
سبەى
هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردن لە عێراق تۆمارکردنى زیاتر لە سێ هەزار و 200 کێشە و پێشێلکاریی لە دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند.
بەپێی راپۆرتێکى هاوپەیمانێتییەکە کە دەست "سبەى" کەوتووە، لەرێگەى هەزاران چاودێرەوە هەشت هەزار و 347 فۆرمى چاودێرى دەنگدانى تایبەت کۆکراونەتەوە و هەڵسەنگاندانیان بۆ کراوە کە تایبەت بوون بە تۆمارکردنى پێشێلکارییەکان.
پرۆسەی چاودێریکردنەکە هەر هەژدە پارێزگاکەی عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە کە تێیدا سێ هەزار و 273 پێشێلکاریی تۆمارکراون کە ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ئاستەنگانەیە کە ڕووبەڕووی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبنەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە.
بەپێی راپۆرتەکە، هەندێک لە بنکەکانی دەنگدان پابەندبوونی بەرزیان بە ڕێکارەکان نیشاندا، لە کاتێکدا لە هەندێکی تر پێشێلکاریی جدیی تۆمارکرا.
پێشێلکارییە سەرەکییەکان:
1. کێشەی ڕێکخراوەیی و تەکنیکی:
• دواکەوتنی کردنەوەی هەندێک بنکەی دەنگدان.
• تێکچوونی کارکردن لە ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوە و گواستنەوەی ئەلیکترۆنی.
• نەبوونی بەشێک لە ئەندامانی تیمەکانی هەڵبژاردن لە دیالە و نەجەف.
2. پێشێلکارییەکان کە کاریگەرییان لەسەر دەنگدان هەیە:
• دەنگدان بەبێ ناسنامەی فەرمی لە بەغداد و نەینەوا.
• دەنگدانی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی مۆبایل لە موسەننا و بەغداد.
• ناتەبایی ئەنجامەکانی دەستی و ئەلیکترۆنی لە هەولێر و بابل.
3. پێشێلکارییەکان کە کاریگەرییان لەسەر مافی دەنگدەران هەیە:
• رێگریکردن لە هاوکاریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە نەجەف و موسەننا.
• کێشەى نەخوێندنەوەى وێنەى دەنگدەر لە نەینەوا و بەغداد.
4. دەستوەردانی سیاسی و ئەمنی:
• دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە ئەنبار و بەغداد.
• فشاری بریکارە حزبییەکان لە نەینەوا و سلێمانی.
• حاڵەتەکانی هەڕەشە و هەراسانکردن کە لە چەندین ناوەندی دەنگدان.
راپۆرتەکە دەریدەخات، بەگشتى 3273 ڕووداو و پێشێلکاریی لە سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن تۆمارکراون:
• دەنگدان بەبێ ناسنامەی فەرمی: 40 حاڵەت.
• دەنگدانی بەکۆمەڵ: 92 حاڵەت.
• بوونی کەسانی بێ مۆڵەت لەناو بنکەکانی دەنگدان: ٨٩ حاڵەت.
• ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکان: ٦٨ حاڵەت.
• ناساندنی مۆبایل و فۆتۆکۆپیکردنی کارتی دەنگدەر: چەند حاڵەتێک.
پێشێلکاری ئاسایش و ڕەفتار
• رێگریکردن لە بریکاری قەوارە سیاسییەکان: ٨٦ حاڵەت.
• رێگریکردن لە چاودێرا: ٨٩ حاڵەت.
• حاڵەتەکانی هەڕەشە و هەراسانکردن: ٢٨ حاڵەت.
• سنووردارکردنی جوڵەی چاودێران: 89 حاڵەت.
• ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان: ٢٣ حاڵەت.
پێشێلکاریی رێکاریی و تەکنیکی
• دواکەوتنی کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان: 108 حاڵەت.
• جێبەجێنەکردنی ڕێکارەکانی داخستنی: ٦١ حاڵەت.
• نەگواستنەوەی ئەنجامەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی: ٦٥ حاڵەت.
• دواکەوتن یان چاپنەکردنی شریتی ئەنجامەکان: ١١٥ حاڵەت.
هەربەپێی راپۆرتەکە، کێشەی تەکنیکی دیارترین کێشە بووە بەڕێژەى 35%، پاشان دواکەوتنی کارکردنى ئامێرەکان بەڕێژەى 25%، کێشەى ئاسایش 20%، پێشێلکاریی ڕێکارەکان 15%، کێشەی لۆجستی 5%.
دەرەنجامەکانی چاودێریکردن پشتڕاستی دەکەنەوە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ کە پێویستی بە چاکسازیی جددی هەیە، بەتایبەتی لە لایەنە کارگێڕی، دڵنیابوون لە بێلایەنی هێزە ئەمنییەکان، ئەوەش بەپێى راپۆرتەکە.
رۆژى یەکشەممە دەنگدانى تایبەت لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، رێژەى 82.52% ى دەنگدەران بەشدارى پڕۆسەکەیان کرد، لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای دهۆک یەکەمە بە ریژەی 98.19% و تێکڕا لە هەرێمی کوردستان رێژەی دەنگدانی تایبەت گەیشتووتە 98.09%.
بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 1.313.980 دەنگدەر کە مافی بەشداری کردنیان هەبووە لە دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 1.084.289 کەس بەشداریی پڕۆسەکەیان کردووە کە دەکاتە رێژەی 82.52%.
لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، تێکڕا 98.09%ـی ئەو دەنگدەرانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشداریی پڕۆسەکەیان کردووە، بەمشێوەیە:
دهۆک، لە کۆی 56.430 دەنگدەری تایبەت، 55.411 کەس بەشداریی دەنگدانیان کردووە کە دەکاتە رێژەی 98.19% بەوەش بەرزترین ئاستی لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی 108.344 دەنگدەری تایبەت، 106.350دەنگدەر بەشداریی پڕۆسەکەیان کردووە کە دەکاتە رێژەی 98.16% کە دووەمە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە پارێزگای هەولێر لە کۆی 111.839 دەنگدەری تایبەت، 109.508 دەنگدەر بەشداریی پڕۆسەکەیان کردووە کە دەکاتە رێژەی 97.92% سێیەم لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین دەنگدەر لە سنوری پارێزگای نەجەف بەشدارییان کردووە، لە کۆی 29.037 دەنگدەر، 20.908 دەنگدەر بەشداریی پڕۆسەکەیان کردووە کە دەکاتە رێژەی 72%.
