
سبەی
بەراورد بە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە لە 23% زیادیکردووە. بەجۆرێک بەتەنها لە ساڵی 2024دا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەهۆکارە ژینگەییەکانی پەیوەست بە ئاگری دارستانەکان گیانیانلەدەستداوە.
بەپێی شکارییەکی نوێ، کە لە گۆڤاری بەناوبانگی The Lancet بڵاوکراوەتەوە، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆکاری گەرمبوونی زەوی لە ئاستی جیهاندا بە رێژەی 23% بەرزبووەتەوە. ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و کاریگەرییەکانی بەتەنها لە ساڵی 2024دا هۆکاری مردنی 546 هەزار کەس بوون.
لە بەشێکی شیکارییەکەدا ئامارێکی مەترسیدار ئاشکراکراوە، ئەویش ئەوەیە کە گەرمبوونی زەوی، رووداوە سروشتییەکانی دڕندەتر کردووە، بەجۆرێک کۆی مردنی ساڵانە بەهۆی کارەساتە ژینگەییەکان بەگشتی دەگاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس.
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئامارە مەترسیدارەکان لە بارەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە، 100 گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان، کە بەشدارن لە گەرمبوونی زەوی بە رێژەی یەک پلە و نیوی سیلیزی، بەرهەمهێنانی نەوت و سوتەمەنییان زیاتر کردووە و دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان بۆ سێ هێندە بەرزکردووەتەوە، کە توخمێکی سەرەکییە لە گەرمبوونی زەویدا.
زیاتربوونی زیانەکان
لە شیکارییە نوێیەکەدا باس لەوە کراوە، کە رۆژە گەرمەکانی ساڵ لە وڵاتانی جیهاندا زیادیکردووە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش کاتژمێرەکانی کارکردنی کەمکردووەتەوە، کە لە ئاکامدا بە رێژەی 6% بەرهەمهێنانی جیهانی دابەزاندووە.
هاوکات ژمارەی ئەو کەسانەی ئاسایشی خۆراکیان لە مەترسیدایە، بەهۆی وشکەساڵی و گەرمبوونی زەوی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بۆ 123 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.
بەڵام شیکارییەکە جەخت لەوەدەکاتەوە، بەردەستبوونی ئاسان و هەرزانتر بە وزەی نوێبوەوە و پاک، بە وێنەی وزەی خۆر، مەترسییە ژینگەییەکان کەمدەکاتەوە و دەبێتە دەرفەتێکی زیڕین بۆئەوەی مرۆڤایەتی تەندروستتر بەردەوام بێت لە ژیان.
