
سبەی
لە داهێنانێکی زانستی نوێ لە بەریتانیا، جێڵێک دروستکراوە کە بە بێ نەشتەرگەریی و بە چەند خولەکێک، کلۆربوونی ددان چاکدەکاتەوە و مینای ددانەکانیش بەهێزدەکات. بەرهەمەکە دەتوانرێت لەگەڵ هەموو تەمەنەکاندا بەکارهێنرێت، بە بێ هیچ زیانێکی تەندروستی. بڕیاریشە ساڵی داهاتوو بۆ پزیشکانی ددان بەردەست ببێت.
زانایانی زانکۆی نۆتینگهام لە هەنگاوێکدا، کە دەتوانێت ببێتە شۆڕشێک لە زانستی پزیشکیی دداندا، هەویرێک ( جێڵ) یان دروستکردووە، کە توانای چاککردنەوە و دووبارە دروستکردنەوەی مینای ددانی هەیە. ئەم داهێنانە هیوایەکی نوێیە بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا، کە تووشی کلۆربوونی ددان و داخورانی مینای ددان بوون.
ئەلڤارۆ ماتا سەرۆکی بەشی ئەندازیاری پزیشکی لە زانکۆکە رایگەیاند: پێکهاتەی سەرەکی جێڵەکە پڕۆتینە، کە لە رووی تەندروستییەوە سەلامەتە، بەکارهێنانی ئاسانە و خێرا کاردەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی تەنها چەند خولەکێک دەخایەنێت و پێویستیی بە نەشتەرگەریش نییە.
وتووشیەتی جگە لە بەکارهێنانی بۆ چاککردنەوەی کلۆری ددان، بەرهەمە نوێیەکە یارمەتی رێگریکردن لە خراپبوونی ددانەکان دەدات، لە رێگەی دووبارە بنیاتنانەوەی چینی دەرەوەی ددانەکان، کە بە مینای ددانەکان ناسراوە، کە وادەکات زیاتر بەرگرییان هەبێت بەرامبەر بەکتریاکانی ناودەم.
ئەلڤارۆ ماتا ئاشکراشیکردووە، لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی بەرهەمەکانی ددان لە کاردان، بۆئەوەی ساڵی داهاتوو جێڵەکە بخەنە بازاڕەوە.
