
جیاکردنەوەی دەنگەکان
سبەی
وتەبێژی فەرمی بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاندووە 101 سكاڵایان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست گەیشتووە كە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو.
كاتژمێر حەوتی سەر لەبەیانی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی هات، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، نزیكەی 30 ملیۆن عێراقی لەكۆی 46 ملیۆن مافی بەشداریكردنیان هەبوو لە هەڵبژاردن و نزیكەی نۆ ملیۆن كەسیان بێبەش بوون بەو پێیەی تۆمارەكانیان نوێنەكردبووەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سكاڵاكان 44 یان لە دەنگدانی تایبەت بوون كە بۆ هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان و ئاوارەكان بوو، 57 سكاڵاش لە دەنگدانی گشتیی بووە.
وتەبێژەكەی كۆمسیۆن جەخت دەكاتەوە "ئەو سكاڵایانە لەلایەن كۆمسیۆنەوە پۆلێن دەكرێن".
لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێویستە ئەو سكاڵایانە جیا بكاتەوە، هەروەها ئاستی مەترسیدارییان دیاری بكات دوای ئەوەی پۆلێن كران بۆ سكاڵا و تانە و رەنگی سەوز و زەردیان لێدرا.ئەو جۆرە سكاڵایانەش كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت بەوپێیەی پەیوەندی بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە، جا لە دەرەوەی بنكەكانی دەنگدان بێت یاخود ناو بنكەكانی دەنگدان.
بەڵام ئەگەر سكاڵا و تانەكان سور بن و رەوا بن، پێویستە كۆمسیۆن دووبارە ژماردنەوە بۆ كارتی دەنگدان بكاتەوە لەو ناوچە جوگرافییەی دەنگەكەی تێدا دراوە، ئەوكات لە ئەگەری دروستبوونی سكاڵاكە كاریگەری لەسەر ئەنجام دەبێت.
چاوەڕوان دەكرێت ئەو سكاڵا و تانانە بەپێی مەترسیدارییان جیا بكرێنەوە، ئەوكات لەلایەن لایەنە دادوەرییەكانەوە لەماوەی 10 رۆژدا یەكلایی دەكرێنەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و كۆتاییهاتنی ماوەی وەرگرتنی تانە و سكاڵاكان، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەكان پەسند دەكات. دوای ئەوە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لە دانیشتنەكەدا پەرلەمانتاران سوێندی دەستوری دەخۆن و دواتر دەست بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی دەكرێت.
بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە ساڵی 2005ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ كورد دەبێت.
