
سبەی
دیمەنێک دوای هەموو بانگەشەیەکی هەڵبژاردن دووبارە دەبێتەوە و خۆی بە عێراقییەکان ئاشنا دەکاتەوە. پاڵەوانی دیمەنەکە شۆفێری توک توکەکانن، کە پێشبڕکێیەکی تەواو جیاواز لە نێوان خۆیاندا بۆ بردنی کەرەستەکانی بانگەشەکردن بەڕێدەکەن. سەرەرای ئەوەی ئەم دیاردەیە دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ زۆرێک لە گەنجە بێ کارەکان، بەڵام بەشێک لە خەڵکی وەکو ئاژاوەیەکی رێکخراو دەیبینن.
لە ئێستادا کە بانگەشەکانی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و لە قۆناغی بێ دەنگی پێش هەڵبژاردنداین، شەقامەکان لە عێراق بە گشتی دەچنە قۆناغێکی نوێوە، جۆرێکی جیاواز لە پێشبڕکێ بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە نێوان کاندیدەکاندا نا، بەڵکو لە نێوان شۆفێرانی توک توک، کە چاوەڕێی کۆتایی هاتنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بوون، بە مەبەستی دەستپێکردنی وەرزی بژێوی ژیان و بردنی راگرە ئاسنینەکانی پۆستەری کاندیدەکان.
چیرۆکەکانی وەرزی چنینەوە
لە کەرکوک و بەدیاریکراوی لەسەر رێگای بەغداد، محەمەد حوسێنی کە شۆفێری توک توکە، بە پێکەنینەوە بە ئاژانسی هەواڵی شەفەقی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا پۆستەرەکانم بەسەرکردەوە، شوێنەکانیان یەک بە یەک دەستنیشان کردووە. کاتێک بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دیت، بەرەبەیان دەچمە دەرەوە، بۆئەوەی زۆرترین و باشترین راگرە ئاسنینەکانی پۆستەرەکان کۆبکەمەوە.
گەنجێکی 30 ساڵان کە خۆی بە ئەبو کەرار ناساندووە دەڵێت، کاتێکی کارکردنی کەمیان لەبەردەمدایە، بەڵام بە قازانجێکی باشەوە، چونکە زۆرێک لەو کەرەستانەی کە لە پۆستەرەکاندا بەکاردەهێنرێن، بە نرخێکی باش دەفرۆشرێن، بەتایبەتی ئاسن و دار و جۆرێک لە نایلۆنی بەهێز، کە لە پۆستەری گەورەدا بەکاردەهێنرێن. ئەو گەنجە دەشڵێت چوارچێوە ئاسنینەکان بە نرخێکی باشتر لە داهاتی رۆژانەمان دەفرۆشین.
بازاڕێکی شاراوەی دوای هەڵبژاردن
بازرگانییەکی نافەرمی بە کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دوای هەموو خولێکی هەڵبژاردن گەشە دەکات. لەو بارەیەوە قاسم مازن کە خاوەنی دووکانێکی شتومەکی کۆنەیە لە کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی شەفەقی راگەیاند لە یەکەم رۆژی دوای کۆتایی هاتنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، توک توکەکان بە پۆستەری کاندیدەکانەوە دەگەنە لامان و ئێمەش چوارچێوە ئاسنینەکانی پۆستەرەکانیان لێدەکڕینەوە. قاسم مازن دەڵێت، ئەوە بووەتە پیشەیەکی وەرزی، هەر چوار ساڵ جارێک خاوەن توک توکەکان هەفتەیەک کاردەکەن و مانگێکی تەواو بەو پیشەیە دەژین.
یەکێکی دیکە لە کەرکوک کە ناوی حەیدەر زەیدیە و توک توکە کۆنەکەی بۆ پێچانەوەی پۆستەرەکان ئامادەکردووە وتوویەتی، من حەزم لە سیاسەت نییە، بەڵام حەزم لەو داهاتەیە کە دابینی دەکات، لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکدا کار دەکەم، جارێکیان، لە یەک شەودا زیاتر لە پەنجا پۆستەرم کۆکردەوە.
لە نێوان بژێوی و ئاژاوە
سەرەڕای ئەوەی ئەم دیاردەیە سەرچاوەی داهاتە بۆ زۆرێک لە بێکاران، بەڵام بەشێک لە عێراقییەکان وەک ئاژاوەیەکی رێکخراو سەیری دەکەن. عەبدوڵڵا ساڵح کە خاوەنی دوکانێکی کارەباییە لە کەرکوک بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند: هیچ کێشەیەکم لەگەڵ لابردنی پۆستەرەکان نییە، بە مەرجێک پاشماوەی بزمار و وایەر بەجێنەهێڵدرێت.
ئەوەی بەلای عەبدوڵا ساڵحەوە سەیرە ئەوەیە، کە حزبە سیاسییەکان پێش هەڵبژاردن ملیۆنان دۆلار بۆ پۆستەر خەرج دەکەن، دواتر نایەنەوە بەلای پۆستەرەکانیان و ون دەبن، وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت.
دیمەنەکە لە هەموو شارێکدا دووبارە دەبێتەوە
شەعلان مەفرەجی کە شۆفێرێکی دیکەی توک توکە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی وتووە، ئێمە یاسا دەزانین، بەڵام هەمووان هەمان کار دەکەن، لە کاتێکیشدا شارەوانی ناتوانێت پۆستەرەکان لاببات، ئێمە ئەو کارە بەخێرایی دەکەین، پێش دەستپێکردنی دەوامی کارمەندانی هاتوچۆ. ئەوەشی ئاشکراکرد کە هەندێک لە کاندیدە دۆڕاوەکان خۆیان داوا لە شۆفێری توک توکەکان دەکەن، بە خێرایی پۆستەرەکانیان لاببەن، بۆئەوەی بە زوویی لەبەرچاو نەمێنن.
شارەوانییەکان گیریان خواردووە
شارەوانییەکان خۆیان لە دۆخێکی نائاساییدا دەبیننەوە لە نێوان جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوون بۆ دەیان هاووڵاتی کە لە یەککاتدا دەستدەکەن بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان. کارمەندێکی شارەوانی کەرکوک بە ئاژانسەکەی وتووە فریایان ناکەوین و پشتگوێیان دەخەین، چونکە نامانەوێت رووبەڕوویان ببینەوە، بەو پێیەی ئەوان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی سەدان کەس پۆستەرەکان لێدەکەنەوە، هەربۆیە ئاگادارکردنەوەی پۆلیس بێ سوودە، بەڵام دواتر شارەوانی پاشماوەی پۆستەرەکان لادەبات.
هۆشدارییەکانی کۆمسیۆن
عەلی عەباس بەیاتی، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک دووپاتی کردەوە، کە لابردنی یان دەستکاریکردنی پۆستەرەکان لە ماوەی بێ دەنگی هەڵبژاردندا، سەرپێچییەکی ئاشکرایە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن رێنمایی توندی لەسەر ئەو بابەتە دەرکردووە.
لای خۆیەوە عەدنان شکور، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی کەرکوک بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆن پلانیان ئامادەکردووە بۆ لابردنی پۆستەرەکان دوای دەستپێکردنی ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان، بەڵام پۆستەرەکان زۆرن و پێش ئەوەی دەستی توک توکەکانی پێبگات، فریای لێکردنەوەی هەموویان ناکەوین.
