
ئەوەی لە هۆڕی دەلمەج روودەدات ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی ئاسایشی ئاو لە عێراق
سبەى
ساڵ دوای ساڵ قەیرانی ژینگەیی لە عێراق خراپتر دەبێت، بەجۆرێک وشکەساڵی و رۆژە گەرمەکانی ساڵ لە وڵاتی دوو رووباردا، بە شێوەیەکە کە لە 90 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. لەم چەند ساڵەی دوایشدا بەشێک لە هۆڕەکان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و کەمبوونەوەی باران بارین بەتەواوەتی وشکبوون و بوون بە بیابان.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان و پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، هۆرەکان رووبەڕووی تێکچوونێکی بێ وێنە بوونەتەوە، کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر جیهانی باڵندە و ماسییەکان و ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە.
مەترسی لەسەر بژێوی ماسیگرەکان
هۆری دەلمەج لە نێوان پارێزگاکانی واست و دیوانیەدا درێژ دەبێتەوە. وشکبوونى مەترسییەکی گەورەی لەسەر داهاتی زۆرێک لە ماسیگرەکان دروستکردووە، کە پشت بە ماسیگرتن و راوکردنی باڵندە کۆچەرییەکان دەبەستن، وەک سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان.
یەکێک لەو ماسیگرانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانی بەرکەوتووە رایگەیاندووە، هەموو جۆرە باڵندە و ماسییەک لەناوچوون. ئاماژەی بەوەشکرد زۆرێک لە دانیشتووانی هۆڕەکان، بە ناچاری ناوچە و ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو شارەکان کۆچیان کردووە.
ئەوەی لە هۆڕی دەلمەج روودەدات، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی ئاسایشی ئاو لە عێراق، بەو پێیەی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن، کە وڵاتەکە رووبەڕووی بەرزترین رێژەی بە بیابانبوون و وشکەساڵی بووەتەوە.
بەپێی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) زیاتر لە حەوت ملیۆن عێراقی مەترسی لەدەستدانی بژێوی ژیانیان لەسەرە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان. داواشی کردووە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ رێکخستنی سەرچاوەکانی ئاو، ئەویش بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
بوون بە بیابان
هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە رووبەڕووی ئاڵنگاری و ئاستەنگی گەورەی پەیوەست بە کەمی ئاو و وشکەساڵی مەترسیدار بووەتەوە. هاوکات جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کردووە، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی قەیرانی ژینگە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک بە تایبەتی لە عێراقدا.
وەزیری ژینگەی عێراق راشیگەیاند هۆڕی دەلمەج بەهۆی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و ئاوی بارانەوە ئاوەدانە. بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە و کەمی بارانبارین لەم ساڵانەی دواییدا، زۆربەی خاکەکەی کردووە بە بیابان.
پرسی ئاو لە عێراق بووەتە قەیرانێکی نیشتمانی، کە هەڕەشە لە کشتوکاڵ و گیانلەبەرە کێوییەکان و بژێوی گوندنشینەکان دەکات. کە زەنگی ئاگادارکردنەوەیە لە داهاتوویەکی نادیار و دەستێوەردانی خێراش بە پێویست دەزانرێت، پێش ئەوەی هۆڕەکان بە تەواوی وشک ببن.
