ئەمەریكا ناوەندێك بۆ بەڕێوەبردنی غەززە پێكدەهێنێت؛ رۆڵی ئیسرائیل لاوەكی دەبێت

#ئیسرائیل#ئەمەریکا#کەرتی غەززە
6 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی هەواڵێكی پێگەی تایمزی ئیسرائیل كە لە سەرچاوەی فەرمی حكومەتەوە وەریگرتووە، رۆڵی ئیسرائیل لە ناوەندی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی لاوەكیی دەبێت نەك سەرەكی
Primary Asset

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەگای ئاگربەستی غەززە لە ئیسرایل

سبەی

دوای ئەوەی ئاژانسە هەواڵییەكان بڵاویانكردەوە، ئیدارەی ترەمپ پرۆژە یاسایەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە بۆ پێكهێنانی هێزێكی كاتیی نێودەوڵەتی لە كەرتی غەززە، ئیسرائیل رۆڵی سەرەكی لە پێكهاتەی ناوەندی بڕیارەكاندا نابێت.

بەپێی هەواڵێكی پێگەی تایمزی ئیسرائیل كە لە سەرچاوەی فەرمی حكومەتەوە وەریگرتووە، رۆڵی ئیسرائیل لە ناوەندی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی لاوەكیی دەبێت نەك سەرەكی. 

بڕیارە بارەگای ناوەندی هەماهەنگی سڤیلی و سەربازی لە باشوری ئیسرائیل و لە ناوچەی كیریات گات بێت، ناوەندەكە تایبەت دەبێت بە چاودێریی كردنی ئاگربەستی كەرتی غەززە لەلایەن دەیان وڵاتی نێودەوڵەتییەوە.

ناوەندەكە بۆ بنكەی سەرەكی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بنیات دەنرێت. هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی وەك بەشێك لە پلانە 20 خاڵییەكەی ترەمپ بەرپرسیار دەبێت لە پاراستنی كەرتی غەززە و جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنەكە.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ تایمزی ئیسرائیل كردووە، ئەمەریكا بڕیاردەری سەرەكی دەبێت لە ناوەندەكە.

وەك لە راپۆرتەكەی تایمزی ئیسرائیلدا هاتووە، جگە لە سەربازی ئیسرائیل و ئەمەریكا، وڵاتانی وەك ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، دانیمارك، كەنەدا، ئوسترالیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا و ئیمارات بەشێك دەبن لە ‌هێزی سەقامگیری كەرتی غەززە.

تا ئێستا روون نییە كام وڵاتانە بڕیار دەدەن بە ناردنی سەرباز بۆ كەرتی غەززە وەك بەشێك لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی، بەڵام رۆژی هەینی (7ـی تشرینی دووەمی 2025)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، بەم نزیكانە هێزەكە دەستبەكار دەبێت.

پلانەكە وەك لە بەشێك لە پلانە 20 خاڵییەكەی ترەمپ، ئیدارەی ترەمپ پرۆژە یاسایەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە بۆ پێكهێنانی هێزێكی كاتیی نێودەوڵەتی لە كەرتی غەززە.

بەپێی رەشنووسەكەی ئیدارەی ترەمپ، وەك بەشداربوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە كەرتی غەززە، هێزێك بە ناوی "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی" پێكدەهێنرێت. هێزەكە لە سەربازی ژمارەیەك وڵات پێكدێت و لەژێر كۆنترۆڵی فەرماندەییەكی یەكگرتوودا دەبێت، ئەوەش بە هەماهەنگی و راوێژكاری لەگەڵ ئیسرائیل و میسر.

دوای پێكهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی، هێزەكە لەگەڵ پۆلیسی نوێی ناوخۆیی كەرتی غەززە یارمەتیدەر دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی كەرتەكە و سنورەكان.

بەپێی رەشنووسەكەی ئیدارەی ترەمپ، هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە داماڵینی چەك لە غەززە. لەناوبردنی ژێرخانی سەربازی بزوتنەوەی حەماس و رێگەگرتن لە دووبارە خۆڕێكخستنەوەیان، هەموو ئەوانەش داواكاریی سەرەكی ئیسرائیلن.

ئەركەكانی دیكەی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی هاوڵاتییانی سڤیل، پشتیوانیكردنی دابەشكردنی هاوكارییە مرۆییەكان، راهێنان و یارمەتیدانی پۆلیسی ناوخۆیی كەرتی غەززە و هەماهەنگیكردن لەگەڵ وڵاتانی دیكە بۆ پاراستنی رێڕەوە مرۆییەكان.

سەبارەت بە ماوەی مانەوەی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە كەرتی غەززە، بەپێی پرۆژە یاساكەی ئەمەریكا، هێزە نێودەوڵەتییەكان تا كۆتایی 2027 لە ئەركەكانیان لە كەرتی غەززە بەردەوام دەبن. لە ئەگەری درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی پێویستی بە راوێژ لەگەڵ ئیسرائیل، میسر و ئەنجومەنی ئاسایش دەكات.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پرسەكە، لە رۆژانی داهاتوودا، بە فەرمی ئەمەریكا پرۆژە یاساكە پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایش دەكات، چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەمەریكا دەیەوێت بەشێوەیەكی خێرا، نەگاتە كۆتایی ئەمساڵ پرۆژە یاساكە تێبپەڕێنێت، ئیدارەی ترەمپ پێیوایە تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەرەنتیكردنی سەقامگیریی لە كەرتی غەززە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی