
ژنێکی ئۆکراینا بەبێ کارەبا شەو بەڕێدەکات
سبەی
سێ زستان بەسەر شەڕی روسیا و ئۆكراینا تێدەپەڕێت. سێ زستانی رابردوو ئۆكراینییەكان بارودۆخیان تاڕادەیەك باش بووە و خۆیان گونجاندووە لەگەڵ بێ کارەباییدا، بەڵام لە زستانی چوارەمدا، رەنگە بارودۆخەكە بۆ هاوڵاتییانی ئۆكراینا سەخت بێت، ئەوەش لەگەڵ بڕینی گەرمی لە ماڵەكانی ئۆكراینا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی، لە سێ زستانی رابردوودا، سوپای روسیا ئەگەر هێرشی بكردایەتە سەر وێستگەكانی كارەبای ئۆكراینا، ئۆكراینییەكان پاوەر بانكیان بەكاردەهێنا و منداڵەكان لە بەردەم تیشكی رووناككەرەوە بارگاوییەكان (لایتی شەحن) ئەركەكانی ماڵەوەیان ئەنجامدەدا، هەروەها بەشێكی دیكە لە هاوڵاتییانی ئۆكراینا روویان دەكردە مۆڵەكان بۆ بارگاوییكردنەوەی ئامێرەكانیان.
سەبارەت بە بارودۆخی سێ زستانی رابردوو، ژنێكی 37 ساڵان قسەی بۆ رۆژنامە ئەمەریكییەكە كردووە و دەڵێت: "كەم-تا-زۆر هەمووان لەگەڵ بارودۆخەكەدا راهاتوبوون" وەك ژنە ئۆكراینییەكە باسی لێوە دەكات، سەرەڕای نەبوونی كارەبا، بەڵام بەردەوامی هەبوونی غاز، هۆكاربووە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بۆ ئۆكراینییەكان زۆر قورس نەبێت، چونكە سەرەڕای هەموو قورسییەكان، بەهۆی غازەوە ماڵەكانیان بە گەرمی ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز، ئەم زستانە كە دەكاتە زستانی چوارەم جیاوازە، لەبەرئەوەی ستراتیژی جەنگی روسیا گۆڕاوە، چونكە لە ماوەكانی رابردوودا هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ژێرخانی غازی سروشتی ئۆكراینا زیاتر بووە.
بەهێرشی روسییەكان بۆ سەر ژێرخانی غازی سروشتی ئۆكراینا، هاوڵاتییانی ئۆكراینا گورزی كوشندەیان بەردەكەوێت، چونكە هۆكاری سەرەكی گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان و خواردن دروستكردنیان لە رێگەی غازی سروشتییەوەیە.
ژنێكی ئۆكراینی لەسەر بارودۆخی نەبوونی غازی سروشتی قسە بۆ نیویۆرك تایمز دەكات و دەڵێت: "ئەگەر پێشتر توانیبێتمان بەبێ كارەبا بژین، بەڵام ئێستا تەنانەت ناتوانم وێنای ئەوە بكەم بەبێ غازی سروشتی بژین."
وەك لە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمزدا هاتووە، دوای هێرشی لە ژمارە نەهاتووی روسیا بۆ سەر وێستگەكانی كارەبا و یەكەكانی نیشتەجێبوون، هێرشكردنە سەر ژێرخانی غازی سروشتی، بۆ ئۆكراینییەكان كابوسێكە كە دوای چەندین ساڵ لە بە ئامانجگرتنی ئۆكراینا، رەنگە ببێتە هۆی لەقكردنی باوەڕی خۆڕاگریی ئۆكراینییەكان.
لە هەفتەكانی رابردوودا، بەرپرسانی ئۆكراینا هۆشدارییاندا لەوەی ئۆكراینا پێدەنێتە نێو قورسترین زستانی خۆیەوە، چونكە غازی سروشتی سەرچاوەی گەرمی و خواردن دروستكردنی نزیكەی 80% ی خێزانەكانی ئۆكراینایە، بۆیە ئۆكراینییەكان داوای دۆزینەوەی رێگاچارەی بەپەلە دەكەن بۆ بارودۆخیان.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، روسیا خۆی لە هێرش بۆ سەر تۆڕەكانی غازی سروشتی ئۆكراینا بەدوور دەگرت، چونكە لە رێگەیەوە غازی سروشتی روسیا رەوانەی ئەوروپا دەكرا، بەڵام لە یەكی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئۆكراینا هەناردەی غازی سروشتی روسیای لە رێگەی وڵاتەكەیەوە راگرتووە، بۆیە روسیا دەستی كردووە بە بەئامانجگرتنی ژێرخانی غازی سروشتی ئۆكراینا.
