کلیلی تەمەن درێژی دۆزرایەوە؛ رەنگە لە داهاتوودا مرۆڤ بتوانێت سەدان ساڵ بژی

#تەمەن درێژی#مرۆڤ
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • کلیلی تەمەن درێژی دۆزرایەوە، کە لە DNA و پرۆتینی CIRBP دایە، رەنگە لە داهاتوودا مرۆڤ بتوانێت سەدان ساڵ بە تەندروستییەکی باشەوە بژی. هاوکات پرۆفیسۆرێک دەڵێت خۆشۆردن بە ئاوی سارد و بەرکەوتن بە کەشی سارد، تەمەن درێژدەکاتەوە.
Primary Asset

سبەى

کلیلی تەمەن درێژی دۆزرایەوە، کە لە DNA و پرۆتینی CIRBP دایە، رەنگە لە داهاتوودا مرۆڤ بتوانێت سەدان ساڵ بە تەندروستییەکی باشەوە بژی. هاوکات پرۆفیسۆرێک دەڵێت خۆشۆردن بە ئاوی سارد و بەرکەوتن بە کەشی سارد، تەمەن درێژدەکاتەوە. 

زانایان نهێنییەکیان لە DNA و جۆرێکی پرۆتین دۆزیەوە، کە پەیوەستە بە تەمەن درێژییەوە و بەدەستکاریکردنیان رەنگە سەدان ساڵ ژیان بە مرۆڤ ببەخشن.  

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی بڵاویکراوەتەوە، دۆزینەوەیەکی زانستی سەرسوڕهێنەری راگەیاندووە، کە دەبێتە کلیلی درێژکردنەوەی تەمەنی مرۆڤ، نەک بۆ چەند سالێک، بەڵکو بۆ سەدان ساڵ. زانایان لە رێگای دۆزینەوە گرنگەکەیانەوە، لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری تەمەن درێژی نەهەنگەکان کردووە، کە بە گشتی زیاتر لە 200 ساڵ دەژین.   بۆیان دەرکەوتووە، پرۆتینی CIRBP یارمەتی ئەم بوونەوەرە 80 تۆنە دەدات بۆ چاککردنەوەی تێکچوونی DNA. ئەم میکانیزمەش تەمەنی نەهەنگەکان درێژدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگرییەکی باشیان لە دژی نەخۆشییەکان پێدەبەخشێت، بە تایبەتی شێرپەنجە. 

کاتێک زانایانی زانکۆی رۆچێستەری نیویۆرک ئەم پڕۆتینە بەهێزەیان دەستنیشانکرد، بۆ خانەکانی مرۆڤیان زیادکرد و لە ئاکامدا گەیشتن بە ئەنجامێکی سورسوڕهێنەر، ئەویش ئەوەیە کە خانەکان بەشێوەیەکی  کاراتر خۆیان چاک دەکردەوە. هاوکات تاقیکردنەوەکەیان لەسەر مێشوولە ئەنجامدا و لەکۆتایدا بۆیان دەرکەوت، کە تەمەنیان درێژبووەتەوە.

تیمی زانکۆکە بەسەرکردایەتی ڤێرا گۆربونۆڤا بە کارکردن لەگەڵ زانایان لە ئەلاسکا، ئەوەیان بۆ ئاشکرابووە، لە پلەی گەرمی نزم رێژەی پرۆتینی CIRBP بەرز دەبێتەوە، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تەمەن درێژیدا هەیە.

لەو روانگەیەوە ڤێرا گۆربونۆڤا پێشنیازی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا دەکات، ئەویش لە پێناوی بەرزکردنەوەی پرۆتینی CIRBP، وەکو بەرکەوتن بە کەشی سارد یان خۆشۆردن بە ئاوی سارد.

ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت، لە رێگەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر نەهەنگەکان، میکانیزمی بەرزبوونەوە ناوازەکەی پرۆتینی CIRBP بەتەواوەتی دەدۆزینەوە، بەڵام پێویستیمان بە رێگایەکە بۆ بەرزکردنەوەی پرۆتینەکە لە مرۆڤدا، هاوشێوەی نەهەنگەکان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی