قەرەبووی یەك ملیار دۆلاری نادات؛ بی بی سی: داوای لێبوردن لە ترەمپ دەكەین

#بی بی سی#ترەمپ#ئەمەریکا#بەریتانیا
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بی بی سی داوای لێبوردنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، بەهۆی ئەوەی لە فیلمێكی دیكۆمێنتاریدا بەشێك لە قسەكانی لابراوە و تەنها بەشێك لە وتارەكەی بڵاوكراوەتەوە، هاوكات بی بی سی داواكاریی پارێزەرەكانی ترەمپ بۆ قەرەبووكردنەوەی یەك ملیار دۆلاری رەتكردەوە، جەخت دەكەنەوە لەوەی ئەو كارە بە مەبەست نەكراوە و ئامانجیان ناوزڕاندنی دۆناڵد ترەمپ نەبووە.
  • چیرۆكی بی بی سی و دۆناڵد ترەمپ هەفتەی رابردوو دەستی پێكرد، كاتێك رۆژنامەی تێلیگراف رۆژی پێنجشەممە 13ی ئەم مانگە لە راپۆرتێكدا یاداشتێكی دزەپێكراوی ئاشكرا كرد، كە تیایدا رەخنە لە فیلمێكی دیكۆمێنتاریی بی بی سی لە بەرنامەی پانۆراما و شێوازی دەستكاریكردنی وتارەكەی ترەمپ كە لە مانگی یەكی ساڵی 2021 و رۆژی هێرشەكەی سەر كۆنگرێسی ئەمەریكا گیراوە.
Primary Asset

سبەی

بی بی سی داوای لێبوردنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، بەهۆی ئەوەی لە فیلمێكی دیكۆمێنتاریدا بەشێك لە قسەكانی لابراوە و تەنها بەشێك لە وتارەكەی بڵاوكراوەتەوە، هاوكات بی بی سی داواكاریی پارێزەرەكانی ترەمپ بۆ قەرەبووكردنەوەی یەك ملیار دۆلاری رەتكردەوە، جەخت دەكەنەوە لەوەی ئەو كارە بە مەبەست نەكراوە و ئامانجیان ناوزڕاندنی دۆناڵد ترەمپ نەبووە.

دوابەدوای ئەوەی ئاشكرا بوو لە بەڵگە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریدا بەشێك لە وتاری دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2021 و لە كاتی هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر كۆنگرێسی ئەمەریكا بردراوە و تەنها بەشێك لە قسەكانتی بڵاوكراوەتەوە، بی بی سی لە راگەیەنراوێكدا داوای لێبوردنی لە سەرۆكی ئەمەریكا كرد، بەڵام جەختیشیان لەوە كردەوە داواكارییەكان بۆ قەرەبووكردنەوە قبوڵ ناكەن.

چیتر فیلمە دیكۆمێنتارییەكە بڵاوناكەنەوە

هەروەها بی بی سی رایگەیاندووە، چیتر فیلمە دیكۆمێنتارییەكە بڵاوناكەنەوە، هاوكات بە توندی ئەو تۆمەتانەی كە گوایە دەرهێنەری دۆكیۆمێنتارییەكە بە ئامانج ئەو كارەی كردووە و بێ لایەنی نەپاراستووە رەتدەكەنەوە.

لای خۆشیەوە پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەیان كردووە كە سكاڵا لەسەر بی بی سی تۆمار دەكەن و داوای قەرەبووی یەك ملیار دۆلاری دەكەن، مەگەر بی بی سی دەستبەجێ روونكردنەوەیەك سەبارەت بە دۆكیۆمێنتارییەكە بڵاوبكاتەوە و بەشێوەی فەرمی داوای لێبوردن بكات و بە شێوەی گونجاو قەرەبووی دۆناڵد ترەمپ بكاتەوە.

لای خۆشیەوە وتەبێژی بی بی سی دەڵێت: پارێزەرانی بی بی سی لە نامەیەكدا داوای لێبوردنیان لە دۆناڵد ترەمپ كردووە لە كاردانەوە بەو داواكارییانەی كە  تیمی پارێزەرانی سەرۆكی ئەمەریكا بڵاویانكردووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا سەمیر شا، سەرۆكی بی بی سی لە نامەیەكی جیادا بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رونیكردەوە خۆی و بی بی سی پەشیمانن لە شێوازی مۆنتاژكردنی وتارەكەی ترەمپ كە لە بەرنامەی پانۆراما بڵاوكراوەتەوە.

سەرۆكی بی بی سی راشیگەیاندووە "بی بی سی هیچ پلانێكی نییە بۆ دووبارە نمایشكردنی فیلمی دیكۆمێنتاریی ترەمپ: چانسێكی دوبارە؟' لە سەرجەم پلاتفۆرمەكانی بی بی سی دا."

هاوكات سەرەرای ئەوەی بی بی سی پەشیمانی قووڵی خۆی بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو دۆكیۆمێنتارییە دەربریوە، بەڵام بە توندی رەتیكردۆتەوە كە بەمەبەست و بۆ ناوزڕاندنی ترەمپ ئەو دۆكیۆمێنتارییە بڵاوكرابێتەوە.

بی بی سی تۆمەتبار دەكرێت بە مۆنتاژكردنی چەواشەكارانەی وتارەكانی ترەمپ

چیرۆكی بی بی سی و دۆناڵد ترەمپ هەفتەی رابردوو دەستی پێكرد، كاتێك رۆژنامەی تێلیگراف رۆژی پێنجشەممە 13ی ئەم مانگە لە راپۆرتێكدا یاداشتێكی دزەپێكراوی ئاشكرا كرد، كە تیایدا رەخنە لە فیلمێكی دیكۆمێنتاریی بی بی سی لە بەرنامەی پانۆراما و شێوازی دەستكاریكردنی وتارەكەی ترەمپ كە لە مانگی یەكی ساڵی 2021 و رۆژی هێرشەكەی سەر كۆنگرێسی ئەمەریكا گیراوە.

هاوكات رۆژنامەی تێلیگراف بڵاویكردەوە: لە ساڵی 2022دا ڤیدیۆیەكی هاوشێوە لە بەرنامەی "شەوی هەواڵ"ی بی بی سی بڵاوكراوەتەوە و لە هەمان كاتیشدا میوانێكی بەرنامەكە راستەوخۆ رەخنەی لە شێوازی مۆنتاژكردنی وتارەكە گرتووە.

وتەبێژی بی بی سی لە وەڵامی راپۆرتەكەی رۆژنامەی تێلیگراف رایگەیاند: "بی بی سی پابەندە بە بەرزترین ستانداردی رۆژنامەنووسی، ئێمە ئاگاداری ئەم بابەتەین و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەین".

دواتر بی بی سی لە راگەیەنراوێكدا داوای لێبوردنی كرد كە مۆنتاژی دۆكیۆمێنتارێك بووە بە هۆی ئەوەی كە هەڵسەنگاندنی هەڵەی سەبارەت بە سەرۆكی ئەمەریكا لێبكەوێتەوە، لە كارانەوەشدا تیم دەیڤی، بەڕێوەبەری گشتی و دیبرا تورانس، بەڕێوەبەری بی بی سی نیوز دەستیان لە كارەكانیان كێشایەوە و لایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە هەڕەشەی گرتنەبەری رێكاری یاساییان بەرامبەر كرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی