
سبەی
دۆڕاندنی ریاڵ مەدرید بەرامبەر لیڤەرپووڵ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە کە نەیتوانی کۆدی گۆڵی رێدز بکاتەوە و لە دۆزەخی یاریگای ئانفیڵد بە شکست بە ئەنجامی تەنیا گۆڵێک هاتەدەرەوە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ریاڵ مەدرید کە نمایشی بەهێز لە خولی ئیسپانیادا دەکات و یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزەی لە دژی بارسێلۆنا بردبووەوە، بە ئاستێکی ناوازەوە رووبەڕووی لیڤەرپووڵ ببێتەوە، کە لە خولی ئینگلتەرادا رێگای بردنەوەی ونکردبوو، پێش دواین سەرکەوتنی لە خولەکەدا بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا.
بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکان، جەنگاوەرەکانی ئارنی سلوت توانایەکی بەرزی خۆیان پیشاندا و چیرۆکی سەرکەوتنێکی گرنگیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر نووسییەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی شارەزایانی تۆپی پێ، دۆڕاندنی ریاڵ مەدرید بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:
یەکەمیان ئەوەیە کە لیڤەرپووڵ لە ماوەیەکی کورتدا شەش یاری دۆڕاند و ئەستێرەکانی ئەو یانەیە روبەڕووی رەخنەی توند کرانەوە، ئەوەش وایکرد چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر و یاریزانەکانی ریاڵ مەدرید، توانای یانە ئینگلیزەکە بەهەند وەرنەگرن و پێیان وابوو دەتوانن یارییەکە بەئاسانی لەبەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێبهێنن.
دووەمیان پەیوەندی بە یاریزانەکانی لیڤەرپووڵەوە هەیە، چونکە ئەستێرەکانی پاڵەوانی پرێمەرلیگ جیاواز لە هەندێک لە یارییەکانی ئەم وەرزەیان، بە گڕوتینێکی زۆرەوە روبەڕووی تیمی میوان بوونەوە. هاوکات ئارنی سلوتی راهێنەری هۆڵەندی بە وردی خوێندنەوەی بۆ خاڵە بەهێزەکانی ریاڵ مەدرید کرد و دەست و پێی لە یارییەکەدا بەستنەوە.
سێیەم هۆکاریش، ونبوونی یاریزانەکانی ریاڵ مەدرید بوو لە نێو شەپۆلی سوری لیڤەرپوول، بەتایبەتی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کە کۆدی هێڵی بەرگریی یانەی خاوەن یاریگایان بۆ نەکرایەوە. هاوکات جود بیلنگهام و ئاردا گولەر جەنگی هێڵی ناوەڕاستیان دۆڕاند و نەیانتوانی هاوکاری هاوڕێ هێرشبەرەکانیان بکەن، بۆ دروستکردنی مەترسی و هەلی تۆمارکردنی گۆڵ.
