
ئەردۆغان
سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی چووەتە قۆناغێکی نوێوە لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، نەرمی نواندنی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر بیرۆکەی چوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پەرلەمانی تورکیا و پێشکەشکردنی وتەیەک.
بیرۆکەی چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی تورکیا و پێشکەشکردنی وتەیەک دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا "مەهەپە" ، کاتێک کۆتایی ساڵی رابردوو دەستپێشخەری کرد و بە تەوقەیەک لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی لە پەرلەمان، سەرەتای قۆناغێکی نوێی لە تورکیا دەستپێکرد.
لە گوتارێكیدا كە لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنی ئاك پارتی لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، ئەردۆغان رایگەیاند:هەفتەی رابردوو گفتوگۆی بنیاتنەرمان لەگەڵ سەرکردەکانی دەم پارتی ئەنجامدا، کە بیرۆکەی ئەوەیان پێشکەشکرد ئۆجەلان لە بەردەم لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا وتەیەک پێشکەش بکات و گفتوگۆی چەکدانانی پەکەکە بکات، داواشیان کرد هەموو لایەنەکان بەشدار بن.
ئەردۆغان وتی "پێدەچێت گەیشتبینە قۆناغێکی نوێ لەو رێڕەوەی دەمانبات بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، پێویستە هەموان دەستپێشخەری بکەن و رۆڵی خۆیان بگێڕن".
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی "پێموایە زۆر گرنگە گوێ لە هەموو لایەنەکان پەیوەندیدارەکان بگیرێت بەبێ ئەوەی هیچ کەس دووربخرێتەوە، گوێ لە بۆچوونە جیاوازەکانیش بگرین تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بن".
وتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، پێشتر پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندبوو:"پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە کە پارتی دیکەشی لەنێودایە، رێگەی پێبدرێت پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە بکەن لە زیندانی ئیمراڵی و قسەی لەگەڵ بکەن". بەوپێیەی ئۆجەلان بۆ رای گشتیی کورد کەسایەتییەکی گرنگە و پێشتریش لە هەوڵەکانی پەیوەست بە ئاشتی بەشداری کردووە.
سەرەڕای وتەکانی ئەردۆغان و نەرمی نواندنی بۆ ئەوەی ئۆجەلان لە پەرلەمان یاخود لەبەردەم لیژنە پەرلەمانیەکە وتەیەک پێشکەش بکات، بەڵام تائێستا هیچ بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا باسی هەنگاوێکی لەوشێوەیەی نەکردووە.
پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ ەوە خەباتی چەکداری دژ بە دەوڵەتی تورکیا دەستپێکردووە، ئەوەش دوای چەند ساڵێک لە دامەزراندنی، تا ئێستا دوو جار هەوڵدراوە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بێتە کایەوە و ئەو پارتە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بێنێت، پێش ئەم قۆناغەی ئێستا لە ٢٠١٥ هەوڵێک بۆ ئاشتی دوای ماوەیەکی زۆر شکستیهێنا و شەڕی چەکداری دەستیپێکردەوە، هەرچەندە لەم قۆناغەی پرۆسەی ئاشتی کە تورکیا بە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" ناویدەبات شەڕ راگیراوە وپەکەکە یەکلایەنە خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاندووە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێناوە، تا ئێستا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە چوارچێوەیەک بۆ پرۆسەکە دیاری نەکراوە و هەنگاوی کرداری نەنراوە.
وتەکانی ئەردۆغان دوای رۆژێک دێت لە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کە لەساڵی ١٩٩٩ ەوە لە ئیمراڵی دەستبەسەرە، هاوکات لەگەڵ پەیامێکی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە.
باخچەلی کشانەوەی پەکەکەی لە تورکیا بە هەنگاوێکی "گرنگ ناوبردو وتیشی "ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ تورکیا سودبەخشە". کە هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەیە و لە ٢٠١٦ ەوە لە زیندانە.
لە بەشێکی پەیامەکەی ئۆجەلانیشدا هاتبوو"دەرفەتی یەكگرتنی دیموكراسی كە ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە، هەم ناوچەییە و هەم جیهانییە، بۆ ئەوەی بەرەو قۆناغێكی ئەرێنی بڕۆین، پێویستە بەردەوام بین لەم پرۆسەیە، گرنگە هەموو كەسێك بە هەستیاری و جددی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مامەڵە بكات".
