چارەنوسی دوو مووچە نادیارە؛ عێراق لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 مووچەی مانگی 9 بۆ هەرێم دەنێرێت

#مووچە#سودانی#عێراق#هەرێم
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بڕیارە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەك كە لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، پێش سەردانەكەش بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات، بەوەش مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە.
  • سەردانەكە لەكاتێكدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ناردنی مووچەی دوو مانگی ئەمساڵیانن. بەڵام بەپێی ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2025 نزیك دەبینەوە و حكومەتی عێراق هەموو جارێك لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە، چارەنوسی مووچەی مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ بە نادیاری دەمێنێتەوە
Primary Asset

سبەی

بڕیارە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەك كە لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، پێش سەردانەكەش بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات، بەوەش مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، رۆژی دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، پێش ئەوەش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە هەمان رۆژدا دەكرێت، واتە كۆبوونەوەكە رۆژێك پێش دەخرێت، لەكاتێكدا پێشتر كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی سێشەممە دەكرا.

سەردانەكەی سودانی بۆ بەشداریكردنە لە كۆڕبەندی "مێپس" كە لە دهۆك بەرێوەدەچێت، لەگەڵ سەردانەكەشیدا كە لە هەولێر دادەبەزێت لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

سەردانەكە بە یەكەم سەردانی سەرۆكی حكومەتی عێراق دادەنرێت دوای هەڵبژاردنی 11-11-2025 كە تیایدا لیستەكەی سودانی سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا و بووە یەكەم براوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە هەڵبژاردنەكەدا لیستەكەی سودانی "ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان" پلەی یەكەم و دواتریش لیستەكەی محەمەد حەلبوسی "تەقەدوم" پلەی دووەم و پاشانیش لیستەكەی نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئێستا لایەنە شیعەكان خاوەنی 187 پەرلەمانتارن، لایەنە سوننەكانیش 77 پەرلەمانتار، كوردیش 56 پەرلەمانتاری هەیە، بەوپێیەش سەردانی سودانی تەنها بۆ بەشداریكردن نییە لەو كۆڕبەندەی لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، بەڵكو جگە لە باسكردنی ئەو كێشانەی هێشتا لەنێوان هەولێر و بەغداد چارەسەرنەكراون كە دیارترینیان مووچەیە، پرسی پێكهێنانی حكومەت و دانیشتنی پەرلەمانیش لە پێشینەی باسەكانی سەردانەكە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" سودانی وەك نیازپاكییەك و هەوڵی نزیكبوونەوە لە لایەنە كوردییەكان بەوپێیەی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستی پێیان دەبێت، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی دووشەممەیە، بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام دابەشكردنەكەی هاوكات دەبێت لەگەڵ دەستپێكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق.

سەردانەكە لەكاتێكدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ناردنی مووچەی دوو مانگی ئەمساڵیانن. بەڵام بەپێی ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2025 نزیك دەبینەوە و حكومەتی عێراق هەموو جارێك لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە، چارەنوسی مووچەی مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ بە نادیاری دەمێنێتەوە.سەرەڕای ئەوەی رۆژی شەممە (27ـی ئەیلولی 2025)  هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتنی دەستیپێكردەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان، بەڵام ئەو رێككەوتنەش كێشەی مووچەی چارەسەر نەكرد.

هەر بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" بڕیارە لەگەڵ بڕیارەكەی سودانی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیار بدات بڕێك لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد بنێرێت، كە لە مانگەكانی رابردوودا 120 ملیار بووە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی