شەش خولى هەڵبژاردن و هەشت کابینە؛ چیرۆکى حکومەتەکانى عێراق لە عەلاوییەوە بۆ سودانى

#عێراق#هەڵبژاردن#حکومەت
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 عێراق شەش خولى هەڵبژاردنى بەخۆوە بینیوە
  • عێراق لە ساڵى 2005 ەوە تا ئێستا هەشت کابینەى حکومەتى بەخۆوە بینیوە
  • نورى مالیکى تاکە سەرۆک وەزیرانە کە دوو خول لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە
Primary Asset

سبەى

لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 و گۆڕینى سیستمى حوکم بۆ پەرلەمانى، عێراق شەش خولى هەڵبژاردنى بەخۆوە بینیوە لەگەڵ هەشت کابینەى حکومەت، هەروەها سەرۆک وەزیرانێک بۆ ماوەى دوو خول لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.

ئەیاد عەلاوى یەکەم سەرۆک وەزیرانى حکومەتى کاتى دواى روخانى رژێمى سەدام بوو لە حوزەیرانى 2004 تا نیسانى 2005، پێش ئەوەى یەکەم هەڵبژاردنى گشتى لە 30 کانونى دووەمى 2005 بەڕێوەبچێت بۆ پێکهێنانى ئەنجومەنى نیشتمانى راگوزەر.

لەدواى ئەو هەڵبژاردنەوە ئەنجومەنى نیشتمانى جەلال تاڵەبانى بەسەرۆک کۆمار و ئیبراهیم جەعفەرى بەسەرۆک وەزیران هەڵبژارد، بەوەش جەعفەرى بووە یەکەم سەرۆک وەزیرانى هەڵبژێردراو.

مانەوەى جەعفەرى زۆرى نەخایاند و لەژێر فشار و ناڕەزایی توندى کورد و سوننە دواى ساڵێک و مانگێک لە دیاریکردنى بۆ ئەو پۆستە دەستبەردارى پۆستەکەى بوو.

کابینەى 2006

دواى دەنگدان لەسەر دەستور، لەکۆتایی ساڵى 2005 هەڵبژاردنى گشتى لە عێراق بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنى یەکەم پەرلەمانى دواى روخانى رژێمى سەدام و پێکهێنانى یەکەم حکومەتى عێراقى بۆ چوار ساڵى تەواو.

ساڵی 2006 نوری مالیکی لە هاوپەیمانی عێراقى یەکگرتوو (128 کورسی) وەک سەرۆک وەزیران دیاریکرا و مەحمود مەشهەدانی لە بەرەی تەوافوقى عێراقی وەک سەرۆکی پەرلەمان و جەلال تاڵەبانی لە هاوپەیمانی کوردستانی وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردران.

کابینەى 2010

لە 7ی ئازاری 2010 خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچوو. لایەنەکان بۆ دروستکردنی حکومەتێکی نوێ چوونە ناو قۆناغێکی درێژخایەنی دانوستانەوە.

ئەنجامى هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنى لیستى عێراقییەى بەسەرۆکایەتى ئەیاد عەلاوى نیشاندا کە 90 کورسى بەدەستهێنا، بەڵام نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا دانى بە ئەنجامەکەدا نەنا بەپاساوى ئەنجامدانى ساختەکاریی.

دواى بەردەوامى کێشمەکێشەکان لەو بارەیەوە، دادگاى فیدراڵى عێراق بە شیکردنەوەیەکى نوێی دەستور لەبارەى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانییەوە، دەرگاى پێکهێنانى کابینەى نوێی لە عەلاوى داخست، بەو پێیەى شیکردنەوەکە دەریدەخات کە گەورەترین کوتلە ئەو کوتلەیە نییە کە زۆرترین کورسی هێناوە، بەڵکو دواى هەڵبژاردنیش لایەنەکان دەتوانن لە رێگەى هاوپەیمانییەوە گەورەترین کوتلە پێکبهێنن.

بەو پێیە، نورى مالیکى دەرگاى بۆ ویلایەتى دووەمى سەرۆک وەزیران بۆ کرایەوە، کاتێک دواى هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکیان لەژێر چەترى هاوپەیمانى نیشتمانى بەسەرۆکایەتى ئیبراهیم جەعفەرى پێکهێنا و بە 156 کورسی بوونە زۆرینە.

لەو خولەدا هەروەها جەلال تاڵەبانى بەسەرۆک کۆمار و ئوسامە نوجێفى بەسەرۆکى پەرلەمان دیاریکران.

کابینەى 2014

لە هەڵبژاردنى ساڵى 2014، هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا 99 کورسی بەدەستهێنا و دواتر لیستە شیعییەکان لەژێر ناوى هاوپەیمانى نیشتیمانیدا یەکیانگرت و بوونە خاوەنى 170 کورسی پەرلەمان.

هاوپەیمانێتییەکە حەیدەر عەبادى بۆ سەرۆک وەزیران دیاریکرد، هەروەها سەلیم جبورى کرایە سەرۆکى پەرلەمان لەسەر لیستى حزبى ئیسلامى عێراقى، فوئاد مەعسومیش لەسەر پشکى یەکێتى بووە سەرۆک کۆمار.

کابینەى 2018

ئەنجامى هەڵبژاردنى 2018 دۆخێکى نوێی بەسەر گۆڕەپانى سیاسی عێراقدا سەپاند، بەو پێیەى حزبى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر بووە خاوەنى 51 کورسی و هاوپەیمانى فەتحى هادى عامرى 43 کورسی و هاوپەیمانى نەسرى عەبادى 38 کورسی و دەوڵەتى یاسا 22 کورسییان بەدەستهێنا.

هەریەکە لە هاوپەیمانى بینا و کوتلەى ئیسڵاح کە رەوتى حیکمە و سائیرون و نەسرى لەخۆدەگرت لەرێگەى تەوافوق لەگەڵ لایەنەکانى دیکە عادل عەبدولمەهدییان بۆ سەرۆک وەزیران دیاریکرد.

هەروەها محەمەد حەلبوسى لە هاوپەیمانى میحوەرى نیشتمانى بەسەرۆکى پەرلەمان و بەرهەم ساڵح لە پشکى یەکێتى بەسەرۆک کۆمار دیاریکران.

ساڵى 2020 دواى دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونى و بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە، عادل عەبدولمەهدى دەستى لەکارکێشایەوە و لایەنەکان مستەفا کازمیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد و کابینەیەکى نوێی پێکهێنا.

کابینەى 2022

ساڵى 2021 هەڵبژاردنى پێشوەختە بەڕێوەچوو، ئەوەش لەسەر داواکارى خۆپیشاندەرانى تشرین و رەوتى سەدر 73 کورسی بەدەستهێنا و بە رێژەیەکى زۆر بەسەر رکەبەرەکانیدا سەرکەوت.

سەدر هەوڵیدا لەرێگەى هاوپەیمانى سێ قۆڵییەوە لەگەڵ بارزانى و حەلبوسى حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام لایەنە شیعییەکان رێگرییان لێکرد، ئەوەش پشێوى لێکەوتەوە و بە روبەڕووبونەوەیەکى خوێناوى لەدەروازەکانى ناوچەى سەوز کۆتایی هات.

دواتر سەدر لە پڕۆسەى سیاسی کشایەوە، ئەوەش رێگەى بۆ لایەنە شیعییەکان کردەوە کە هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگى پێکبهێنن و ببنە خاوەنى نزیکەى 90 کورسی.

دواى ساڵێک لە بنبەستى سیاسی چوارچێوە محەمەد شیاع سودانى بۆ سەرۆک وەزیران کاندیدکرد، حەلبوسی لە پشکى سوننە بەسەرۆکى پەرلەمان و لەتیف رەشیدیش لە پشکى یەکێتى بەسەرۆک کۆمار دیاریکران.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی