
سبەی
سەرەڕای ئەوەی پەرەی پێدراوە بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکان، بەڵام خزمەتگوزاری پزیشکی و یاسایی لە ChatGPT راگیراوە. ئەو هەنگاوەی کۆمپانیای OpenAI کە خاوەنی چاتبۆتەکەیە، نیگەرانی لای بەکارهێنەران دروستکردووە. هەندێک لە شارەزایانی زیرەکی دەستکرد باس لە هۆکارێکی جیاواز دەکەن بۆ سنوردارکردنی ئەو خزمەتگوزاریانە.
لە هەنگاوێکدا کە بەلای بەکارهێنەرانەوە چاوەڕوان نەکراوە، کۆمپانیای OpenAI گۆڕانکارییەکانی نوێی لە ChatGPT راگەیاند، ئەویش قەدەغەکردنی پێشکەشکردنی ئامۆژگاری یاخود رێنمایی پزیشکی و یاساییە، بە بێ بەشداریکردنی کەسێکی پسپۆڕی رێگەپێدراو.
راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە، گۆڕانکارییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە ChatGPTتەنیا زانیاریی گشتی پزیشکی و یاسایی پێشکەش بکات. بەجۆرێک ناوی دەرمانەکان یان ژەمە دەرمانەکان لە راوێژکارییە پزیشکییەکاندا دیاری ناکات. هەروەها وازی لە پێشکەشکردنی راوێژی یاسایی، وەبەرهێنان و پێشنیاز بۆ کڕینی و فرۆشتن هێناوە.
بەشێک لە شارەزایانی زیرەکی دەستکرد دەڵێن، هۆکاری پشت قەدەغەکردنەکە پەیوەندی بە سەلامەتییەوە نییە، بەتایبەتی لە راوێژی پزیشیکیدا، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان ChatGPT بەکاردەهێنن لە وەرگرتنی ئامۆژگاری یاسایی و دارایی و پزیشکی، ئەویش لە پێناوی بەدەستهێنانی قازانجێکی گەورەی داراییدا.
بەکارهێنەران نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە ChatGBT وازی لە یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی هێناوە. زۆرێک لە بەکارهێنەران ئەزموونە سەرکەوتووەکانیان لەگەڵ ChatGBT لە دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشیانەدا باسکردووە، کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە بە دروستی دەستنیشانیان بکەن.
