عێراق لەبارەى "دەستوەردان" لە هەڵبژاردن وەڵامى ئێران دەداتەوە

#عێراق#ئێران#هەڵبژاردن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتى دەرەوەى عێراق نیگەرانى خۆى نیشاندا لەلێدوانەکانى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران و بە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیی عێراق ناویبرد
  • وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دەستوەردانی ئەمەریکا لە کاروباری عێراق زیانبەخشە
Primary Asset

سبەى

وەزارەتى دەرەوەى عێراق وەڵامى وەزارەتى دەرەوەى ئێران دەداتەوە و لێدوانەکانى وتەبێژى وەزارەتەکە بە دەستوەردانى روون لە کاروبارى ناوخۆی عێراق دادەنێت.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق رۆژى دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە، نیگەرانى خۆى نیشانداوە لەلێدوانەکانى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران و بە لێدوانى “ئیستفزازى” و دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیی عێراق ناویبرد.

جەختیشیکردووەتەوە، پڕۆسەى هەڵبژاردن کاروبارى ناوخۆیی عێراقە.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق جەختیکردووەتەوە، عێراق پەیوەندى هاوسەنگى لەگەڵ دراوسێکانى پاراستووە لەسەر بنەماى رێزگرتنى سەروەرى و دەستوەرنەدان لە کاروبارى ناوخۆیی وڵاتان.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ۆۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى بە قۆناغێکی چارەنووسساز دانا بۆ دیاریکردنی چارەنوسی گەلی ئێراق.

ئاماژەى بەوەشکردبوو هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لەم پرۆسەیەدا لەلایەن گەلی عێراق و حکومەتەوە رەتدەکرێتەوە و ئیدانە دەکرێت.

بەقایی جەختیشیکردبووەوە، دەستوەردانەکانی ئەمەریکا لە کاروباری عێراق زیانبەخشە، ئەزموونەکانی ڕابردووش سەلماندوویانە کە هەرکاتێک ئەمەریکا دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا بکات، زیان بە ئاشتی و سەقامگیری دەگەیەنێت.

هەروەها هیواى خواستبوو، پێشهاتەکانى عێراق لە ڕۆژانی داهاتوودا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە بکات.

وەڵامى عێراق بۆ ئێران لەبارەى هەڵبژاردنەوە پێش رۆژێک دێت لە بەڕێوەچوونى دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، دواى ئەوەى رۆژى یەکشەممە دەنگدانى تایبەت بەڕێوەچوو.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.

كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.

لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی