوەکرد، "نەک تەنها وڵاتەکەمان، بەڵکو هەموو خوشک و براکانمان لە ناوچەکە، لە سوریاوە تا عێراق، سوودمەند دەبن لەو دەرفەتانەی کە کەشوهەوایەکی دوور لە تیرۆر دابینی دەکات. هەموو شتێک کە دەیکەین هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە. ئێمە بۆ ئەم هۆکارە دەجەنگین".

وتیشى "هیچ شتێک بە تیرۆر و توندوتیژی و چەک و ئەجێندای جوداخوازی بەدەست ناهێنرێت. ئەمە سوودی بۆ کەس نییە هیوادارین هەمووان ئەم ڕاستییە سادەیە ببینن".

ئەردۆغان باسى لەوەشکرد، رابردوویان وەک داهاتوومان هاوبەشە، کاتێک پڕۆسەى ئاشتى سەردەکەوێت ئیستەنبوڵ و دیاربەکر (ئامەد) وەک یەک دەیبەنەوە.

"ئێمە زۆر ئازارمان چەشتووە، بە تایبەت لەم چل ساڵەی دواییدا. باجێکی زۆر قورسمان داوە، نامانەوێت هیچ جۆرە تیرۆرێک لە وڵاتی خۆمان و لە خاکی دراوسێکانمان ببینین"، ئەردۆغان وايوت.

قسەکانى ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ دیدارى شاندى ئیمراڵى لەگەڵ ئۆجەلان لە دورگەى ئیمراڵى کە هێشتا ناوەڕۆکەکەى ئاشکرانەکراوە، ئەوەش دواى کەمتر لە 10 رۆژ لە کشانەوەى پەکەکە لە باکورى کوردستان و تورکیا، لە هەنگاوێکى نوێی پڕۆسەى ئاشتیدا لە چوارچێوەى بانگەوازەکەى ئۆجەلاندا.

دوابەدوای ئەم هەنگاوە، توركیا زنجیرەیەك جوڵەی دەستی پێكرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ “شاندی ئیمراڵی” كە لە هەردوو پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان(دەم پارتی) پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پێكهاتبوون، كۆبووەوە و دواتر مۆڵەتی دا كە ئۆجەلان بۆ دووەم جار لەگەڵ خێزانەكەی كۆببێتەوە.

هەروەها لیژنەی پەرلەمانی توركیا تایبەت بە پڕۆسەى ئاشتى كۆبوونەوەیەكی داخراوی بە بەشداری هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و یەڵماز تونچ وەزیری دادی توركیا پێكهێنا، كە تیێدا دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەكە و ئەو هەنگاوانەی دەگیرێتەبەر بۆ ئامادەكردنی یاسای پێویست بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەكە تاوتوێ كرا.

نوعمان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، كە هاوكات سەرۆكایەتی لیژنەكەش دەكات، رایگەیاند، نزیكە لە "ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی خۆی، كە چوارچێوەیەك لەخۆدەگرێت  و ئەو هەنگاوانە دەخاتەڕوو كە دەبێت دوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و دوای پشتراستكردنەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی توركیا پەیرەو بكرێت".

توركیا چاوەڕوانی زیاتر دەكات

بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لیژنەكە دانیشتنێكی داخراوی دیكە ئەنجام بدات، لەو ماوەیەدا زانیاریی لەلایەن دەزگای هەواڵگری و یەكە پەیوەندیدارەكانەوە سەبارەت بە رەوتی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەكە دەخرێتەڕوو.

چاودێران هۆكاری سستی راگەیاندنی رێسا یاساییەكان سەبارەت بە چەكداماڵینی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و ئازادكردنی زیندانیەكان و گەڕانەوەی ئەو گەریلایانەی كە رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ توركیا، دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئەنقەرە ئەم پرۆسەیە بە پێشهاتەكانی پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە بڕبڕەی پشتی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد (یەپەگە)یە، و تێكەڵبوونیان لەگەڵ سوریا دەبەستێتەوە.

لە كاتێكدا توركیا دەیەوێت تا كۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی یەكگرتنەوە لە وادەی خۆیدا بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێت، بەڵام هاوكات دژایەتی یەكخستنی نزیكەی دوو هەزار ئەندامی پەكەكە دەكات كە لە سەرەتای هاویندا پەیوەندییان بە هێزەكانی سوپای سوریاوە كردووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان لەگەڵ رۆژنامەی “توركیا”ی لایەنگری حكومەت كردووە، بۆچوونی باو لە حكومەتدا ئەوەیە كە بڕیاری كشانەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە توركیا دەستكەوتێكی گرنگە، بەڵام بۆ دەركردنی رێسای یاسایی پەیوەستە بە تێكەڵكردنەوەی ئەو هێزانە لە ناو سوپای سوریادا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی