ئەلمۆنیتەر: پرۆسەی ئاشتی تورکیا و ناکۆکییەکانی ‌هەسەدە و دیمەشق؛ گرێیەک تەنها ترەمپ توانای کردنەوەی هەیە

#رۆژئاوای کوردستان#هەسەدە#پرۆسەی ئاشتی#سوریا#ترەمپ#تورکیا#ئەمەریکا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی کاتی سوریا لەسەر پێگەی داهاتووی هەسەدە، هەردوو پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیا و پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدەی لەگەڵ سوپای سوریا راگرتووە، چونکە ئەو دوو پرۆسەیە پێکەوە گرێدراون
  • گرتنی پرۆسەیەک کاریگەریی لەسەر راگرتنی ئەوەی دیکە هەیە، هەروەها بەرەپێشچوون لە یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوەی دیکەیان هەیە. لە روانگەی ئەنقەرەوە، دەبێت سەرەتا ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق چارەسەربکرێن
Primary Asset

ترەمپ و شەرع لە کۆشكی سپی

سبەی

دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ئازاری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئیمرالی دەستپێکرد. ئامانجی ئەردۆغان روون بوو: تێکدانی هاپەیمانێتی نێوان پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بوو، ئامانجەکەی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەم پارتی بوو بۆ گەرەنتیکردنی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی. 

دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئۆجەلان-ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی پرۆسەی ئاشتی بەدوادا هات و ئۆجەلان داوای چەکدانانی پەکەکە دەکات، ئەردۆغان و باخچەلیش داوای تورکیای بێ تیرۆر دەکەن، بەڵام پرۆسەکە راوەستاوە.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی، هۆکاری پشت راوەستانی پرۆسەی ئاشتی، رۆژئاوای کوردستانە.

سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، لە ماوەکانی رابردوودا، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، "رۆژئاوای کوردستان هێڵی سورە" و داواکردنی چەکدانانی هەسەدە و سازشکردن لەسەر مافەکانی رۆژئاوای کوردستانی رەتکردەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، دیدگای ئەردۆغانیش سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، نەگۆڕە و رازینابێت بە کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی پشت خاوبوونەوەی پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا.

وەک لە راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، رەتکردنەوەی رۆژئاوای کوردستان بە داوایەکی ئەردۆغان لە 2015 بۆ شەڕکردن شانبەشانی گرووپە چەکدارە سونییەکانی سوریا لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد، یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت شکستپێهانی پرۆسەی ئاشتی پێشتری نێوان پەکەکە و تورکیا و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بوو دژی پەکەکە و رۆژئاوای کوردستان.

وەک لە راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی کاتی سوریا لەسەر پێگەی داهاتووی هەسەدە، هەردوو پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیا و پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدەی لەگەڵ سوپای سوریا راگرتووە، چونکە ئەو دوو پرۆسەیە پێکەوە گرێدراون، راگرتنی پرۆسەیەک کاریگەریی لەسەر راگرتنی ئەوەی دیکە هەیە، هەروەها بەرەپێشچوون لە یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوەی دیکەیان هەیە. لە روانگەی ئەنقەرەوە، دەبێت سەرەتا ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق چارەسەربکرێن، بەڵام تورکیا بە پێدانی هیچ مافێک بە رۆژئاوای کوردستان رازی نابێت، بەپێی ئەلمۆنیتەر.

ئەلمۆنیتەر نووسیویەتی: لەگەڵ بەردەوامی چەقبەستوویی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا، مەترسییەکان لەسەر شکانی ئاگربەست لە نێوان تورکیا و پەکەکە، هەروەها هەسەدە و سوپای سوریا زیاتر دەبێت.

جگە لە ناکۆکییەکان لەگەڵ تورکیا، ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەم رۆژئاوای کوردستان، دیدگای سوریای نوێیە سەبارەت بە هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە)، دیمەشق داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و چوونی شەڕڤانانییان یەک یەک، نەک بە شێوەی یەکە بۆ ناو سوپای سوریا دەکات.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، بۆ هەردوو لایەنی کوردی و دیمەشق، تاکە هێز توانای هەبێت گرێی ناکۆکییەکان بکاتەوە، ئەمەریکایە.

سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، بۆ کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ئامادەیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هیوایەکی بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان گەڕاندووەتەوە، بەپێی ئەلمۆنیتەر.

دوای کۆبوونەوەکانی واشنتن، وەک لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە نوسیویەتی: "سوپاس بۆ سەرۆک ترەمپ بۆ سەرکردایەتییەکەی بۆ سوریا بە پێدانی هەلێک بە سورییەکان بۆ مەزنی،" دواتر ئاماژە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان خۆی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا دەکات و نوسیویەتی: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ تۆم باراک ئەنجامدا و لەسەر دەرەنجامی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک شەرع و پابەندبوونمان بە خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سوریا تاوتوێ کرد."

لەلایەکی دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لەبارەی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمەریکا و کۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک و گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد: خاڵێکی گەورەی وەرچەرخان لە مێژووی نویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات، سوریا لە وڵاتێکی دابڕاوەوە دەبێتە هاوبەش و هەنگاوی دووەمیش هەڵگرتنی سزای قەیسەرە لەسەر سوریا.

باراک رایگەیاندووە: قۆناغی داهاتوو هەماهەنگی سێ لایەنەی ئەمەریکا، تورکیا و سوریایە، لە کۆبونەوەی نێوان مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، نەخشەڕێگایەکی نوێیان داناوە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیمورکات لە پەیکەرەی ئابوری، بەرگری و شارستانی سوریای نوێ.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی