زیادبوونى و دەنگ و لەدەستدانى کورسى؛ هۆکارەکانى پشت کەمبوونەوەى کورسییەکانى کورد لە کەرکوک

#کەرکوک#هەڵبژاردن#کورد#عەرەب#تورکمان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن دەریدەخات کورد لەو پارێزگایە پێنج کورسی بەدەستهێناوە، چوار کورسی یەکێتى و کورسییەکى پارتى، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنى رابردوو کورد خاوەنى شەش کورسی بوو، لەبەرانبەردا پێکهاتەى عەرەب کورسییەکانى گەیاندە پێنج کورسی، لەکاتێکدا پێشتر خاوەنى چوار کورسی بوو. هەروەها تورکمانەکان دوو کورسی بەدەستهێنا.
Primary Asset

بازنەى پارێزگاى کەرکوک 13 کورسی لە خۆ دەگرێت کە سیانیان بۆ کۆتای ژنان و یەکێکیان بۆ پێکهاتەى مەسیحى تەرخانکراوە

سبەى-هانا مەحمود

ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کەمبوونەوەى ژمارەى کورسییەکانى کوردى لە کەرکوک لەبەرژەوەندى پێکهاتەى عەرەب دەرخست، کە کورد بە فرە لیستى بەشدارى تێدا کرد، ئەوەش کاردانەوەى جیاجیاى لێکەوتووەتەوە.

لە بازنەى کەرکوک، لایەنە کوردییەکان بەسەر بە پێنج لیستدا دابەشبوون، پارتى و یەکێتى و نەوەى نوێ و سۆسیالیست و بەرەى گەل.

ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن دەریدەخات کورد لەو پارێزگایە پێنج کورسی بەدەستهێناوە، چوار کورسی یەکێتى و کورسییەکى پارتى، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنى رابردوو کورد خاوەنى شەش کورسی بوو، لەبەرانبەردا پێکهاتەى عەرەب کورسییەکانى گەیاندە پێنج کورسی، لەکاتێکدا پێشتر خاوەنى چوار کورسی بوو. هەروەها تورکمانەکان دوو کورسی بەدەستهێنا.

"سبەى" لە شیکارییەکدا کە پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن بڵاویکردەوە، پێشبینى کردبوو بەهۆى فرەلیستییەوە کورد کورسییەکانى روو لە کەمبوونەوە بکات.

بەپێی شیکارییەکە، کە پشتى بە بنەماى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە لە ساڵى 2023 بەستبوو، ئەگەر هێزە کوردییەکان بەیەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بکردایە، ئەوا 6 کورسییان مسۆگەر دەکرد و ئەگەری بردنەوەى کورسی حەوتەمیش هەبوو، بەڵام بەشداریکردنیان بە لیسی جیا، لیستە کوردییەکان بە کۆى گشتى 5 کورسی ئەو پارێزگایە بەدەست دەهێنن.

کەمبوونەوەى کورسییەکانى کورد لە کەرکوک کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە، یەکێتى کە زۆرترین کورسییەکانى کوردى بەدەستهێناوە ئەنجامەکە بەسەرکەوتن دادەنێت، لەکاتێکدا پارتى بڕیاریدا هەموو چالاکییەک رابگرێت.

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، دەنگ و کورسییەکانى حزبەکەى زیادیکردووە، ئەوەشى بەسەرکەوتن ناوبردووە.

بەڵام شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشکى پارتى لەراگەیەنراوێکدا راگرتنى هەموو ئاهەنگ و چالاکییەکى حزبەکەى لە كەركوك راگەیاند، بەهۆی لەدەستدانی کورسییەکی کورد و حزبەکەیەوە.

دەشڵێت "لەماوەی ڕابردوو باسمان لە مەترسی لەدەستدانی کورسی شەشەمی کورد دەکرد و دەمانوت پێکهاتەی عەرەب بەشداری کارایان دەبێت و پێویست دەکات سەرجەم کەرکوکییەکان بگەڕێنەوەو کەرکوک و بەرنامەی چڕیش بۆ ئەو بابەتە دابنرێت، بەڵام بەداخەوە کاری جدی و ئاسانکاری نەکرا بۆ ئەو بابەتە و ئەوەتا بەداخەوە بەهۆی کەمتر لە پێنج هەزار دەنگ کورسی دووەمی پارتی و کورسی شەشەمی کورد لەدەست درا، دڵنیام ئەم بابەتە بەبێ لێکۆڵینەوە لێپرسینەوە تێناپەڕێت" .

بازنەى پارێزگاى کەرکوک 13 کورسی لە خۆ دەگرێت، کە سیانیان بۆ کۆتای ژنان و یەکێکیان بۆ پێکهاتەى مەسیحى تەرخانکراوە.

سەعید کاکەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆن هۆکارى کەمبوونەوەى کورسییەکانى کورد لە کەرکوک دەخاتە ئەستۆى پارتى و یەکێتى و لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتى کۆی دەنگەکانی نەوەی نوێ و بەرەی گەل و حزبی سۆسیالیست (14,813) دەنگن و ھیچ سوودێکیان بۆ زیادکردنی کورسییەکان نەدەبوو.

رونیشیکردووەتەوە، بۆ نمونە حزبی سۆسیالیست حزبێکی بەرھەڵستکاری یەکێتی نییە و دەکرا یەکێتى دەنگە زیادەکانی ببەخشێتە ئەو حزبە. بەڵام لەبری ئەو کارە چووە ڕێبوار تەھای کاندید و پارێزگای کەرکوكی کردووە بە کاندیدی بەدەستھێنەری زۆرترین دەنگ لە عێراقدا.

بەوتەى کاکەیی، ھەر بە ھەمان شێوەی یەکێتی، پارتی ئەو "ھەڵە ستراتییژییەی" دوبارە کردووەتەوە. ئەگینا لەبری کاندیدکردنی دوو کەسی رکابەری یەکتر لەناو لیستی پارتی کە بوونە ھۆی سوتاندنی (24,415) دەنگ، دەیتوانی دەنگە زیادەکانی خۆی ببەخشێتە کاندیدێکی ژن یان کاندیدى لایەنێکى دیکەى کورد.

لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا لە کەرکوک کە رێژەى دەنگدان 64.12% بوو، لایەنە کوردییەکان بەگشتى زیاتر لە 252 هەزار و 700 دەنگیان بەدەستهێنا، کە نزیکەى 80 هەزار زیاتر بوو لە هەڵبژاردنى پێشوو، بەڵام سەربارى ئەوە کورسییەکیان لەدەستدا.

فەهمى بورهان سەرۆکى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم پێیوایە، کورد لە کەرکوک زۆرینەی لە دەستنەداوە بەڵکو ئەو کورسییەی بە دەستنەهێناوە کە دەبوو بە دەستیبهێنێت، کە بەهۆى بوونى لیستە بچوکەکانەوە کورسییەک بە 5 بۆ 6 هەزار دەنگ لەدەستدرا، سەربارى ئەوەى دەبوو رێژەى بەشداریکردن زیاتربێت لەو رێژەیەى بەشداریکرد.

فەرهمى بورهان بۆ "سبەى" وتى "لە ڕاستیدا مەترسی گەورە نابینم چونکە کێشەی ئەو ناوچانە بە کورسی یەکلا نابێتەوە بەڵکو بەدەنگی هاوڵاتی یەکلا دەبێتەوە، چونکە مادەی 140ی دەستور بنەماکەى بریتییە لە ڕاپرسی".

پێشیوایە کورد دەبێت لە رووى هەڵبژاردنەوە تەکنیکی تر پەیڕەو بکات و پێویستە ڕێژەیەکی زیاترى خەڵکیش بەشداری هەڵبژاردن بکەن لە داهاتوودا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی