
سبەى
هەرێمى کوردستان خرایە سەر نەخشەى وشکترین ناوچەکانى جیهان، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی دەزگای کەشناسی ئەمەریکی، لەکاتێکدا شارەزایەک پێشبینى دەکات لەنیوەى دووەمى ساڵى داهاتووەوە هەڵگەڕانەوەى کەشوهەوا رووبدات.
لوقمان حەوێز شارەزا و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تەکساس رایگەیاند، نەخشەیەک کە لەلایەن دەزگای کەشناسی ئەمەریکییەوە بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات، باشوری کوردستان و سوریا و لوبنان و بەشێکی وڵاتی ئوردن و هەندێک بەشی ئێران وشکترین ناوچەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن لەڕووی ڕێژەی باران لە نۆ مانگی ڕابردودا بەپێی ستانداردێکی جیهانی بۆ بڕ و ڕێژەی باران لە هەر ناوچەیەکی جیهان.
رونیشیکردووەتەوە، دۆخی وشکی لە ناوچەکەمان گەیشتوە بە ئاستی D4 کە توندترین دۆخی وشکییە لە جیهان، ئەو دۆخە ئەو کاتە بەرجەستە دەبێت کە رێژەی باران بە بڕی 80 لە سەد کەمتر بێتەوە لە رێژە ئاساییەکەی.

بەوتەى لوقمان حەوێز، هێشتا بەپێی هەموو ئەو مۆدێلانە و داتایانەی کە هەن دۆخی وشکی و کەمبارانی لە ئەمساڵدا تا کۆتایی ساڵیش بەردەوام دەبێت، بەڵام لەدوای سەری ساڵ و لە نیوەی دووەمی مانگی یەکی 2026 ەوە هەڵگەڕانەوەیەک ڕوودەدات و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
دەشڵێت بەپێی ئەو داتا و مۆدێلانە دۆخی بارانبارین بۆ مانگەکانی 1 و 2 و 3 ی 2026 لە عێراق و هەموو کوردستانی گەورە و شام و ئێران دەگۆڕێت بۆ دۆخی ئاسایی و لە هەندێک ناوچەش بۆ سەروی ئاسایی وەکو ناوچەکانی باشوری عێراق و ناوچە بیابانەکانی ناوەڕاست و باکوری سعودیە، لەگەڵ ئەوەشدا پایزێکی نیمچە وشک دەبێت لە باشوری کوردستان و تەواوی ناوچەکانی کوردستانی گەورە.
باسى لەوەشکردووە، ئەم گۆڕانکاری و هەڵگەڕانەوەیەش لە دۆخی ئاو و هەوا بەهۆی بەرجەستەبوونی دۆخی نیوتڕاڵ ڕوودەدات لە پانتاییە ئاوەکانی کەمەری ناوەڕاست لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن، ئێستا دۆخی لانینای لاواز بەرقەرارە لەو شوێنانەی زەریای هێمن، ئەو گۆڕانکاریە هەموو جارێک کە ڕوودەدات دۆخ و پاتێرنی ئاو و هەوای گەلێک ناوچەش لەگەڵیدا دەگۆڕێت بە کوردستانیشەوە بەتایبەتی لە رێژەی باران.

