
سبەى
لە جەمسەری باشووری گۆی زەوی سەهۆڵبەندانێکی تەمەن شەش ملیۆن ساڵ دۆزرایەوە، کە گۆڕانکارییەکانى دۆخى کەشوهەوا بە درێژایی سەدەکان ئاشکرادەکات. زانایانی بواری ژینگە هیوادارن لە رێگەی دۆزینەوەکەوە بەتەواوەتی لە ئاستی پلەی گەرمی زەریاکان لەو ماوە درێژەدا تێبگەن.
تیمێکی ئەمەریکی سەهۆڵبەندانێکیان لە رۆژهەڵاتی جەمسەری باشوری گۆی زەوی دۆزییەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی شەش ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. ئەم سەهۆڵە بڵقی هەوای پارێزراوی تێدایە، کە تایبەتمەندییەکانی کەشوهەوای کۆنی زەوی ئاشکرا دەکات و داتای دەگمەن لەسەر پەرەسەندنی کەشوهەوا لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا دەخاتەڕوو. ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Proceedings of the National Academy of Sciences بڵاوکراوەتەوە.
بڵقی هەوا رابردووی زەوی ئاشکرا دەکات
ئەو نمونانەی توێژەران لە ناوچەی ئالان هیڵز لە جەمسەری باشوور دۆزیویانەتەوە، بڵقی هەوای بچووکی تێدایە کە ملیۆنان ساڵە پارێزراون. ئەم بڵقانە وێنەیەکی دەگمەنی هەوای زەوی دەپارێزن، لە سەردەمێکدا کە هەسارەکە زۆر گەرمتر بووە و ئاستی دەریاکان بەرزتر بووە. ئەمەش رێگە دەدات بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە گۆڕانی کەشوهەوای سروشتی بە درێژایی سەردەمە جیۆلۆجیيەکان.
سارا شاکلتۆن لە دامەزراوەی ئۆقیانووسناسی وۆدز هۆڵ دەڵێت، سەهۆڵبەندانەکە وەک ئامێری گەڕانەوەی کاتە، کە زاناکان دەباتەوە بۆ رابردووی زەوی.
تەکنیکێکی ورد بە بەکارهێنانی گازی ئارگۆن
توێژەران پێوانەکردنی گازی ئارگۆن بەکاردەهێنن بۆئەوەی مێژووی سەهۆڵەکە بە وردبینییەکی زۆرەوە دیاری بکەن، چونکە پشت بە ماددەکانی ناو سەهۆڵەکە خۆی دەبەستێت. پێوانەکردنەکەش دەریخستووە کە ناوچەکە وردە وردە بە نزیکەی 12 پلەی سەدی لە ماوەی شەش ملیۆن ساڵدا سارد بووەتەوە.
هەنگاوەکانی داهاتوو
تیمە ئەمەریکییەکە خۆی ئامادە دەکات لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ ناوچەی ئالان هیڵز بگەڕێتەوە، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە توێژینەوەکەیان و دەستکەوتنی تۆماری وردتری کەشوهەوا. هەروەها سەنتەرەکە پلانی هەیە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2031 توێژینەوەیەکی بەرفراوانتر ئەنجام بدات لەسەر سەهۆڵبەندانەکانی جەمسەری باشوور.
