
سبەى
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرۆکایەتى ئەمەریکا دەکاتە مەرجى چەکداماڵینى گروپەچەکدارەکان، کە ئەمەریکا داوایدەکات.
سودانى لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەغداد لەگەڵ ئاژانسى رۆیتەرز جەختیکردەوە، داعش لە عێراق بوونى نەماوە و سەقامگیریی هەیە، هێشتا پلانى کشانەوەى هاوپەیمانان تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٦ لەئارادایە، چونکە هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان زۆرکەمبووەتەوە.
وتیشى پاساوى مانەوەى هاوپەیمانان نەماوە، دواى کشانەوەى هاوپەیمانان بە دڵنیاییەوە بەرنامەیەکی ڕوون بوونى دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەر چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت. "ئەمە داواکاری هەمووانە، کوتلەکان دەتوانن بچنە ناو هێزە ئەمنیی فەرمییەکان یان دواى دانانى چەک بچنە ناو سیاسەتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان لە ناوچەکە وەک حزبوڵای لوبنان کە بەشێکە لە بەناو میحوەرەکەی بەرخۆدانی ئێران کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکراوە، سودانی وتی، بارودۆخی ئێرە جیاوازە لە لوبنان.
وتیشی "دامەزراوەکانی دەوڵەت بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی دەدەن و هیچ لایەنێک ناتوانێت عێراق بەرەو شەڕ و ململانێ ڕابکێشێت".
قسەکانى سودانى لەکاتێکدایە، فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق بۆ چەکداماڵینى گروپەچەکدارەکان بەردەوامن. لە هەمان کاتدا ئەمریکا و عێراق ڕێککەوتوون لەسەر کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ بە تەواوی بکشێنەوە.
لەچەند رۆژى رابردوودا مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە.
نێردەی تایبەتی ترەمپ رایگەیاندووە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە روونی رایگەیاندووە "جێگەیەک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نییە، سەقامگیری عێراق و بوژانەوەی وەستاوەتە سەر یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرکردایەتی یەک حکومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و لە سایەی یەک ئاڵا کە نوێنەرایەتی سەرجەم عێراقییەکان دەکات".
جەختيشيکردوەتەوە، بەبێ ئەو یەکێتییە سەروەری و پێشکەوتنی عێراق لە مەترسیدایە، بەرژەوەندی گەلی عێراق و ناوچەکەیەکی بەرفراوان بەندە بە سەروەری عێراقەوە بەبێ دەستوەردانی پیسی دەرەکی، لەناویاندا ئێران و بریکارەکانی. پابەند بوون بە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێیەکانی.
بەوتەی مارک ساڤایا، لەو چوارچێوەیەدا یەکێتی و هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێم پێویستە بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی بەردەوام، گەشەی ئابوری و پابەندی نیشتیمانی.
ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە، پێویستە رۆڵی سروشتی خۆی بگێڕێت، پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی بکات، نابێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ رابردوو و ئەو رێبازانە بگرێتەبەر کە لەمپەرن لەبەردەم پێشکەوتن و یەکگرتوویی.
