
سبەی
لێخوڕینی کوێرانە، یەکێکە لە کێشەکان کە لە سەرانسەری جیهاندا روبەڕووی شۆفێران دەبێتەوە. لە کاتێکدا مەترسییەکانی رووداوەکانی ئۆتۆمبێل کەمدەبێتەوە، ئەگەر شۆفێر بە تەواوەتی سەرنجی بخاتە سەر کارە سەرەکییەکەی کە لێخوڕینە. بە پێچەوانەوە هەر سەرقاڵبوونێکی کاتی، ئەگەری رووداوە کوشندەکان بەرزدەکاتەوە.
لێخوڕینی کوێرانە چییە؟
لێخوڕینی کوێرانە، دۆخێکە کە شۆفێر بۆ ماوەیەکی کاتی و لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل خۆی بە چالاکی دیکەوە سەرقاڵ دەکات. وەکو بەکارهێنانی مۆبایل، خواردن و قسەکردن لەگەڵ سەرنشینەکان. یان ماندوێتی و سەرقاڵبوون بە کێشە تایبەت و گشتییەکان. ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی شۆفێرەکە بۆ ماوەیەک سەرنجی لەسەر لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی نەمێنێت. هەرچەندە ماوەی ئەم سەرقاڵکردنە رەنگە زۆر کورت بێت، بەڵام کاریگەرییەکەی دەتوانێت کوشندە بێت، چونکە تەنانەت یەک چرکە دەتوانێت ببێتە هۆی رووداوی سەخت، کە ژیانی شۆفێر و سەرنشینەکان دەخاتە مەترسییەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی سەرنجڕاکێش
کۆمەڵەی سەلامەتی رێگاوبانەکانی ئەمەریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی خستۆتەڕوو، کە تێیدا هاتووە یەک چرکە سەرقاڵبوون لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە خێرایی 90 کم/کاتژمێردا، ئۆتۆمبێل زیاتر لە 25 مەتر دەبڕێت بەبێ ئاگاداری شۆفێرەکە. ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشک دەخاتە سەر مەترسی سەرقاڵبوون، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت.
هۆکارەکانی سەرقاڵبوون لەکاتی لێخوڕیندا
1. بەکارهێنانی مۆبایل
بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕیندا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرقاڵبوون. بەپێی ئامارەکان بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕیندا، بەرپرسیارە لە نزیکەی 25%ی رووداوەکانی ئۆتۆمبێل لە ئاستی جیهاندا.
2. سەرقاڵبوون بە سەرنشینەکان
قسەکردن لەگەڵ سەرنشینەکان یان سەیرکردنیان جۆرێکە لە سەرقاڵبوون. قسەکردن لەگەڵ کەسێک لەکاتی لێخوڕیندا سەرنجی شۆفێر کەم دەکاتەوە.
3. چالاکییەکانی دیکەی ناو ئۆتۆمبێل
هەروەها چالاکییەکانی دیکە، وەک خواردن یان رێکخستنی رادیۆ، سەرچاوەی سەرقاڵکردنن. لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، هەر چرکەیەک کە چاوەکانت لە رێگاکە لاببات، توانای کاردانەوەت کەمدەکاتەوە، ئەمەش ئەگەری رووداوەکان زیاد دەکات.
